'بە تێکۆشان و بەرخۆدان ڕێبەر ئاپۆ ئازاد دەکەین'

وڵاتپارێز فایەق خەیری ئەحمەد ئوسێ، رایگەیاند، گەر کوردستان بونیادبنرێت ئەوە بە کار و خەباتی پەکەکە بونیاددەنرێت، وتیشی: "ئێمە بە تێکۆشان و بەرخۆدانمان ڕێبەر ئاپۆ ئازاد دەکەین".

فایەق خەیری کە لەساڵی ١٩٨٣ەوە ئاشنایە بە بزوتنەوەی ئازادی گەلی کورد و برایەک دوو ئامۆزای لە ناو پەکەکەدا شەهید بوون، بۆ ئازانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیکرد و باسی یەکەم چاوپێکەوتنی خۆی بە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرد.

'کوردستان بەدەستی پەکەکە بونیاددەنرێت'

ئوسێ باسی لەوەکرد، پێشتر جێگەی خۆی لە ناو بزوتنەوەی کوردی سوریادا گرتبوو و وتی دوای ئەوەی ئاشنای پەکەکەبوو بێدوودڵی بەشداری ناو کار وخەبات بووە و وتی: "بۆ جاری یەکەم لەساڵی ١٩٨٣ ئاشنای تەڤگەری ئاپۆیی بووم، بینم بۆ چارەسەری کێشەکانی کورد خەبات دەکات. هەموو کەسێک دەرگای خۆی بۆ تەڤگەری ئاپۆیی کردەوە. وێڕای گوشار و زۆرداری ڕژێمی بەعسیش بەشداری ناو شۆڕش دەبوون. لەو سەردەمەدا چەندین پارتی کوردی هەبوو، بەڵام کاریگەرترینیان پەکەکەبوو. برای من شەهید باز لە ساڵی ١٩٩١دا بەشداری تێکۆشان بوو و ڕۆشتە چیا ئازادەکانی کوردستان و دواتر شەهید بوو. هەروەها دوو ئامۆزام بەشداری ناو شۆڕشبوون و شەهید بوون".

ئوسێ باسی ئەوەیکرد، کە جاری یەکەم لە ٢٩ی تشریی دووەمی ١٩٩٥دا ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی بینوە و بەم جۆرە بەردوام بوو: "لە دڵخۆشیدا دەمویست بفڕم. ئەو هەستەم بۆ پێناسە ناکرێ، ئێمە ٨ کەس بووین بۆ بینینی سەرۆک ئاپۆ ڕۆشتبووینە شاری دیمەشق. ڕێبەر ئاپۆ خاوەنی کەسایەتیەک بوو کە مرۆڤی بەرەو خۆی رادەکێشا. لەگەڵ ئێمە کۆبوویەوە و لەکاتی قسەکردندا چاوی خۆی دادەخست و یەک بە یەک پرسیاری لێدەکردین. پرسیاری ئەوەی چ کارەی، لە کوێێ، شەهیدتان هەیە یانا؟. لە چاوپێکەتنەکە بۆ ماوەی دوو کاتژمێربەردەوام بوو قسەی لەسەر کێشەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مێژووی کوردستان و ڕاستینەی پەدەکە و تێکۆشانی تەڤگەری پەکەکە دەکرد. پاشان ڕێبەر ئاپۆ ماڵئاوایی لە ئێمە کرد و یەک بەیەک لە ئامێزی گرتین و دەیگوت ' لە لایەن منەوە سڵاو لە هەموو کەس بکەن".

'بەبینی ڕێبەر ئاپۆ هیوام تێدا دروست بوو'

ئوسێ رایگەیاند، بەختێکی گەوەرەی هەبوو کە ڕێبەر ئاپۆی بینوە و وا بەردەوام بوو: " لەو دیدارەوە هەرکاتێک وێنەی ڕێبەر ئاپۆ دەبینم، ئەو کاتانەم بیردێتەوە کە ڕێبەر ئاپۆم بینوە. لە ساڵی ١٩٨٣دا ئاشنای پەکەکەبووم، بەڵام لە ساڵی ١٩٩٥دا ڕیبەر ئاپۆم بینی، ١٢ ساڵ چاوەڕوانی بینینی ڕێبەر ئاپۆ بووم. کاتێک بۆ بینی ڕێبەر ئاپۆ بەرەو دیمەشق ڕۆشتم، بە خۆم دەگوت ئەمە ڕاستی نیە و خەیاڵە. بەڵام بۆم دەرکەوت ڕاستیە و بەبینی هیوای ژیانی خۆم هاتەدی".

'بە هەزاران گیانباز بوونیان هەیە، کە ژیانی خۆیان بۆ ڕێبەر ئاپۆ بەخت دەکەن'

ئوسێ لە بەردەوامی قسەکانیدا، ئەوەی خستەڕوو، کە بە هەزاران فیدایی و گیانباز هەن کە گیانی خۆیان لە پێناو ڕێبەر ئاپۆدا بدەنە بەر ئاگر و وتی: "نمونەیەکی ئەمە لە سەرتاسەری جیهان بوونی نییە، لە کاتی پیلانگێڕیدا لە هەموو شوێنێک بۆ ڕێبەر ئاپۆ چالاکی گیانبازی ئەنجامدرا. گەلان ڕاپەڕینە سەرپێ. ئەمڕۆش لە دژی گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ لە زیندانەکاندا خەبات دەکەن و چالاکی مانگرتن لە خواردن ئەنجام دەدەن. ڕێبەر ئاپۆ هەرچەندە لە زینداندایە بەڵام فکر و فەلسەفەکەی لە تەواوی جیهاندا بڵاوبووتەوە. بۆ ئازادی جەستەی ڕێبەر ئاپۆ دەبێت خەبات و تێکۆشانی بەردەوام بکەین".