'١ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆنم لە جزیرە بە گەنم چێندراوە'

ماتەز ئەحمەد باسی لەوەکرد، کە لە کانتۆنی جزیرە دوای هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دۆخی کشتوکاڵ دژوار بووە، بەڵام سەرباری ئەوەش یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆنم بە گەنم داچێندراوە.

ئەمساڵ دۆخی کشتوکاڵ لە هەرێمی جزیرە بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوو زۆر باشترە،  بەڵام لەمپەر و ئاستەنگێکی بەردەم جوتیاران و دەستەی کشتوکاڵ ئەو هێرشە داگیرکەریانەن کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر ژێرخانی ئابووری هەرێمەکە و سەرچاوەکانی سوتەمەنی ئەنجامیدان، ئەوەش کاریگەری نەرێنی لەسەر دۆخی کشتوکاڵ بە گشتی دانا.

لەبارەی دۆخی کشتوکاڵ لەهەرێمی جزیرە هاوسەرۆکی بەروبومی کشتوکاڵی لە هەرێمی جزیرە ماتەز ئەحمەد بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.

ماتەز ئەحمەد ئەوەی خستەڕوو کە، "بۆ دۆخی کشتوکاڵ لە کانتۆنی جزیرە لە ساڵی ٢٠٢٤دا، وەک دەزانرێت لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا ئێمە دەستمان بە تۆمارکردنی جوتیاران و زەویە کشتوکاڵیەکان کرد. ئەوە لەسەر ئاستی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا تۆمار دەکرێت. لەهەمان کاتدا پلانێکی ساڵانە دەنوسرێتەوە. ئەو پلانەمان تا کۆتایی ساڵی کشتوکاڵی بەردەوامە. لە پلەی یەکەمدا یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆنم  زەوی بە گەنم داچێندراوە، ئەو گەنمەش بەرئاوە. لە پلەی دووەمدا جۆ چێنراوە و لە پلەی سێهەمیشدا باقلەمەنی لە سەر رووبەرێکی فراوان داچێندراوە".

جزیرە خاک و ئاوی بە پیت و دەوڵەمەندی هەی

ماتەز رایگەیاند، بەهۆی دەووڵەمەندبوون و بەپیتبوونی جزیرە لە رووی خاک و ئاوەوە چەندین جۆر دانەوێڵەی تێدا چێندراوە و وتی، " رێژەی بەرچاوی بارانبارین لە ساڵی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ کاریگەری باشی لە سەر کشتوکاڵ داناوە و بە گشتی کستوکاڵ بە گوێرەی ساڵانی رابردوو باش بووە. هەرچەندە بەهۆی ئەو بارانەوە لە روویەکیشەوە هەندێک نەخۆشی روویان لە بەرهەمە کشتوکاڵیەکان کردووە، بەڵام دەستەی کشتوکاڵ و ئاودێری سەر بە خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بەردەوام چاودێری دۆخەکە دەکات و بۆ بەرەنگاربوونەوە ئەو نەخۆشی و ئافاتەی کشتوکاڵی گرتووەتەوە هەنگاوی پێویست دەنێت.

'چەندین جۆری بەروبوم چێندراون'

ماتەز باسی لە هەندێک لە جۆرەکانی بەروبومە کشتوکاڵیەکان کرد و وتی، "هەندێک بەروبومی دیکەی کشتوکاڵی لە کێڵگەکاندا چێندراون، بەتایبەتی ئەو دانەوێڵانەی لە رووی ئابووریەوە گرنگن، هەم کاتێکی کەمیان پێویستە بۆ بەرهەمهێنا و هەمیش خواست لە سەریان زۆرە و زوو ساغ دەبنەوە. بۆ وێنە رووبەرێکی باش بە زیرە چێندرا، بەڵام بە هۆی نەخۆشی کە تووشی کێڵگەکان بوو، ئاستی بەرهەمەکەی لەمساڵدا دابەزی. هەروەها بەروبوومەکانی دیکەی وەک گەنمەشامی، نیسک و نۆکیش داچێندراون".

'بەهۆی هێرشەکانیشەوە ئاستەنگ و لەمپەر دروست بوون'

ماتەز ئەوەی خستەڕوو کە "زۆربەی کێڵگەکان پێویستیان بە گازوائیل و سووتەمەنی هەیە، لەسەرەتاوە بە شێوەیەکی رێکوپێک دەستەی کشتوکاڵ و ئاودێری سوتەمەنی بەسەر جوتیاراندا دابەش دەکرد، بەڵام دوای هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمەکەمان کە سەرچاوەکانی سوتەمەنی کرانە ئامانج، لە رووی کشتوکاڵیشەوە زیانی گەورەمان بەرکەوت، چونکە بەهۆی ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە هەموو ئەو سوتەمەنیەی بۆ جوتیاران تەخان کرابوو، کەمبووەوە. ئەوەش ئاستەنگێکی گەورەی بۆ دروست کردین. تائێستا نزیکەی ٢٩ ملیۆن لیتر سوتەمەنیمان بەسەر ئەو کێڵگانەدا دابەشکردووە، کە بە گەنم چێندراون. لە رۆژانی داهاتووشدا دەست بە دابەشکردنی بڕی دووەمی سووتەمنی دەکەین، بۆ ئەوەی جوتیاران بتوانن بە بێ هیچ لەمپەرێک بەروبوومەکەیان پێبگەیەنن".

هاوسەرۆکی بەروبومی کشتوکاڵی لە هەرێمی جزیرە ماتەز ئەحمەد، باسی لەوەشکرد کە چەندین پڕۆژەی کستوکاڵیان لەبەردەستدایە، یەک لەوانە دروستکردنی کۆمیتەی دۆخی لەناکاو و نائاساییە، کۆگای گەنمیش دروست دەکەن.

هـ . ب