فەرماندەیەکی داعش لە کەمپی هۆڵ کوژرا

لە کەمپی هۆل، قەسەدە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بە پشتیوانی هاوپەیمانی ناونەتەوەیی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان ئەنجامدا، لە ئۆپراسیۆنەکەدا فەرماندەیەکی داعش و هاوسەرەکەی کوژران.

هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بە پشتیوانی هاوپەیمانی ناونەتەوەیی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان لە کەمپی هۆل ئەنجامدا، لە کەمپەکەدا هەزاران خێزانی چەتەکانی داعشی تێدایە.

ئۆپەراسیۆنەکەی شەوی ڕابردوو بە هەڵکوتانە سەر خێمەیەکی کەمپەکە، لەلایەن هێزە هاوبەشەکانەوە ئەنجامدرا، لەو ئۆپراسیۆنەدا عوبەیدە ئەل عێراقی کە بەرپرسی چەتەکانی داعشە لە کەمپەکەدا کوژرا.

کاتێک فەرماندەکەی داعش ڕازی نەبوو کە خۆی ڕادەست بکات و هەوڵیدا خۆی بتەقێنێتەوە و هێزەکان گوڵە باران بکات، هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش وەڵامیان دایەوە. هاوسەری فەرماندەکەی داعش بەناوی ئۆم عایشە ڕازی نەبوو کە خۆی ڕادەست بکات. لە ئەنجامی دەستێوەردانی هێزە هاوبەشەکان، فەرماندەکەی داعش و هاوسەرەکەی کوژران.