هونەرمەندی کورد بەیتۆجان ماڵئاوایی لە ژیان کرد

هونەرمەندی کورد بەیتۆجان کە ماوەیەکی زۆر لە سوید بە هۆی شێرپەنجەوە چارەسەری پزیشکی بۆ دەکرا، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ کۆچی دوایی کرد.

بنەماڵە و دۆستانی رایانگەیاند، کە هونەرمەند بەیتۆجان لە تەمەنی ٦٨ ساڵیدا سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە ستۆکهۆڵم ماڵئاوایی لە ژیان کردووە.

بەیتۆجان ماوەیەکی زۆر بە هۆی شێرپەنجەوە چارەسەری پزیشکی وەردەگرت. بەیتۆجان بەر لە ماوەیەک نەشتەرگەری قورسی شێرپەنجەی بۆکرابوو، بەشێک لە چەناگەی لێکرابووەوە، بەو هۆیەوە بە دژواری دەیتوانی قسە بکات.

بەیتۆجان لە ژیانی هونەری خۆیدا ٤ ئەلبۆمی بڵاوکردەوە. ئەلبۆمی 'یان مردن یان دیاربەکر' لە تورکیا قەدەغە کرا. لە دوا چاوپێکەوتنیدا ئەو هونەرمەندە رایگەیاندبوو کە سەرباری ئەو دۆخەشی درێژە بە کارە هونەریەکانی دەدات.

بەیتۆجان ساڵی ١٩٥٥ لە ناوچەی فارقینی ئامەد لەدایکببوو، لە کاتی کودەتای سەربازی ١٢ی ئەیلولدا زیندانی کرا و ١٥ ساڵ سزای زیندانی بەسەردا سەپا. شەش ساڵ و پێنج مانگ لە زیندان مایەوە و سالی ١٩٨٧ ئازاد کرا.

بەیتۆجان ساڵی ١٩٩٠ یەکەم کاسێتی خۆی بڵاوکردەوە و دوای ساڵێک ناچاربوو بەرەو سوید کۆچ بکات.

هـ . ب