گۆڕێکی تری بەکۆمەڵ لە شەنگال دۆزرایەوە

لە کاتی دروستکردنی ڕێگایەکەدا لە سیبای شێخ خدری شەنگال گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە لایەن کرێکارانی ڕێگاکەوە دۆزرایەوە.

دوای هێرشی چەتەکانی داعش لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا بۆ سەر شەنگال کۆمەڵکوژییەکی گەورەی لەسەر ئێزیدییەکان ئەنجامدا و چەندین گۆڕی بەکۆمەڵی لەدوای خۆی جێهێشت و چارەنووسی هەزاران ئێزیدیش تا ئێستا نادیارە.

دوای گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر زێدی خۆیان، حکومەتی عێراقی دەستی بە دروستکردنی ڕێگا کردوە لە هەرێمەکەدا.

ئەمڕۆ لە کۆمەڵگای سیبا شێخ خدر لە باشووری چیایی شەنگال لە کاتی دروستکردنی ڕێگایەکدا کرێکارەکان گۆڕێکی بە کۆمەڵیان دۆزیەوە. نازانرێت ئێسک و پروسکی چەند کەس لەو گۆڕە بەکۆمەڵەدا هەیە.

بەم پێیە ژمارەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی شەنگال گەیشتە ٩٣ گۆڕی بەکۆمەڵ و بە دەیان کەس لەو گۆڕانەدا نێژراون. تا ئێستا تەنها ٥٥ گۆڕیی بەکۆمەڵ هەڵدراونەتەوە، ٣٨ گۆڕی تریش ماوە هەڵدرێنەوە.