روسیا لەسەر سنوری پۆلەندا بارەگایەکی ئوکراینای بۆردومان کرد

روسیا رایگەیاند، بە موشەک بارەگای سەربازی لیڤیان بۆردومان کردووە کە دەکەوێتە سەر سنوری پۆلەندا. باسی ئەوە دەکرێت لە بارەگاکە سەربازی بیانیش هەبووە.

بەپێی راگەیەنراوی بەرپرسانی ئوکراینا، بە هەشت موشەک بارەگای لڤیڤی ئوکراینا کراوەتە ئامانج.

حاکمی سەربازی هەرێمە و سەرۆک شارەوانی هەرێمەکە رایانگەیاند، ٩ کەس کوژراون و ٥٧ کەس بریندار بوون.

باسی ئەوەشکراوە کە لە بارەگا سەربازیەکەی ئوکراینادا کە ٢٠ کیلۆمەتر لە سنوری پۆلەنداوە دوورە، سەربازی بیانیش هەبووە. ئولکسیا رەرزنیکۆڤ وتی، " روسیا هێرشی کردووەتە سەر ناوەندی پاراستنی ئاسایش و ئاشتی نێودەوڵەتی. لەو بارەگایە، ڕاوێژکاری سەربازی کاریان دەکرد."

گەمارۆی سەر کیڤ زیاتر بووە

لەم نێوەندەدا هێزەکانی رووسیا گەمارۆی سەر کیفیان زیاتر کردووە. بەپێی راگەیەنراوی فەرماندەیی گشتی ئوکراینا، یەکینەکانی رووسیا گەیشتوونەتە گەڕەکەکانی دەورۆبەری کیڤ و بەرەی بەرگریان لە رۆژئاوا و باکوری شارەکە تێکشکێنراوە و هەوڵ دەدەن شارەکە لە ناوچەکانی دیکە دابڕن.

بەرپرسانی ئوکراینا سەربازی رووسیا بەوە تۆمەتبار دەکەن کە رۆژی شەممە لە نزیک کیف لە ڕێرەوێکی مرۆڤیدا ٧ کەسی مەدەنیان کوشتووە کە کەسێکیان منداڵە.

پێشڕەوی هێزەکانی رووسیا لە هارکیڤ بەردەوامە

هێزەکانی رووسیا لە رۆژهەڵاتی ئوکراینا هەوڵ دەدەن هێزەکانی ئوکراینا گەمارۆ بدەن. لە باکور بەرەو هارکیڤ و لە باشور بەرەو ماریۆپۆل پێشڕەوی دەکەن. وەزیری بەرگری بەریتانیا لە تویتێکدا رایگەیاند، هێزەکانی رووسیا لە قرم پێشڕەوی دەکەن، لە ڕۆژئاواش بۆ ئەوەی خۆیان بگەیەننە ئۆدەسا، هەوڵ دەدەن مایکۆلایڤ تێپەڕێنن.

نزیکەی ١٣ هەزار کەس گواستراونەتەوە

شەڕی ئوکراینا لە ٢٤ی شوباتدا دەستیپێکرد. ڤۆلۆدیمیر زێلینێسکی سەرۆکی ئوکراینا رۆژی یەکشەممە پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە ١٢ هەزار و ٧٢٩ کەس لە رێگەی ڕێڕەوی مرۆییەوە گواستراونەتەوە.

١٣٠٠ سەربازی ئوکراینی کوژراون

زێلینێسکی رایگەیاند، لە ٢٤ی شوباتەوە تاوەکو ئێستا ١٣٠٠ سەربازیان کوژراون و ١٢ هەزار سەربازی روسیاش کوژراون. رووسیا لە ٢ی ئازاردا ئامارێکی راگەیاندبوو و ئاماژەی بەوەدابوو کە ٤٩٨ سەربازیان کوژراون.

بە سەدان هاوڵاتی مەدەنی کوژراون

بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، لانیکەم ٥٧٩ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون. پێدەچێت ئامارەکە زیاتر بێت. دەوترێت لە شاری ماریۆپۆل کە لەسەر دەریایە زۆر کەس کوژراون. وەزارەتی دەرەوەی ئوکراینا رایگەیاندبوو، لەو شارە ١٥٨٢ کەسی مەدەنی کوژراون و لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا بەخاکسپێردراون.

دانوستانەکان

لەلایەکی دیکەوە دانوستانەکانیش بەردەوامن. ڤۆلۆدیمیر زێلینێسکی سەرۆکی ئوکراینا رۆژی شەممە رایگەیاند، ئەو بە هەڵوێستی جیاوازی رووسیا لە دانوستانەکاندا خۆشحاڵە. ڤیلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیاش رایگەیاند کە لە دانوستانەکاندا پێشکەوتن هەیە.

ف.ق