دەسپێکی بانگەشەی هەڵبژاردنی دەم پارتی لە جورنەڕەش: لە ٢ ی حوزەیران، دیسانەوە سەردەکەوین

وتەبێژی دەم پارتی ئایشەگوڵ دۆغان لە جورنەڕەش قسەی کرد کە بڕیاری دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن دراوە و گوتی: "لە ٢ ی حوزەیران دیسانەوە سەردەکەوین، جورنەڕەش دەمە، دەم جورنەڕەشە".

پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) خەباتی هەڵبژاردنی لە جورنەڕەش دەست پێ کرد.  کە بڕیارە هەڵبژاردنەکە لە ٢ ی حوزەیران دووبارە بکرێتەوە، بۆ ئەم مەبەستە نووسینگەی هەڵبژاردنی کردەوە.

لەبەردەم نووسینگەی هەڵبژاردن، هاوشان لەگەڵ هاوڵاتیانی جورنەڕەش، وتەبێژ و بەشێک لە پەرلەمانتاران و کاندیدانی هاوسەرۆکی شارەوانی جورنەڕەشی دەم پارتی کۆبوونەوە.

وتەبێژی دەم پارتی ئایشەگوڵ دۆغان ڕایگەیاند جورنەڕەش لە ٣١ ی ئادار بڕیاری خۆی دا، گوتی: "کاری ئەوان هەر فێڵ و ساختەکاریە. بەڵام کاری ئێمە ئاوەدانکردنەوەیە. جورنەڕەش دیسانەوە بڕیاری خۆی دا. ئێمە لە ٢ ی حوزەیران دیسانەوە سەردەکەوین. جورنەڕەش دەمە، دەم جورنەڕەشە، بۆ ئەم مەبەستە شەو و ڕۆژ خەبات دەکەین".

چی قەوما؟

لە هەڵبژاردنی ٣١ ی ئادار کاندیدانی هاوسەرۆکی شارەوانی جورنەڕەشی دەم پارتی سەرحان پایداش و غەریب یەشیل بە ٥٢١ دەنگ سەرکەوتن. بەڵام ئێوارەی هەڵبژاردن لەلایەن برازایەکی کاندیدی ئاکەپە عەلی ئاسڵان بایک، موستەفا بایک و ٥٠ کەسی ترەوە، دوو سندووقی دەنگدان سووتێنران. پاشان ئاکەپەییەکان تانەیان دا و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن بڕیاری دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی دابوو. هەڵبژاردنەکە لە ٢ ی حوزەیران دووبارە دەکرێتەوە.