زیاتر لە ١١ هەزار منداڵ لە یەمەن کوژراون یان برینداربوون

سندوقی منداڵانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان (یونیسێف) رایگەیاند، کە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە تائێستا لە یەمەن زیاتر لە ١١ هەزار منداڵ کوژراون یاخود برینداربوون. راگەیەندرا کە نزیکەی ٤ هەزار منداڵیش لەشەڕدا بەشدارییان پێکراوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی یونیسێف لە ١١هەزار و ١٩ منداڵی قوربانی شەڕ ٣ هەزار و ٧٧٤یان کوژراون.

لەئامارێکدا کە ماوەیەک بەر لە ئێستا بڵاوکرابووەوە هاتبوو کە ١٠ هەزار و ٢٠٠ منداڵ کوژراون، برینداربوون یاخود کەمئەندام بوون.

ئامارە تازەکە ماوەی نێوان ئاداری ٢٠١٥ تا ٣٠ی ئەیلولی ٢٠٢٢ دەگرێتەخۆ. تەنیا ئەو رووداوانەی لەلایەن یونیسێفەوە پشتڕاستکراونەتەوە لە ئامارەکەدا هەژمار کراون. یونیسێف ئەوەشی خستووەتەڕوو کە رەنگە ئاماری راستەقینە لەوە زیاتر بێت.

لەو ماوە ئاماژە بۆکراوەدا ٣ هەزار و ٩٠٤ منداڵ بەشداری شەڕیان کردووە و ٩١ منداڵی کچیش لەشەڕدا چەکدار کراون.

بەپێی وتەی کاسرین رۆسێل بەڕێوەبەری گشتیی یونیسێف نەخۆشی و برسێتی هەڕەشەی لەسەر ژیانی سەدان هەزار منداڵی یەمەنی دروست کردووە.

رۆسێل بەمەبەستی گەیاندنی هاریکاری مرۆیی بە یەمەن جارێکیتر بانگەوازی راگەیاند.

یونیسێف رایگەیاند، بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی مرۆیی لە یەمەن پێویستیان بە ٤٨٤.٤ ملیۆن دۆلارە.

بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە تشرینی دووەمی ٢٠٢١دا بە راگەیەندراوێک باسی لەوەکردبوو کە نزیکەی ٣٧٧ هەزار کەس بە هۆی شەڕ، برسێتی و نەبوونی ئاو لە یەمەن گیانیان لەدەستداوە.

لەو وڵاتە لەمانگی نیساندا ئاگربەست راگەیەندرا. لەسەرەتای مانگی تشرینی یەکەم وادەی ئاگربەست کۆتاییهات. حکومەتی یەمەن کە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دانی پێداناوە و چەکدارانی حوسی لەسەر درێژکردنەوەی ئاگربەست رێکنەکەوتوون.

هـ . ب