دی سانکتیس: لەپێناو چارەسەریدا دەبێت عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت

سکرتری نەتەوەیی یەکێتی پارتیزانانی ئیتالی فابریزیۆ دی سانکتیس رایگەیاند، بۆ ئەوەی رێبەر ئاپۆ بتوانێت لە چارەسەری پرسی کورددا رۆڵی خۆی بگێڕێت دەبێت ئازاد بکرێت و بتوانێت لەگەڵ هاوڕێ، ئەندامانی پارتەکەی و گەلەکەی لە دیالۆگدا بێت.

لە پشتیوانانی هەڵمەتی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری بۆ پرسی کورد' سکرتێری نەتەوەیی یەکێتی پارتیزانانی ئیتالیا (ANPI) کە سەدان هەزار ئەندامی هەیە، فابریزیۆ دی سانکتیس لەبارەی گۆشەگیری لە ئیمراڵی و پێشهاتەکانی ئەم دواییە وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی دایەوە.

ئەنجامدانی دیدار لە ئیمراڵی زۆر ئەرێنیە

سکرتێری نەتەوەیی ANPI فابریزیۆ دی سانکتیس ئەوەی خستەڕوو کە دیدار لە ئیمراڵی زۆر ئەرێنییە، بەڵام بەس نییە و بەدیلگیرانی رێبەر ئاپۆ بە دیلگرتنی تەواوی گەلی کورد و بەردەوامی ئەو دۆخە وەک بەربەستێکە لە بەردەم ئازادی سیاسی کوردان.

بە بێ رێبەر ئاپۆ پرسی کورد چارەسەر نابێت

دی سانکتیس ئەوەی خستەڕوو کە رێبەر ئاپۆ لە ناو چارەسەری پرسی کورددا نەبێت، ئەو پرسە چارەسەر نابێت و راشیگەیاند: "بە روانینی من ئەو دیدارەی ئەم دواییە دەتوانێت دەرچەیەکی بچوک بێت بۆ چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد لە تورکیا. بۆ چارەسەری پرسی کورد دەرفەتێکی گەورە لە ئارادایە، لە وەها دۆخێکدا سەرلەنوێ قەدەغەکردنەوەی دیدار لەگەڵ ئۆجالان دۆخێکی زۆر جددییە. روونە کە لە چوارچێوەی رێکارێکی نوێی گۆشەگیری ئەو بڕیارە دراوە و بۆ چەند مانگ قەدەغەی دیدار درێژکراوەتەوە. دوورخستنەوەی سێ سەرۆک شارەوانیە هەڵبژێردراوەکەش هەر لەو چوارچێوەدایە".  

پێویستی بە ئازایەتی و بوێری سیاسی هەیە

سکرتێری نەتەوەیی ANPI فابریزیۆ دی سانکتیس رایگەیاند، کە رێبەر ئاپۆ لە پەیامەکەیدا بۆ رای گشتی بە روونی نیشانیدابوو کە لایەنگری چارەسەری سیاسی پرسی کوردە و لایەنگری ئاشتییە و دەبێت رێگەی پێبدرێت رۆڵی سیاسی خۆی بگێرێت. "دەبێت لەپێناو گفتوگۆ لەسەر هەلومەرجی چارەسەری رێگە سیاسی و ئاشتیانەکانی پرسی کورد بانگهێشتی پەرلەمان بکرێت. رووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە سیاسیە و وتووێژ لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان کە نوێنەرایەتی ملیۆنان مرۆڤ دەکات، پێویستی بە ئازایەتی هەیە".

لەپێناو چارەسەریدا دەبێت ئازاد بکرێت

دی سانکتیس ئەوەشی خستەڕوو کە بۆ ئەوەی رێبەر ئاپۆ لە چارەسەری پرسی کورددا بتوانێت رۆڵی خۆی بگێڕێت، دەبێت بە شێویەکی جەستەیی ئازاد بکرێت و وتی، "ئۆجالان دەبێت وەک مرۆڤێکی ئازاد بتوانێت قسە بکات. بتوانێت بە شێوەیەکی ئازاد گفتوگۆ لەگەڵ هاوڕێیان، ئەندامانی پارتەکەی و گەلەکەی ئەنجام بدات. بۆ ئەوەی بتوانێت بەگوێرەی پێگەی سیاسی خۆی گفتوگۆ ئەنجام بدات، دەبێت هەموو کەرستە و ئامرازەکانی لەبەردەست بێت. بۆ ئەوەی بتوانێت رۆڵێکی راستەقینەی سیاسی بگێڕێت دەبێت ئازاد بکرێت".