ڕۆحی ١٢ی ئادار بە مۆدێلی نەتەوەی دیموکراتیک و خۆبەڕێوەبەری زیندوو بووەوە

کەنعان بەرەکات، هاوسەرۆکی کۆمیتەی هەرێمی جزیرێ: حکومەت ویستی لە 12ی ئاداردا گەل دژی یەکتر بەکار بهێنێ، بەڵام گەل پیلانەکەیان لەناو برد.

لە ساڵی ٢٠٠٤ یاریی تۆپی پێ لەنێوان تیپی تۆپی پێی جیهاد سپۆر و ئەلفۆتوا لە شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوا دەستی پێکرد. لە ئەنجامی تەقەی پۆلیسی ڕژێمی سوریا، دەیان کەس لەو یارییەدا گیانیان لەدەستدا. دوای ئەم ڕووداوە لە قامیشلۆ و پاشان لە شارەکانی تری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا سەرهەڵدان دەستی پێکرد. لە ئەنجامدا خەڵکێکی زۆر کوژران.

بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی بنەماڵەی شەهیدانی دەڤەری جزیرێ، لە ئەنجامی هێرشەکاندا ٢٩ کەس گیانیان لەدەستداوە و سەدان کەسیش برینداربوون. بەڵام شایەتحاڵانی ڕووداوەکە باس لەوە دەکەن کە ژمارەی کوژراو و بریندارەکان لەوە زیاترە کە باس دەکرێت.

هاوسەرۆکی کۆمیتەی کاروباری ناوخۆیی هەرێمی جزیرە، کەنعان بەرەکات کە یەکێکە لە شایەتحاڵەکانی پرۆسەی ١٢ی ئازار، لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەو کاتە قسەی کرد.

کەنعان بەرەکات ڕایگەیاند ئەو کۆمەڵکوژییەی کە ڕوویدا دەرئەنجامی سیاسەتە نکۆڵییەکانی دەوڵەتی سوریا دژی کورد بوو و وتی: "دەوڵەتی سوریا نزیکەی ٥٠ ساڵە سیاسەتی نکۆڵی لە گەلی کورد دەکات. هەرچەند هەزار ساڵە گەلی کورد لەسەر ئەم خاکە دەژی، بەڵام دەوڵەتی سوریا ساڵانێکە دان بەم گەلەدا نەناوە بەڵکوو وەک پەنابەر مامەڵە دەکات و سەدان هەزار کەس بەبێ ناسنامە لەم خاکەدا دەژین.

سیاسەتی نکۆڵی لە بوارەکانی ئابوری، سیاسی و پەروەردەییدا دژ بە گەلی کورد بەڕێوەچوو. واتە کورد لە ڕۆژئاوا وەک هاوڵاتی سێیەم و چوارەم لە چوارچێوەی سیستمی دەوڵەتی سوریادا دەبینرا. دەبێت لەم ڕوانگەیەوە ڕووداوی  مێژوویی ١٢ی ئادار هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.

ڕووداوی ١٢ی ئادار لە یاریگای قامیشلۆ لە یاری تۆپی پێی هەردوو تیپەکەدا ڕوویدا. بەڵام پێش ئەم ڕووداوە دەوڵەتی سوریا دەیویست ناکۆکی لە نێوان گەلان دروست بکات و ئەم کێشەیە وەک کێشەی نێوان دوو گەل نیشان بدات. بەڵام ئەم دوو گەلە سەدان هەزار ساڵە پێکەوە دەژین و قەد ململانێیەکی لەم شێوەیە لە نێوانیاندا رووی نەداوە. ئێستاش دەیانەوێت قەیرانی سوریا وەک شەر و ئاڵۆزی نێوان گەلان پیشان بدەن. بەڵام بەباشی دەزانرێت کە هەموو ئەو ئاڵۆزیانەی ڕوویانداوە، لە چوارچێوەی سیاسەتی نکۆڵیکردن لە دژی گەل ئەنجا دەدرێت.

پۆلیسی سوریا لە دژی یاریزانانی تۆپی پێ چەکی بەکارهێنا

ڕووداوی ١٢ی ئادار دەرئەنجامی سیاسەتی نکۆڵی و ئینکاریی بوو. لەو ڕۆژەدا پۆلیسی سوریا دژ بە تیپی وەرزشی جیهاد چەکی بەکارهێنا. یانەی وەرزشی جیهان سەر بە دەڤەری جزیر بوو و نەک هەر کورد، لە پێکهاتەکانی عەرەب و سوریانی تێدا بەشدار بوون. لە ڕۆژی یەکەمدا گەنجانێکی زۆر لە یاریگاکەدا گیانیان لەدەستدا، ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون. ئەگەر پۆلیسی سوریا وەک ئەوەی ناکۆکی لە نێوان دوو تیمەدا هەبێت مامەڵەی بکردایە، بەم شێوەیە ڕووداوەکە چارەسەر دەکرا و بێگومان ئەم دۆخە ڕووی نەدەدا.

کاتێک گەل بینییان کە لە یاریگاکە تەرمەکان دەردێنن، دژی وەستانەوە. ناڕەزایەتییەکان لە ڕۆژی یەکەمەوە لە قامیشلۆ دەستی پێکرد، دوای ماوەیەکی کەم لە سەرانسەری ڕۆژئاوادا بڵاوبوویەوە. نەک هەر لە ڕۆژئاوا، بەڵکو لە دیمەشق ناڕەزایەتی سەریهەڵدا. بێگومان ناڕەزایەتی گشتی تەنیا دژی ئەم ڕووداوانە نەبوو. ڕووداوی ١٢ی ئادار لە ڕاستیدا تەقینەوەی ڕق و کینە بوو بەرامبەر دەسەڵات. دەوڵەتی سوریا بە شێوەیەکی توندوتیژانە بەرامبەر گەل و بەشداربووانی سەرهەڵدانەکە وەڵامی دایەوە. بە دەیان کەس کوژران و سەدان کەس بریندار بوون.

لە سێیەم ڕۆژی ڕووداوەکاندا بە هەزاران کەس دەستبەسەر و ئەشکەنجە دران. تەنانەت ئەوانەی بەشدارییان لە سەرهەڵدانەکە نەکردبوو، دەستگیرکران. کەسانێکی زۆر لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستدا. حکومەت هەوڵیدا لەدژی کوردانی ڕۆژئاوا بازنەی ترس دروست بخوڵقینن، بۆیە لەچاو پێشووتر توندوتیژی زیاتریان بەکار هێنا.

گەلی عەرەب نەکەوتە نێو یاری دەوڵەتی سوریا

بەم هێرشە حکومەتی سوریا ئامانجی ئەوە بوو کە ناکۆکی لە نێوان گەلان دروست بکات و ئەو ڕووداوە وەک شەڕی کورد و عەرەب وێنا بکات. بەڵام هەڵوێستی گەل ڕوون بوو. گەل تێگەیشتبوون کە کێشەکە کێشەی نێوان کورد و عەرەب نییە، ئەم کێشەیە سەرچاوەی لە سیاسەتی نکۆڵی و ئەو گوشارانە وەردەگرێت کە ساڵانێکە ڕژێمی سوریا دژ بە کورد ئەنجامی دەدات.

ئەمڕۆ گەل بە ڕۆحی ١٢ی ئادارەو لە پڕۆژەی نەتەوی دیمۆکراتیکدا دەژین

ئەمڕۆ ٢٠ ساڵ بەسەر ئەم ڕووداوەدا تێپەڕ دەبێت، ساڵی ٢٠٢٤ بە میراتی ١٢ی ئادارەوە ئێمە گەیشتینە ئەمڕۆ. لەو کاتەدا زۆر کەس دەیانگوت ئەم بۆنەیە دوای چەند ڕۆژێک یان هەفتەیەک کۆتایی دێت و لەبیر دەکرێت. بەڵام ڕۆحی ١٢ی ئادار تا ئەمڕۆش دەژیت.

ئەمڕۆ بە شۆڕشی ڕۆژئاوا و دامەزراندنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری سیستەمێکی نوێ لە نێوان گەلاندا دامەزراوە. لە چوارچێوەی ئەم سیستەمە دیموکراتیکەدا هەموو گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەخۆدەگرێت و بە برایەتی و یەکسانی و هەلومەرجی ژیانی یەکسان لەگەڵ یەکدا دەژین. بێگومان ئەمڕۆ ئێمە بۆ بنیاتنانی ژیانێکی هاوبەشی دیموکراتیک لە نێوان گەلاندا تێکۆشان دەکەین. هەموو پێکهاتە و مرۆڤەکان مافی خۆیانە بە زمان و کولتوور و بە شێوەیەکی دیموکراتیک لەسەر خاکی خۆی بژی وسەرجەم چین و توێژەکان دەگرێتەوە.