ترۆئیكا داوا لەنەتەوەیەكگرتووەكان دەكات، لێكۆڵینەوە لەفرۆشتنی فرۆكەی ئێرانی بە روسیا بكەن

ترۆئیكای ئەوروپایی داوای لێكۆڵینەوەی نەتەوەیەكگرتووەكان لەسەر بەكارهێنانی روسیا لە فرۆكەی بێ فرۆكەوانی ئێرانیە دەكەن.

ئەمریكا هاوپەیمانی سەربازی ئێران و روسیا وەكو مەترسی لەسەر هەموو دنیا بەناو دەكات.

ترۆئیكای"دانوستاندنی سێ لایەنەی"، ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسا داوا دەكەن نەتەوە یەكگرتووەكان لێكۆڵینەوە لەسەر بەكارهێنانی روسیا لەفرۆكەی بێ فرۆكەوانی ئێران لەهێرشەكان بۆ سەر ئۆكرانیا دەكەن.

ئەم سێ وڵاتە ئەوروپیە داوا لەنەتەوە یەكگرتووەكان دەكەن كە ئاخۆ كردەوەكانی ئێران بەپشتیوانی كردنی چەك و چۆڵ لە روسیا و رەوانە كردنی موشك و فرۆكەی بێ فرۆكەوان بۆ بەكارهێنان لەشەڕ دژ بەئۆكرانیا، بنپێكردنی رێككەوتننامەی"٢٢٣١"ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكانە یا نا.

رۆیتەرز رۆژی هەینی ٢١ی تەشرینی یەكەم رایگەیاندوە، لەنامەیەكدا كە لەلایەن نوێنەرانی وڵاتانی گروپی"ئەی ٣" لەنەتەوە یەكگرتووەكان واژۆ كراوە و رۆیتەرز ئاگاداری ناوەرۆكەیەتی، ئەو سێ وڵاتە لەپشتیوانی لە داواكاری رۆژی دوشەممەی ئۆكرانیا بۆ ئەنجامی لێكۆڵینەوەیەكی وەها دەستیان بەجموجۆڵ كردوە.

ئەڵمانیا و بەریتانیا و فەرەنسا لەنامەیەكدا بۆ نەتەوەیەكگرتووەكان رایانگەیاندوە كە بەكارهێنانی فرۆكە بێ فرۆكەوانە ئێرانیەكان، رێككەوتننامەی ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان كە پشت بە رێككەوتنی ئەتۆمی ٢٠١٥ی ئێران دەبەستێت، بن پێ كردوە.

ئەم داواكاریەی سێ هێزی سەرەكی ئەوروپا لەكاتێكدا راگەیەندراوەكە كە پێشتر یەكێتی ئەوروپا و بەریتانیا باسیان لەگەمارۆی زیاتر لەسەر ئێران بەهۆی فرۆتنی فرۆكەی بێ فرۆكەوان و چەك و چۆڵ بەروسیا بوون.

ئەمریكاش هەفتەی رابردوو رایگەیاند كە یەكێتی ئێران و روسیا قوڵتر بووەتەوە و بووەتە مەترسی لەدژی هەموو دنیا.

هـ . ب