بە بەشداری هەزاران کەس فێستیڤاڵی کولتووری کوردی دەستیپێکرد

فێستیڤاڵی نێونەتەوەی کولتووری کوردی لە شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیا بە بەشداری دەیان هەزار کەس دەستیپێکرد.

مەراسیمەکانی ٣١ەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەی کولتووری کوردی لە گۆڕەپانی ڕەبستۆکپارک لە شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیا دەستیپێکرد.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕو دەیان هەزار هاوڵاتی کوردی دانیشتووی وڵاتانی جیاجیا لەوانەش ئەڵمانیا، سویسرا، بەلجیکا، ئیتاڵیا، نەمسا، هۆڵەندا، سوید و فەڕەنسا ئامادەی گۆڕەپانی فێستیڤاڵی نێونەتەوەی کولتووری کوردی بوون.

لە گۆڕەپانی فێستیڤاڵەکە کە جۆش و خرۆشێکی زۆر باڵی بەسەردا کێشابوو، لافیتەی 'قەوارە و ئازادی بۆ کورد' هەڵواسرا و سەدان وێنەی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان لەو گۆڕەپانە بەرزکرایەوە.

لە گۆڕەپانەکەدا هەزاران کەس وێنەی ئەو شەهیدانەیان بەرزکردەوە، کە لە نێو کاروانی تێکۆشان لە پێناو ئازادی کوردستاندا لە کاتە جیاجیاکان شەھید بوون و دروشمەکانی 'بژی بەرخۆدانی پەکەکە' و 'بێ سەرۆک ژیان نابێت'یان وتەوە.

گۆڕەپانی فێستیڤاڵەکە بە ڕەنگی نەتەوەیی ڕازێنرایەوە، ناوەندی کۆمەڵگای دیموکراتی کورد، دامەزراوە و ڕێکخراوە جیاجیاکانی کورد بۆ بەرەوپێشبردنی کولتووری کوردی سەکۆیەکیان دانا. هەروەها نووسەران لە پێشانگاکانی کتێبدا لەگەڵ خوێنەرانیان، دیداریان ئەنجامدا.

فێستیڤاڵەکە کە بە دروشمی "لە ١٠٠ ەمین ساڵڕۆژی لۆزاندا، چارەسەری کێشەی کورد و قەوارەی کوردستان" بەڕێوەدەچێت، پێشکەش بە ئەڤین گۆیی، میر پەروەر و عەبدولڕەحمان کزل کراوە کە لە پاریس تیرۆر کران.

فێستیڤاڵەکە دوای خولەکێک ڕێزگرتن لە یادی شەھیدان دەستیپێکرد و تێیدا ئەنگین سەڤەر و زوبەیدە زومرود، هاوسەرۆکانی کەجەدەکە-ئە، هاوسەرۆکانی کۆن-مەد و ئایتەن کاپلان، وتەبێژی بزوتنەوەی ژنانی کورد لە ئەوروپا قسەیان کرد.

ژ.ن