چالاکی قەڵغانی زیندوو بەردەوامە

چالاکییەکانی قەڵغانی زیندوو کە بۆ پاراستنی ناوەندە ستراتیژی و خزمەتگوزارییەکانی کانتۆنی جەزیرە دەستیان پێ کرد، بە بەشدارییەکی جەماوەری بەردەوامە.

دانیشتووانی هەرێمی جەزیرە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ پاراستنی ناوەندە ستراتیژی و خزمەتگوزارییەکان بەرخۆدان دەکەن. لەبەردەم ئەو ناوەندانە لە چەندین گوند و شار و شارۆچکەی کانتۆنەکە بوونەتە قەڵغانی زیندوو تاوەکو وێستگەکانی سوتەمەنی لە هێرشەکان بپارێزن. چالاکییەکە لە دێرک و تەل کۆچەر و گەرکی لەگی و تربەسپی بەردەوام بوو.

ئەندامی پەیەدەی دێرک، محەمەد سەعید ڕایگەیاند، بۆ شکست‌هێنان بە ئامانجی داگیرکەران بەرخۆدان و یەکگرتن پێویستە.

مەجلیسی ناوچەی تەل کۆچەر بە ڕاگەیاندراوێک داوای لە گەلانی جیهان کرد پشتگیری لە پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بکەن.

هاوسەرۆکی مەجلیسی ناوچەی گەرکی لەگی، زوڵەف بەدرۆ، گوتی: "ئێمە خاوەنی ئەم خاکەین و ئامادەیان خۆمان فیدای ئەم خاکە بکەین".

هاوسەرۆکی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی گەرکی لەگی، محەمەد جەمیل، گوتی: "بۆ ترساندنی دانیشتووان، هێرش دەکەنە سەر ناوەندە ستراتیژییەکان. دەبێت هۆشیار بین. هەرچەند هێرش و سیاسەتەکانی شەڕی تایبەت گرانتر بن، بەرخۆدانمان بەردەوامە".

ئەندامی ئیدارەی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدانی ناوچەی تربەسپی، عەتیە حەسەن، گوتی: "دەوڵەتی تورک دەیەوێت ئەو دەسکەوتانە بکاتە ئامانج کە بە خوێنی شەهیدان بەدەست هاتووە و ئیرادەمان بشکێنێت، پاش ئەوەی شەڕە تایبەتەکەیان دژی ئێمە شکستی هێنا".