بایک: کورد پێشەنگایەتی ڕێنیسانسی ڕۆژهەڵاتی ناوین دەکات

هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە جەمیل بایک پەیامێکی ئاراستەی ١٣ هەمین ڤیستیڤاڵی چاندی کورد لە فرانکفۆرت کرد و گوتی: "لەسایەی هەزاران شەهید، ئەمڕۆ کورد ڕێنیسانسی خۆیان ئەزموون دەکەن، پێشەنگایەتی ڕێنیسانسی ڕۆژهەڵاتی ناوین دەکەن".

هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە، جەمیل بایک، لە ٣١ هەمین ڤیستیڤاڵی نێونەتەوەیی چاندی کورد، پەیامێکی نوسراوی بڵاوکردەوە.

لە ڤیستیڤاڵەکەدا پەیامەکەی بایک خوێنرایەوە. بایک لە پەیامەکەیدا، باسی لە ڕۆڵی سەرەکی چاند و هونەر کرد، پێشنیاری کرد بە زووترین کات خانەیەکی هونەری بکرێتەوە. گوتی: "کاتی هاتووە مۆسیقا و سینەما و شانۆ و ئەدەب و فۆلکلۆری کورد پێشبخرێت".

پەیامەکەی بایک بەم جۆرەیە:

"سەرەتا سڵاو بۆ ڤیستیڤاڵەکەتان دەنێرم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم. لە بەرامبەر ئەو هێرش و کۆمەڵکوژییانەی لە دژی گەلەکەمان دەکرێت، چ لە ئاڤاشین و زاپ و مەتینا، هەموو هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، زیندانەکان و لە ھەموو گۆڕەپانەکانی تێکۆشان و بەرخۆدان هەیە، ڕۆژانە شەهید دەدەین، بە ڕێز و سوپاسەوە یادی هەموو شەهیدەکان دەکەینەوە. جارێکی تر بەڵێن دەدەین کە ئامانجەکانیان بەدی دێنین و یادەوەرییەکانیان بەزیندوویی ڕادەگرین.

گەلی شکۆمەند و هونەرمەندانی هێژامان، شەهید و قارەمانانی چاند و هونەری کورد هەن، هێشتاش هەستی ئێمە بەرز ڕادەگرن، هێز و مۆڕاڵ دەبەخشن. عەگید جەمۆ، فاتمە عیسا، ئارام تیگران، حەسەن زیرەک، محەمەد شێخۆ، تەحسین تەها، مەرزیە ڕەزازی، ئەردەوان زاخۆیی، شێرکۆ بێکەس، یەڵماز گونەی، محەمەد عارف جەزراوی، حەسەن جەزراوی، مەیرەم خان، عایشە شان، هێڤی شانۆگەر، یەکتا هەرەکۆل، ساریا ، عەلی تەمەل، هۆگر، هۆزان دڵگەش، هۆزان مزگین، هۆزان سەفکان، هۆزان سەرحەد، خەلیل داغ، میر پەروەر و چەندین هونەرمەند و پاڵەوانی تری هێژای چاند و هونەر هەن. بە بۆنەی فێستیڤاڵی چاندی کوردەوە، جارێکی دیکە بە ڕێزەوە ئەم کەسایەتییە نەمرانە بیردەهێنمەوە. لە هەمان کاتدا تێکۆشانمان بۆ ئازادی کوردستان بە دڵنیاییەوە ئامانجی ئەو کەسایەتییە نەمرانە بەدی دێنێت.

ڕێبەر ئاپۆ هەوڵێکی زۆری دا بۆ پێشکەوتنی چاند و هەنەری کوردی

ڕێبەر ئاپۆ هەوڵێکی زۆری دا بۆ پێشکەوتنی چاند و هونەری کوردی، بۆیە سوپاس و پێزانینی خۆمان بۆ ڕێبەر ئاپۆ دەردەبڕین. ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی مەزنترین بەرخۆدانی مێژوویی مرۆڤی ئازاد نیشان دەدات. بەم شێوەیە سڵاو لە بەرخۆدانی مێژوویی ڕێبەر ئاپۆ دەکەم؛ سڵاو، خۆشەویستی و ڕێزی خۆم دەردەبڕم. هەروەها بە ڕێزەوە سڵاو لەو هونەرمەندە مەزنانە دەکەم لە ئیتاڵیا کۆنسێرتێکیان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ سازکرد. گەلی شکۆمەند و هونەرمەندانی هێژامان؛ دەزانرێت ژیانێکی بێ چاند و هونەر ژیانێکی پەککەوتە و پەرشوبڵاو و وشک و ساختەیە. بەبێ چاند و هونەر ژیان نابێ. هەر لەبەر ئەم هۆکارە دەوڵەت_نەتەوەکان، هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، هەموو هێزە سەردەستەکان، سیاسەتی قڕکردنی تایبەت بەڕێوەدەبەن، بۆ لەڕێ دەرکردن و ئاراستەکردنی مرۆڤایەتی، بۆ دابڕینی لە نەریتەکان، بۆ ئەنجامدانی قڕکردن. هەرگیز لە مێژوودا بەقەد سەردەمی دەوڵەت_نەتەوەکان سیاسەتی قڕکردن لەسەر نەتەوە و جڤاکەکان ئەنجام نەدراوە. مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، چاند و هونەر بە کەرتێکی ئابووری دەزانێت. دەیەوێت لەپاڵ کەرەستە ترسناکەکانی شەڕ، بە ڕێبازی بەناو هێزی نەرمی چاندی، دەخوازن مرۆڤ و جڤاک ئاراستە بکەن. هەموو بەرخۆدان و تێکۆشانێک لەدژی ئەو سیاسەت و هێرشانە پیرۆزە. بۆیە چاند، پاشەڕۆژ و ڕاستی گەلانە. هەر مرۆڤ و جڤاکێک لەسەر ڕەگ و ڕیشەی خۆی شین دەبێت و دەژی و گەشە دەکات. وەک چۆن گژوگیا کاتێک لە ڕەگەوە هەڵدەکێشرێت وشک دەبێتەوە، بۆ مرۆڤ و جڤاکەکانیش هەر وایە.

بێگومان زیاتر لە هەر کەسێک، کوردەکان تووشی ڕاستی قڕکردنی چاندی هاتوون. هێزە ستەمکار و قڕکەرەکان بۆ لەناوبردنی جڤاکی کورد هەموو ڕێبازێکی بێسنوور بەکاردێنن. بە کۆمەڵکوژی سپی، زمان و چاند و هونەری دەکوژن. گەلی کورد هەرگیز ملکەچ نەبووە، هەمیشە بەرخۆدانی کردووە، بۆ ئازادی خۆی تێکۆشانی کردووە، سەرچاوەی هێزی مۆراڵ و ئومێدە بۆ هەموو هێزەکانی ئازادی و دیموکراسی. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ خاوەندارێتی لە چاندی خۆیان. بە تایبەتی چاندی دەنگبێژی لێرەدا ڕۆڵێکی سەرەکی بینیوە. هەر لەبەر ئەمەشە کە ڕێبەر ئاپۆ ڕایگەیاند، گەلی کورد لە مێژوودا لە ڕێگەی مۆسیقاوە بەرەنگاری داگیرکاری بووەتەوە.

تێکۆشانمان بەها و دەرفەتێکی مەزنی ئافراندووە

گەلی شکۆمەند و هونەرمەندانی هێژامان، ئێستا گەلی کورد ڕۆڵی مەزنی هەیە. تێکۆشانی ٥٠ ساڵەی ئێمە بەها و دەرفەتی مەزنی ئافراندووە. تێکۆشانی داستانئامێزی ڕێبەر ئاپۆ، گەریلاکانی زاپ، مەتینا، ئاڤاشین و خواکورک، تێکۆشەرانی ئازادی لە زیندانەکاندا، پێویستیان بە ئافراندنی بەرهەمی مەزنە. ئەم بەرخۆدانە مێژووییانە، پێویستیان بە بەرهەمی ئەدەبی و هونەرییە، وەک هەڵبەست، ستران، فیلم، تابلۆ، پەیکەر، داستان و هتد. دەبێتە بەم بەرهەمانە تاجدار بکرێن. بە تایبەت ئەو کەسانەی کە بەشدارن لە چالاکییە چاندی و هونەرییەکان، پێویستە زۆر بە باشی ئەمانە بنرخێنن. لە سایەی دەیان هەزار شەهیددا، کورد ئەمڕۆ ڕێنێسانسی خۆی ئەزموون دەکات و تەنانەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوینیش ڕێنیسانس پێشدەخات. مەزنترین کارەسات بۆ جڤاکێک ئەوەیە، خاوەندارێتی لە چاند و هونەری دێرین و مێژوویی خۆیان نەکەن. ڕێبەر ئاپۆ هەم خاوەندارێتی لە چاند و هونەری دێرین و مێژوویی کورد کرد، هەم بە تێکۆشانی پەکەکە چاندێکی ئافراند. ئەمەش هێزێکی بە کورد بەخشی تا بۆ ئازادی خۆی شەڕ بکات و ئیلهامبەخش بێت بۆ هەموو مرۆڤایەتی.

هونەرمەند واتە ئەوەی جڤاک دەپارێزێت و جڤاکبوون دەکاتە بناغە. هێزی خۆت لەمەوە وەربگرە و بە هونەرەکەت جڤاکبوون بەهێزتر بکە. چونکە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری دژی جڤاکبوونە، هەمیشە دەیەوێت پۆپۆلیزم و تاکگەرایی و مادەپەرستی بەرەوپێش ببات. ئەمەش هونەر و هونەرمەند دەخاتە نێو ڕەوشێکی بازرگانی و دووریان دەخاتەوە لە ئامانجەکانیان. لە ئەنجامی ئەم سیاسەتە، هەم ژیان و هەم جڤاک و هەم هونەر و هونەرمەند دەکوژێت. کەواتە چاند و هونەر ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕن لە پێکهێنانی زیهنیەت و کەسێتی و ژیانی جڤاکیدا. ڕۆڵی چاند و هونەر زۆر گرنگە لە پەرەپێدانی داهێنانی جڤاک و پاراستنی پاشەڕۆژی جڤاکدا. هەر بەو هۆیەشەوە هونەرمەند، پێشەنگ و ڕۆشنبیری جڤاکن، شێوە بە جڤاک دەدەن. پێشخستن و پاراستنی تایبەتمەندییە ئەخلاقی و سیاسییەکانی جڤاک ئەرکی هونەرمەندانە.

هەموو شتێک بە زیهنیەت دەست پێ دەکات و سەردەکەوێت. ڕێبەر ئاپۆ، بۆ پێشخستنی زیهنیەت و کەسێتی و ژیانی کوردان، تێکۆشانی مەزنی کرد. بۆیە فەلسەفە و ئایدۆلۆژیا و ڕێبەرێتی و ڕێکخستن و میلیتان و گەل و ژیان و تێکۆشانی ئەم زیهنیەتەی پێشخست. ئەرک و بەرپرسیارێتی هونەرمەندان، پێشخستنی زیاتری ئەم ڕاستیانەیە لە نێو گەلی کورد و گەلانی دیکەی جیهان و لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا. هەموو سەختی و ئاستەنگ و هەڵە و کەموکوڕییەکان لەڕێگەی زیهنیەتەوە تێدەپەڕێن. بۆ ئەوەش ڕێبەر ئاپۆ ئەرکی 'شۆڕشی ویژدان و زیهنیەت"ی خستە پێشمان. چونکە زیهنیەت و ویژدان دەتوانن تێگەیشتن و بوێری و ئیرادە و بڕیار لە مرۆڤدا پێشبخەن.

هێرشەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری تەنها بە تێکۆشانی سەربازی ناوەستێت

هێرشەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و قڕکەر و هاوکار و خائینان، تەنها بە تێکۆشانی سەربازی ناوەستێت. بۆ وەستاندنی ئەم هێرشانە، پێویستە لە گۆڕەپانی ئایدۆلۆژیدا شەڕ و تێکۆشان پێشبخەین. ئێمە دەتوانین بە پێشخستنی تێکۆشان لە گۆڕەپانی چاند و هونەر، ئەم هێرشانە بوەستێنین. هونەرمەند زمان و دڵ و مێشکی جڤاکە. کێشەکانی جڤاک دەبینن، لێیان تێدەگەن و پێشەنگایەتی جڤاک دەکەن بەرەو چارەسەر.  هونەرمەندانی کورد و کوردستان پێشەنگن لە داڕشتنی جڤاکی نوێ و ڕۆشنگەری. دەوڵەتی ستەمکار و قڕکەر دەیەوێت کورد لەناو ببات. ئەرکی هونەرمەندان پێشخستنی تێکۆشانە لە دژی ئەم هەوڵە. ئەگەر هونەرمەندان بە ئەندازەی پێویست تێناکۆشن، پێویستە لە کاریگەریی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و دەوڵەت-نەتەوەکان تێبگەن، هەستی وڵاتپارێزی و شۆڕشگێڕیی خۆیان لەبەرچاو بگرن و بەهێزتری بکەن. لەو کاتەدا پێویستیان بەو هێزانە نابێت، لەژێر کاریگەری ئەواندا نابن، توڕەیییەکی گەورەیان دەبێت بەرامبەر بەو هێزانە، ئەم تووڕەییەش دەگۆڕن بۆ هۆشیاری و تێکۆشان.

هونەرمەند هەرگیز ئاستەنگ ناخاتە بەردەمی خۆی. هونەرمەند هەرگیز بەوەی هەیە بەهای خۆی ناپێوێت.  هەمیشە لە گەڕان و خۆنوێکردنەوەدایە. شوێنکەوتووی ڕاستییە. ئەوەی کردوویانە بە کەمی دەبینن، هەوڵی زیاتر دەدەن، بۆ پێشخستنی باشی و جوانییەکان. مامەڵەکردن بە پێچەوانەی ئەمە هیچ شتێک بە جڤاک نابەخشێت. هونەرمەند ئامانجی ئازادیی جڤاک بە زیندوویی دەهێڵێتەوە، مۆڕاڵ و جۆش و وروژان و ئیرادەی تێکۆشانی جڤاک پێشدەخات.

تێکۆشانێکی داستانئامێز هەیە

تێکۆشانێکی داستانئامێز هەیە. هێزەکانی تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی لە جیهاندا، لەمەوە مۆڕاڵ وەردەگرن و هیواکانیان بەرز دەکەنەوە. لە هەمووی زیاتر پێویستە لە تاکی کورد و کوردستاندا ڕەنگ بداتەوە. بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا پاشڤەچوونێک هەیە. ئەمەش پێچەوانەی پێشڤەچوونە. پێویستە ئەم کارە بکرێت و بەرهەمی کوالێتی بەرز بەرهەم بهێنرێت. تێکۆشان لە کوردستان پێویستە زۆر سەرکەوتووانە لە جیهاندا لە بواری هونەردا نوێنەرایەتی بکرێت.

گەلی شکۆمەند و هونەرمەندانی هێژامان؛ لە مێژووی تێکۆشانی ٥٠ ساڵەدا، لە گرینگترین قۆناغداین. لەپاڵ مەترسییەکاندا، دەرفەتی مەزنیش هەن. مەترسییەکە تەنیا لە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و دەوڵەتە ستەمکار- قڕکەرەکانەوە نایەت. لە هێڵی خیانەتی کوردەکانیشەوە دێت،  کە هاوکاری قڕکەران دەکەن بۆ شەڕکردنی دژی گەلی کورد و تێکۆشانی ئازادی. لە دژی ئەمە، بەرخۆدانی ڕێبەر ئاپۆ و گەریلا و گەلەکەمان هەیە. ئەم بەرخۆدانە لە دژی پشتیوانی ناتۆ و سوپای دووەمی ناتۆ دەکرێت. ئەم قۆناغە بەردەوامە.

پێویستە گەلەکەمان لە ئەوروپا دڵ و مێشکیان لە کوردستان بێت. پێویستە هەموو دەرفەتەکانتان بۆ ئەمە کۆبکەنەوە. گەلەکەمان لە ئەوروپا هەمیشە ڕۆڵی ئەرێنی هەبووە. باوەڕم وایە لەمەودوا بەردەوام دەبێت، پیرۆزبایی بەشداری و تێکۆشانی گەلەکەمان لە ئەوروپا دەکەم. پێویستە هونەرمەندان و ڕەنجدەرانی چاندی و گەلەکەمان لە ئەوروپا پاراستن و پێشخستنی چاند و زمانی کوردی بە ئەرکێکی سەرەکی بزانن. پێویستە هەموو کورد بە زمانی خۆیان قسە بکەن و بنووسن، منداڵەکانیان لە چاندی کوردی ئازاددا پەروەردە و گەورە بکەن.

ڕێبەر ئاپۆ وتی، "چاند جەستەیە، زمان جەستەیە، جوگرافیا جەستەیە، خاوەندارێتی لە جەستەت بکە". ئەمە ڕێنمایی و ڕوانگەیەکی ژیانییە و هەمیشە بۆ هەموومان دەگونجێت. ئێستا تۆ لە ڕووی جەستەییەوە لە وڵات دووریت؛ بەڵام هەرگیز نابێت بە دڵ و مێشک وڵات و خاکەکەت بەجێبهێڵیت. پێویستە پەیوەندی گەلەکەمان بە وڵات و چاند و زمان و تێکۆشانی ئازادی وڵات هەمیشە بەهێز و گەش بێت. نابێت خەونەکانت ئەوروپی بن، خەونەکانت کوردستان بن، هەمیشە لەسەر چاند و وڵاتەکەت بێت. چاند زەوییە، نیشتمانە، چاندنە، ڕەنجە، خودی ژیانە.

دەبێت خانەیەکی هونەری بکرێتەوە

بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە بەبێ دواکەوتن خانەیەکی هونەر بکرێتەوە. لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییدا، خەباتی چاند و هونەری، تێکۆشانی ئازادی ودیموکراسی تێکەڵ بکرێن، پشتیوانی پێش بخرێت. لە مۆسیقا و سینەما و شانۆ و ئەدەب و فۆلکلۆر و تابلۆ و پەیکەرسازی کوردیدا کاتی پێشکەوتن هاتووە.

گەلی شکۆمەند و هونەرمەندانی هێژا، دەبێ بزانین تێکۆشانی سەرەکیمان ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیە. دەبێت بزانین گەلی کورد ٢٥ ساڵە بە دیل گیراوە. ئەگەر ئێمە وەک گەلی کورد و دۆستانی گەلی کورد بە تەواوی ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆمان جێبەجێ بکەین، بە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، گەلی کوردیش بە ئازادی خۆی دەگات. ئەمڕۆ لە هەموو شوێنێک چالاکییەکان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بەڕێوەدەچن. ئەم چالاکییانە بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ ڕۆژانە لە گەشەکردن بەردەوام دەبن. ڕۆڵی چاند و هونەر لە هەڵمەتی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆدا گرنگ و سەرەکییە. دڵنیاین کە هەموو هونەرمەندان و ڕەنجدەرانی چاند و هونەر پێشەنگایەتی ئەم هەنگاوە مێژووییە دەکەن. بەم واتایە، جارێکی دیکە ٣١ هەمین فێستیڤاڵی چاندی کوردی پیرۆز دەکەین و پێمان وایە ئەم فێستیڤاڵە ڕۆڵی مێژوویی خۆی دەگێڕێت. بەم دەرفەتە سڵاو و خۆشەویستی و ڕێزی خۆم بۆ هەموو هونەرمەندان و وڵاتپارێزان دەنێرم، هیوای سەرکەوتن بۆ هەمووان دەخوازم".