ڕۆهلات عەفرین، یەکێک لە فەرماندەکانی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) لە چاوپێکەوتنێکی لە گەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) باسی لە تێکۆشانی ساڵی ڕابردووی یەپەژە و بەتایبەتی شەڕی ئێستای هەرێمەکە کرد.
ڕۆهلات عەفرین، بە ئاماژەدان بەوەی کە یەپەژە توانیویەتی ببێتە دەنگی نەک تەنیا ژنانی کورد، بەڵکو دەنگی هەموو ژنان لە گۆڕەپانی تێکۆشاندا و وتی: "یەپەژە دەنگ و هێزی بەرخۆدانی هەموو ژنانە، هەموو ڕۆژێک بە هەموو هێزی خۆیەوە لە بەرخۆدان و تێکۆشانێکی گەورەدایە لە دژی ئەو هێزانەی کە هەوڵی شکاندن و لەناوبردنی ئەم سیستەمە دەدەن. له ماوەی ئەمساڵدا بەتایبەتی دژی هێرشەکانی داعش بۆ سەر هەرێمەکەمان، شەڕێکی کارێگەر و بەرفراوانی بەڕێوە برد.
هەروەها ئەمساڵ کۆنفرانس و کۆبوونەوەی زۆر بەڕێوەچوون و گرنگی بە ژیانی ڕێکخستنی و هاوبەشی ژنان لە دژی هەر جۆرە هێرشێک بۆ ژنانی جیهان و ناوچەکە درا. بەتایبەت یەپەژە لەو چوارچێوەیەدا لە ئاستێکی بەرزدا توێژینەوەی ئەنجامدا.
یەپەژە بە نیازە هەم ئەو بەرنامانەی کە لە سەرەتای ساڵدا دەست نیشانی کردبوو و هەم ئەو ئەرکەی کە لە ڕەهەندە ڕێکخراوەیی و ئایدیۆلۆژی و سەربازییەکان بۆ ژنان لە سەرانسەری جیهاندا لە ئەستۆی گرتووە، بە شێوەیەکی باشتر بخاتە بواری جێبەجێ کردنەوە، هەروەها لە کۆنفرانسەکەدا دیارترین بابەت 'ژن و خۆپاراستن' بوو. لە ڕاستیدا نەک هەر لە کۆنفرانسەکەدا، بەڵکو لە وۆرکشۆپی پەرەوەردە و ڕاهێنانی خۆپاراستنی ژناندا، ئەم بابەتە بە جددی راوەستەی لەسەر کرا.
"لە ساڵی ٢٠٢٤دا وەک یەپەژە پەیامی خۆمان گەیاند"
له وۆرکشۆپی خۆپاراستنی ژناندا، ڕوون بووەوه که توانای ژنان بۆ پاراستنی خۆیان مۆدێلی یەپەژەیە که بەساڵانە بەئیرادەیەکی مەزنەوە لەو بوارەوە تێکۆشانی لەسەر دەکات. لێرەدا هەموو ژنان کۆدەنگ و یەکگرتوو بوون. هەموو ژنان لەسەر ئەوە هاودەنگ بوون کە تا ڕێکخستنی دروست و یەکڕیزی خۆپاراستنی هەبێت، دەتوانن لەم ڕێکخستنەدا ببیننەوە. لێرەدا هەم ژنانی ئەفغانستانی و هەم ژنانی ئێرانی، هەروەها زۆرێک لە ژنانی دیکە توانیان پەیام و ویستی خۆیان بە ئێمە بگەیەنن. ئێمە وەک یەپەژە هەوڵی گەیشتن بە ژنانمان لە هەموو شوێێک کردە ئامانجی سەرەکیمان. بەم شێوەیە هەوڵمان دا هەموو جیهان نیشان بدەین کە یەپەژە تەنها بۆ ژنانی کورد نییە، بەڵکو پارێزاوان و لایەنگری هەموو ژنانی جیهانە.
"داعش ئامانجی خۆ ڕێکخستنەوەیە"
ڕۆهلات عەفرین بە ئاماژەدان بەو ڕاستییەی کە داعش ساڵی ٢٠٢٥ی وەک ساڵی خۆڕێکخستنەوە کردۆتە ئامانج، لە درێژەی قسەکانیدا وتی؛
"ئەو بڕیارەی کە لە ساڵی ٢٠٢٤ وەرمان گرت ئەمە بوو". ڕەنگە داعش لە ڕووی جوگرافییەوە شکستی هێنابێت. بەڵام داعش هەوڵیدا جارێکی تر بە شێوازێکی نوێ خۆی زیندوو بکاتەوە. زۆر جار لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمەکەمان، لە شارەکان، هەوڵیدا خۆ ڕێکخستنەوەی داوە و هەڕەشەیە لە سەر گەلان. هەروەها چەندین هێرشی ئەنجامداوە. لە ڕاستیدا لە ساڵی ٢٠٢٤ بە شێوەیەکی تاکتیکێکی نوێ خۆی نیشانداوە. تەنانەت لەوانەیە لە شوێنی جۆراوجۆری دیکەی جیهانیش هێرش ئەنجام بدات. لە ڕاستیدا ئەمڕۆ لەگەڵ ئەو هێرشانەی کە بۆ سەر ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بەنداوی تشرین ئەنجامی دەدات، جارێکی دیکە ئەمە وەک دەرفەتێک دەبینێت و دەیەوێت هێرشی جیاواز لە زۆربەی وڵاتانی دەرەوە ئەنجام بدات. لە ڕاستیدا دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، بینیمان کە داعش ئەمەی وەک دەرفەتێک بەدەست هێناوە. ئێمە وەک یەپەژە ساڵی ڕابردوو چەندین ئۆپەراسیۆن و ڕێکاری تایبەتمان دژی داعش ئەنجامدا. بەم شێوەیە زۆرێک لە پلانەکانی داعش پووچەڵکرانەوە. ئەمڕۆ لە ناوچەکە و جیهاندا جەنگی جیهانی سێیەم بە شێوازی جیاواز لەئارادایە. لەم شەڕەدا هەردوو شێوازی شەڕی سارد و شەڕی گەرم بە قورسی بەکاردەهێنرێن. لەم ڕووەوە ئێمە وەک یەپەژە، لە پێناو پەرەپێدانی هێزی خۆپاراستنی تۆکمە و پیشەییتر لە دژی هەر جۆرە هێرش و هەڕەشەیەک بڕیاری پیویستمان وەرگرتووە.
" گەلانی سوریا دەبێت خۆیان بەڕێوەببەن"
هێزەکانی یەپەژەمان لە ئاکادیمیاکاندا بە تاکتیک و ستراتیژی سەربازیی پیشەییتر ئەنجامێکی بەهێزیان بەدەستهێنا بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکانی حکومەتی تورک و هێرشە هەرێمیەکانی تورکیا، لە شەڕی ئەمڕۆدا هەموو حکومەت و دەسەڵاتێک هەوڵدەدات ئەم شەڕە بەگوێرەی بەرژەوەندی خۆیان و لە چوارچێوەی بەرژەوەندی خۆیان بەڕێوەببەن. ئێمە دەستێوەردان لە سوریا لە پرۆژەی دەوڵەت و زلهێزە نێونەتەوەییەکان بەرامبەر بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە جیاواز نابینین. لە ماوەی ١٢ ڕۆژدا ڕژێمێک ڕووخێنرا. ناکرێ لە ١٢ ڕۆژدا پلان بۆ ئەم کارە دابنرێت. ئەمە دەستێوەردانێکە. لەم دەستێوەردانەدا هەندێک حکومەت ئەرکدار بوون. کاتێک لە چوارچێوەی سوریادا بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە دەکەین، دەبینرێت کە لە ڕوانگەی سیاسی و سەربازی و دیپلۆماسییەوە، لە نێو هەموو ئەو حکومەت و هێزانەی کە لە سوریادا یاری بە سیاسەت دەکەن، دەوڵەتی تورک بە پێی عەقڵیەتی خۆی بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنی سوریای لە ئەستۆ گرتووە. دەوڵەتی تورک دەیەوێت وەک یەکێک لە پارێزگاکانی خۆی حوکمڕانی بەسەر سووریا بکات، هەروەک چۆن لە سەردەمی عوسمانییەکاندا ڕوویداوە.
ئێمە وەک باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەشێکین لە سوریا. بێگومان ئێمەش دەمانەوێت گەلی سوریا خۆیان بەڕێوەبەرن. پێویستە گەلی سوریا هەموو کێشە سیاسی و سەربازی و کۆمەڵایەتییەکانی پێکەوە چارەسەر بکەن. نابێت هیچ دەسەڵاتێکی دەرەکی دەستوەردان لەم بابەتەدا بکات. بەڵام کاتێک سەیری ئەو شتانە دەکەین کە ئەمڕۆ ڕوودەدەن، ئەوە دەوڵەتی تورکیایە کە زۆرترین دەستوەردان لە دۆخی سوریا دەکات. ئەگەر بڕیارە سوریا بە فۆرمێک بەڕێوەبچێت کە لە چوارچێوەی سیستەمێکی دیموکراسیدا بگونجێت کە هەموو دیمۆگرافیا و کولتوورە جیاوازەکان پێکەوە بژین، پێویستە دەوڵەتی تورک خاکی سوریا بەجێبهێڵێت."
"تاکە مۆدێلی چارەسەر بۆ سوریا نەتەوەی دیموکراتیکە"
ڕۆهلات عەفرین، فەرماندەی یەپەژە ئەوەشی ڕایگەیاند، تاکە مۆدێلی چارەسەری بۆ سوریا پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکە و وتی: "لە ساڵی ٢٠١١ەوە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بە کۆکردنەوەی هەموو گەلان، کولتوور و ژنان مۆدێلێکی دیموکراتیکی دروستکردووە. بووەتە مۆدێلێکی جیهانی. لەمەودوا سوریا تەنها بەم مۆدێلە لە بەڕێوەبردنی دیموکراتیک بەڕێوەدەبرێت. ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هەموو گەلان بە شێوەیەکی دیموکراتیک لەبەر چاوە دەگرێت. لە ناوەندی عەقڵیەتی نەتەوەی دیموکراتیکدا، هەموو مرۆڤەکان و ژنان دەتوانن بە ئازادی ڕەنگ و دەنگی خۆیانەوە هەبن. سوریایەکی نوێ پێویستە لەسەر ئەم بنەمایە دابمەزرێت.
"بەرخۆدانی تشرین و قەرەقۆزاق شێوەی سەردەمی دیاری کرد"
لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا گۆڕانکارییە خێراکان لە سوریا ڕوویاندا. لە ئێستادا نازانین سوریای نوێ بە چ ڕێگایەکدا دەڕوات، چونکە بۆشایی هەیە. هێزێک لە شەڕدایە لەگەڵ ئێمە. ئەم هێزە بە خراپ ئەم بۆشاییە بەکار دەهێنێت، دەیەوێت ئەو دەستکەوتانەی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەدەست هاتووە لەناو ببات. هەموو هێرشەکان بۆ سەر ئەو دەستکەوتانە بەڕێوە دەچێت. لەم پێوەندییەدا ئەو بەرخۆدانەی کە ئەمڕۆ لە بەنداوی تشرین بەڕێوە دەچێت، هەروەها ئەو تێکۆشانەی کە لە قەرەقۆزاق بەڕێوە دەچێت، ڕەنگی بەرخۆدانی قۆناغی نوێی دیاری کردووە. شەڕڤانانی یەپەژە و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بەبێ هیچ دوودڵییەک هەموو سەرنجەکانیان لەسەر بەنداوی تشرین چڕکردووەتەوە. لە دڵی هەر شەڕڤانێکدا ڕۆحی پاراستنی دەستکەوتەکان هەیە کە بە خوێنی هەزاران شەهید بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو بەدەست هاتوون.
لەم ڕوانگەیەوە مرۆڤایەتی و هەموو ژنان و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەوێ بەرخۆدان دەکەن. لەوێ تەنها باسی یەک بەنداو نییە. دەوڵەتی تورک بە پێداگری خۆی و بە هاوکاری چەتەکانیەوە هەر جۆرە هێرشێک بۆ داگیرکردنی ئەوێ ئەنجام دەدات. بەڵام دەتوانم بڵێم لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەموو خەونەکانیان تێکشکان. ئەوە شەڕڤانانمانن کە لەوێ شانازی سەرکەوتن و بەرخۆدان ئەزموون دەکەن. ئەم شەڕڤانانە هێزی خۆیان لە گەلەکەیانەوە وەردەگرن، لە دایکان و بنەماڵەی شەهیدانەوە وەردەگرن. نەک هەر ئەمڕۆ، بەڵکو لە سەرەتای شۆڕشەوە هێرش بۆ سەر ئەم بەنداوە کراوە و ئەم هێرشانە تا ئەمڕۆش بەردەوامن. ئێمە لەو باوەڕەداین ئەو تێکۆشانەی لەوێ بەڕێوەدەچێت، دووبارە بوونەوەی مۆدێلی بەرخۆدانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پیشان دەدات، کە ئیلهامبەخشە بۆ جیهان."