بە دیمەن

مامۆستا جاسم کەلاری: لە سەردەمێکدا وتراوە هەرکەس تورکی نەزانێت ناچێتە بەهەشتەوە

دوای ئەوەی دوێنێ مەلا جاسم کەلاری گوتبووی "لە گۆڕدا بە زمانی کوردی وەڵام دەدەمەوە"، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕووبەڕووی هێرش بوویەوە، بۆ وەڵامدانەوەی ڕەخنەکان ئێوارەی ئەمڕۆ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بەست.

دوای ئەوەی دوێنی مامۆستا جاسم کەلاری باسی لەوەکرد بوو کە لە گۆڕدا بە کوردی وەڵامی مەلائیکەکان دەداتەوە، لە تۆڕەکۆمەڵاتییەکان کاردانەوەی بە دوای خۆییدا هێنا، لەم بارەیەوە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە مزگەوتی شێخ عەبدولقادری گەیلانی لە کەلار ئەنجام دا.

"لە سەردەمێکدا وتراوە هەرکەس تورکی نەزانێت ناچێتە بەهەشتەوە"

مەلا جاسم کەلاری کاردانەوەکانی گەڕانەوە بۆ هەڵەتێگەیشتن و فەرموودەیەک کە کۆمەڵێک زانا گێڕاویانەتەوە، گوتی: "دەگوترێت بۆیە من عەرەبم خۆش دەوێت لەبەر ئەوە قورئان عەرەبییە، زمانی خەڵکی بەهەشتیش عەرەبییە. ئەم فەرموودەیە ڕاست نییە و بەناوی پەیامبەر محەمەدەوە کراوە.

خودا لە قورئان فەرموویەتی باشتریین کەس ئەوکەسەیە کە زۆرترین تەقوایی هەیە، تۆ دێی ئەدەی لەم بنەمایە پێم ئەڵێی عەرەب لە من باشترە. لە سەردەمێکدا وتراوە هەرکەس تورکی نەزانێت ناچێتە بەهەشتەوە."

مامۆستا جاسم کەلاری باسی لەوەکرد فەزڵی هیچ زمان و نەتەوەیەک بەسەر هیچ زمان و نەتەوەیەکی ترەوە نییە، لە کۆتاییەکانی تەمەنییدا پەیامبەر محەمە قسەی بۆ خەڵک کرد کە جیاوازیتان نییە و خوداتان یەکە، گوتی: "پەیامبەر دەڵێت فەزڵی عەرەب بەسەر کەس و نەتەوەکانی ترەوە نییە. تاوەکو ئێستاش خەڵک وا تێگەشتووە کە عەرەبی نەزانێت ناتوانێت لە گۆڕدا وەڵام بداتەوە ئەوە باوەرێکی لاوازە و قورئان دژایەتی کردووە."