بنەماڵەی شەهیدانی گەرکی لەگی داوای ئاشکراکردنی ڕەوشی ڕێبەری گەلی کورد دەکەن

مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی گەرکی لەگی ڕاگەیاندراوێکی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە و داوای کرد دەستوبرد ڕەوشی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئاشکرا بکرێت پاش ئەو بومەلەرزەیەی لە نزیکی ئیمراڵی ڕوویدا.

ڕاگەیاندراوەکە لەبەردەم بینای مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان لە شارۆچکەی ڕمێلان لەلایەن ئەندامی مەجلیسی شەهیدان عەلا دەهام و بە ئامادەبوونی ئەندامانی مەجلیسە سەربازی و مەدەنییەکان و نوێنەری هێزە سەربازییەکان خوێنرایەوە.

لە سەرەتای ڕاگەیاندراوەکەدا تیشکخراوەتە سەر گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و بێدەنگی جیهان و هێزە نێونەتەوەییەکان.

هەروەها تێیدا هاتووە: "چەند جارێک بوومەلەرزە لە دەوروبەری ئیمراڵی ڕوویداوە، ئەمەش نیگەرانی کردووین دەربارەی ڕەوشی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە هیچ شتێک لەبارەیەوە نابیستین و ڕێگە نادرێت بنەماڵە و پارێزەرانی سەردانی بکەن و نیگەرانیەکانمان بڕەوێننەوە".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا داوا دەکات: "ئەو ڕێکخراوانەی بانگەشەی مرۆڤایەتی دەکەن، پێویستە دەستوبرد جموجوڵ بکەن و گۆشەگیری ڕێبەر بشکێنن و ڕێگە بە سەردانیکردنی بدەن". هەروەها جەختیان کردەوە لەسەر تێکۆشان تا بەدیهێنانی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.