بە دیمەن

بۆ ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان ٣ملیۆن و ٦٩٩ هەزار واژۆ دەنێردرێت بۆ یەکێتی ئەوروپا

دەستپێشخەری ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان لە سوریا ئامادەکاری ناردنی ٣ ملیۆن و ٦٩٩ هەزار واژۆ دەکات بۆ یەکێتی ئەوروپا، کە لە ئەنجامی هەڵمەتی واژۆ کۆکردنەوەدا کۆکراوەتەوە. نوها عومەر: " ئامانجی سەرەکی ئازادی عەبدوڵا ئۆجالانە."

دەستپێشخەری ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان

دەستپێشخەری ئازدی عەبدوڵا ئۆجالان لە سوریا ئامادەکاری ناردنی ٣ ملیۆن و ٦٩٩ هەزار واژۆ دەکات بۆ یەکێتی ئەوروپا، کە لە ئەنجامی هەڵمەتی واژۆ  کردندا کۆکراوەتەوە. نوها عومەر ئەندامی دەستپێشخەری ئازادی عەبدوڵا ئۆجلان لە سوریا سەبارەت بە هەڵمەتەکە وڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی هەواڵی فوراتی دایەوە.

قۆناغی دووەمی هەنگاوی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستی پێکردووە. لە چوارچێوەی هەنگاوەکەدا تا ئێستا چ کارێک کراوە؟

ئەو هەنگاوەی بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێکرد، لە بیروڕای گشتی جیهاندا جێگەیەکی زۆر گرنگی گرتەوە. ئەم هەنگاوە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی٢٠٢٣ بە بەشداری لە ٧٤ وڵاتەوە و بە پێشەنگایەتی دۆستانی گەلی کورد دەستی پێکرا. ئەم هەنگاوە تا دێت گەشە دەکات و لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا بڵاوبووەتەوە. هەروەها ئەوانەی ئەو هەنگاوەیان دەستپێکرد و به شدارییان تێدا کردووە برتین لە، پارێزەران، نوسەر، چالاکوان، سیاسی و کەسایەتی ڕۆشنبیر. دوای ٤ ڕۆژ لە ڕاگەیاندنی ئەو هەنگاوە، لە ١٤ی تشرینی یەکەمەوە، گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەشداری چالاکییەکە بوون. لە پرۆسەی هەنگاوەکەدا توێژینەوە و چالاکیی زۆر گرنگ ئەنجامدراوە.

وەک دەزانن لە زۆربەی وڵاتاندا خەڵک بەشدارییان لە هەڵمەتی خوێندنەوەی بەرگرییەکانی ڕێبەر ئۆجالاندا کرد. قۆناغی دووەمی هەنگاوەکە لە ١٥ی شوبات بە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانی بە ڕێپێوانێکی گەورە لە شاری کۆڵن دەستیپێکرد. قۆناغی دووەمی هەنگاوەکە بە چەندین هەڵمەت و چالاکی جیاواز بەردەوام بوو. لە ٨ی مارس، ٢١ی ئادار، لەنەورۆزدا هەمووان لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکەدا  بەشێوەیەکی جەماوەری نەورۆزی ئازادیان لە ڕێبەر ئاپۆ پیرۆز کرد.

لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی چالاکی زۆر ئەنجامدراوە. یەکێک لەو چالاکییانە هەڵمەتی واژۆکردن بوو.  ئەم هەڵمەتە چەندەگرنگە؟

گرنگترین چالاکی ئێمە هەڵمەتی واژۆکردنە. بێگومان ئەمە یەکەمجار نییە کە ئەم چالاکییە ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەم هەڵمەتە کە لەم ماوەیەدا ئەنجامدراوە کاریگەری زۆری هەیە. هەڵمەتەکە لە ٤ی نیسان کۆتایی هات. ئامانجمان لەم هەڵمەتە کۆکردنەوەی ٣ ملیۆن واژۆ بوو. کۆی گشتی ٣ ملیۆن و ٦٩٩ هەزار واژۆ کۆکرایەوە. ئەمەش نیشانەی دڵسۆزی و وەفای گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریایە بۆ ڕێبەر ئاپۆ. هەنگاوەکە لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستیپێکرد، بەڵام بەشێک لە شارەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی دیمەشق بەشداری هەڵمەتەکە بوون.

ئیتر دۆسیەی ڕێبەر ئاپۆ وەکوو دۆسیەیەکی جیهانی دەبینرێت. بەم مانایە هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و مروڤ دۆستان وەک یەکێتی ئەوروپا، سی پی تی، DMME بەرپرسیارن  لەم بوارەوە. ئەوان ئەرکەکانیان بەجێ ناهێنن. ئێمە پێشتر نامەمان بۆ هەموو ئەو ناوەندانە ناردووە. دامەزراوەی سەربەخۆن و ئەرکیان دیارە. پێویستە بەرپرسیارێت هەڵبگرن. دۆسیەی ڕێبەر ئاپۆ هەم سیاسی، هەم یاسایی و هەم مرۆڤیە. هەموو ڕێکخراوە مەدەنییەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە گەڵ پارتە سیاسیەکان بەشدارییەکی کارایان لە کۆکردنەوە و ناردنی واژۆەکان کردووە. لە ئێستادا لە هەوڵی ئەوەداین بە ڕێگای دیپلۆماسی واژۆە کۆکراوەکان بنێردرێت بۆ یەکێتی ئەوروپا. لەم چوارچێوەدا لیژنە پێکهێنراوە.

لەمەوبەدوا قۆناغەکانی بەرەو پێشچوون چۆن دەبن؟

سیستەمی ئێستا هەیە، سیستەمێکی سەرمایەدارییە و زۆربەی کێشەکان لەم سیستەمەوە سەرچاوەدەگرن. سەرنجڕاکێش ترین شت؛ ئەوە بوو ئەو وڵاتەی ئەم هەنگاوە تێدا دەستیپێکرد لە ڕاستیدا ناوەندی سەرمایەدارییە. لەم ڕۆانگەوە گرنگی ئەم هەڵمەتە زۆر بەرزە. بێگومان ئەم هەنگاوە درێژەی دەبێت. دوای قۆناغی دووەم دەتوانێت بچێتە قۆناغێکی بەرزتر. لێرەدا ئامانجی سەرەکی تەنیا شکاندنی گۆشەگیری نییە، بەڵکوو ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیە.

چۆن وەک دەستپێشخەری لە قۆناغی دووەمی هەنگاوەکەدا بەردەوام دەبن لە چالاکییەکان؟

ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ تەنها لە پێناو گەلی کورد و عەرەب نییە، ئەمڕۆ هەموو مرۆڤەکان لە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ چارەسەری کێشەکانی خۆیان دەبیننەوە. ئەم سیستەمە کاریگەری جددی لەسەر تەندروستی ڕێبەرایەتی هەیە. ئەمەش نادادپەروەرییەکی گەورەیە. ئێستا وەک دەستپێشخەریی ئازادی ڕێبەرایەتی دوو لێکۆڵینەوەمان دەست نیشان کردووە. یەکێک لەوانە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیە و دووەمیان بڵاوکردنەوەی فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆیە بە هەموو جیهاندا. لەم ڕووەوە ئیتر چالاکییەکانمان تەنها لە چوارچێوەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا نامێنێت. چالاکییەکانمان لە هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرەوەی وڵات دەست پێدەکەین، بەردەوامیش دەبین لە پەرەدانی. لەم چوارچێوەدا گرنگی بە پەروەردە، ئیکۆلۆژی و باوەڕیی دەدەین. پێویستە فەلسەفە و پارادایمی ڕێبەرایەتی بۆ هەموو گەل و  چین وتوێژەکان ڕوون بکرێتەوە. پێشتر لە بواری یاساییەوە کارمان کردووە. بەبێ پچڕان بەردەوام دەبین لە چالاکییەکانمان وەک کۆنگرە، کۆنفرانس، پانێڵ، ناردنی نامە بۆ ناوەندەکانی پەیوەندیدار.

وەک دەستپێشخەریی پێش هەنگاوی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ چالاکی دیپلۆماسیتان هەبووە؟ هیچ پێشکەوتێک ڕوویداوە؟

پێش دەست پێکردنی ئەم هەنگاوە چالاکی ئەنجامدراوە. لە زۆربەی وڵاتان هەوڵی ناساندنی ڕێبەرایەتی، فەلسەفە و ئایدۆلۆژیاکەی دراوە، هەروەها هەوڵدراوە دۆزی ڕێبەرئاپۆ بخرێتە ڕۆژەڤی گەلانی جیهانەوە. لەو چوارچێوەیەدا شاندەکانمان سەردانی باشووری ئەفریقا و هەندێ وڵاتیان کردووە و لە چوارچێوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا چالاکی کراوە. نموونە کۆنفرانسێک بە بەشداری ١٠ وڵاتی عەرەبی بەڕێوەچوو. لەم کۆنفرانسەدا زۆر کەسایەتی گرنگ لە دەستپێکی ئەم هەنگاوەدا بەشداریان کرد. لە سوریادا کۆنفرانسی یاسایی و تەندروستی بۆ ڕێبر ئاپۆ لە ڕەقە بەڕێوەچوو. کەسانی گرنگ لە زۆر ناوچەی سوریاوە بەشداریان لەو کۆنفرانسانەدا کرد. بەرهەمی گرنگ بەدەست کەوتوون،  وەک دەستپێشخەریی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ درێژە بە چالاکییەکانمان دەدەین.