بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکەوە ٣٦٠ گوند بێ ئاو و کارەبا بوون

مەجلیس و کۆمینەکانی کۆبانێ ڕایانگەیاند بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە ناتوانن ئاو و کارەبا بە ٣٦٠ گوند بگەیەنن و پەیامی تێکۆشان و یەکگرتنیان دووپاتکردەوە.

مەجلیس و کۆمینەکانی کۆبانێ بە مەبەستی شەرمەزارکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و پشتیوانی لە دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە.

لەبەردەم ئەو وێستگەیەی لە ١٤ ی کانوونی دووەم لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بۆردوومانکراو و لە ئەنجامدا شاری کۆبانێ و ٣٦٠ گوند بێ کارەبا بوون، ڕاگەیاندراوەکە خوێنرایەوە.  

هاوسەرۆکی مەجلیسی شاری کۆبانێ، مستەفا عەتۆ هێرشەکانی داگیرکەری شەرمەزار کرد و گوتی: "وەک مەجلیس و کۆمینەکان تا کۆتایی لەگەڵ دامەزراوە خزمەتگوزارییەکانمان دەبین، پشتیوانی لە فەرمانگەی وێستگەی کارەبا دەکەین".

ئاماژەی بەوە کرد ئەم فەرمانگەیە شەو و ڕۆژ کاردەکات لەپێناو دابینکردنی پێویستییەکانی گەل، بەم بۆنەیەوە سوپاسیان دەکەین.

هاوسەرۆکی وێستگەی وزەی هەرێمی فورات، وەلید جمان سوپاسی مەجلیس و کۆمینەکانی کرد و گوتی هەموو شتێک دەکەن بۆ خزمەتی گەل.

وەلید داوای کرد لەم ساتەوەختە زەحمەتانەدا گەل پشتگیرییان بکات و زیادەڕۆیی لە بەکارهێناندا نەکەن.