لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە دژی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، لە بێرنی پایتەختی سویسرا بە پێشەنگایەتی رێکخراوەکانی گەنجانی شۆڕشگێڕ رێپێوانێک سازکرا.
کوردستانیان و گروپەکانی گەنجانی شۆڕشگێڕی تورکیا وشویسرا لە بانهۆفپلاتز کە وێستگەی شەمەندەفەری لێیە، کۆبوونەوە و بەر لە رێپێوانەکەیان راگەیەندراوێکیان خوێندەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوا و سوریا کرا.
ئەوەش خرایەڕوو، کە دەووڵەتی تورک دەیەوێت شۆڕشی رۆژئاوا لەناوببات و سوریا ناسەقامگیر بکات.
لە راگەیەندراوەکەدا لەسەر ناوی شۆڕشگێڕانی ئینترناسیۆناڵیست ئەوە خرایەڕوو، کە شۆڕشی رۆژئاوایان پێکەوە ئافراندووە و جەختیان کردەوە، "باج و تێچووەکەی چی دەبێت با ببێت، ئێمە لەگەڵ گەلی کورد شۆڕشی رۆژئاوا دەپارێزین".
لای خۆشیەوە وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی پەیەدە لە سویسرا گوڵستان سەعدون سەرنجی بۆ سەر راپۆرتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا پەیوەست بە هێرسەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر مەدەنییەکان راکێشا و داوای بەردەوامی پشتیوانییەکانی ئینترناسیۆناڵیستەکانی کرد.
هەر لە چالاکییەکەدا چەند پەیامێک لەلایەن پەرلەمانتاران و ناوەندەگرنگەکانی شارەکەوە خوێندرانەوە و داوا لە وڵاتان و بەتایبەتی سویسراکرا کە کۆتایی بە پشتیوانییەکانیان لە دەوڵەتی تورک بهێنن و رێککەوتنەکانیان لە بواری چەک و بازرگانی لەگەڵ ئەو دەوڵەتە هەڵبوەشێننەوە.
لە ناوەندی شارەکە نزیکەی کاتژمێر و نیوێک چالاکییەکە بەردەوام بوو، بە وتنەوە دروشمی جیاجیا هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک شەرمەزار کران.
لە گۆڕەپانی رەیتهەیل بەمەبەستی بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی سبەینێ لە باسێل و جنێڤ لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکان بانگەواز راگەیاندرا و بەم جۆرە چالاکییەکە کۆتاییهات.