مافە سەرەتاییەکانی ژیانی خەڵکی شەهبا پێشێل دەکرێن

هەرێمی شەهبا لە نێوان حکومەتی دیمەشق و بۆردومانی تورکیادا گەمارۆ دراوە. چارەنووسی ١٧ هەزار و ٥٩١ کەس لە تل ڕفعەت لە مەترسیدایە. دانیشتوانی عەفرین دەڵێن "هەتا دوایی خۆڕاگری دەکەین."

لە ساڵی ٢٠١٨ دوای داگیرکردنی کانتۆنی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانییەوە، سەدان هەزار دانیشتووی عەفرین ناچاربوون ڕوو لە هەرێمە جیاجیاکانی سوریا بکەن. بەڵام زۆربەیان لە هەرێمی شەهبا کە زیاتر لە ٣٠٠ هەزار کۆچبەرن، نیشتەجێن.

هەرێمی شەهبا لە ساڵی ٢٠١٧ لە لایەن شەڕڤانانی یەپەژە/یەپەگە لە دەستی چەتەکانی بەرەی نوسرە و داعش کە دەکەوێتە نێوان کانتۆنی عەفرین و شاری حەلەب ڕزگار کرا. هەرێمەکە لە چەند گوند و شارۆچکە پێکهاتووە کە گەورەترینیان تل ڕفعەتە.

شارۆچکەی تل ڕفعەت 35 ک م لە ڕێگای نێودەوڵەتیەوە دوورە کە لە شاری دیلۆک لە باکووری کوردستانەوە تا ناوەندی شاری حەلەب بەردەوامە. ٤٥٧ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە و ڕووبەرەکەی ٧١٠ هەکتارە و شارێکی دێرینە. بە عارفاد ناسراوە. مێژووەکەی بەنرخە، هەڵکەوتە جوگرافییەکەی وادەکات ببێتە ناوەندێک بۆ هەموو گوندەکانی دەوروبەری.

تل ڕفعەت ڕووبەڕووی زۆر مامەڵەی چەپەڵی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بووەتەوە، لە ئەنجامدا ٢٨ کەس کوژراون کە ٨ کەسیان منداڵن. ١٦ ڕۆژە گەل لە نێو بەرخۆدان و تاریکی و بۆردوماندا دەژیت.

لەلایەکی ترەوە حکومەتی دیمەشق بەردەوامە لە گەمارۆی نایاسایی هەرێمی شەهبا و ڕێگە نادات سووتەمەنی، دەرمان و خۆراک بگاتە هەرێمەکە. کەمی سووتەمەنی بووەتە هۆی پچڕانی کارەبا لە تەواوی ناوچەکە. بەم هۆیەوە تەنها بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکە کاردەکات.

لەو چوارچێوەیەدا، مەریەم عەبدولڕەحمان عومەر، خەڵکی عەفرین، بەرامبەر بە هێرش و گەمارۆدان ناڕەزایی دەربڕی و وتی:"ماوەی ٦ ساڵە حکومەتی دیمەشق گەمارۆی گەلی داوە. بەڵام ئەمساڵ، گەمارۆی زیاتری زیادتی لە سەر شەهبا داناوە، هەرێمەکە ماوەی ١٦ ڕۆژە گەمارۆیەکی سەختی لەسەرە، هیچ ڕێگەیەک نییە دەرمان و پێداویستییە سەرەکییەکان بێننە هەرێمەکەوە."

مەریەم وەبیری هێنایەوە کە ماوەی ٦ ساڵە هێرشەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک بۆ سەر هەرێمەکانی شەهبا و بەتایبەت تل ڕفعەت بەردەوامە و هێرش دەکەنە سەر خەڵکی سڤیل و لە ئەنجامدا زۆر کەس گیانیان لەدەستداوە. بەڵام هێزە نێودەوڵەتییەکان ئەم هێرش و کۆمەڵکوژیانە نابینن. پێویستە هەموو کەس بزانێت گەمارۆدانی حکومەتی دیمەشق و هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک هیچ کاریگەری لەسەر خۆڕاگریمان نابێت. تا هەموو ناوچەکانمان ئازاد دەبن ئێمەیش بەرخۆدان دەکەین."

هەروەها جگەرخوێن شێخۆ وتی:"دوای هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورک بۆ سەر شاری عەفرین و بەرخۆدانێکە کە گەل لە ماوەی ٥٨ ڕۆژ نیشانیدا، گەل ناچار بوون ڕوو لە هەرێمی شەهبا بکەن، بەڵام حکومەتی دیمەشق گەمارۆی لەناوبردنی بۆ سەر هەرێمەکان دەست پێکردووە، لەلایەکی ترەوە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بۆ هەرێمەکەمان بەتایبەت شارۆچکەی تل ڕفعەت بەردەوامە، ئامانجیان ئەوەیە گەل لە هەرێمی شەهبا دەربکرێن و لە عەفرین دوور بخرێنەوە و مافی ژیانیان پێشێل بکرێت."

جگەر خوین شێخۆ داوای لە ڕێکخراوە مەدەنییەکان و هێزە نێودەوڵەتییەکان کرد، لە بەرامبەر تاوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و حکومەتی دیمەشق هەڵوێستێکی کاریگەر نیشان بدەن.