سنوورەکانی ئێران تەلبەند و دیوار دەکرێت

سەرۆکی ئێران، ئیبراهیم ڕەئیسی بۆ کەمکردنەوەی قاچاخچێتی و کێشە ئەمنییەکان، بڕیاریداوە سنووری وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ تەلبەند و دیوار بکرێت.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران مەجید میر ئەحمەد ڕایگەیاند بە بڕیاری سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی سنوورەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ تەلبەند و دیوار دەکرێت.

میر ئەحمەد ڕایگەیاندووە، ساڵانە بەبەهای دەیان ملیار دۆلار قاچاخچێتی لە سنوورەکانی ئێران دەکرێت ئەمەش زیانێکی مەزنی ئابووری بە وڵاتەکە گەیاندووە، هاوکات قاچاخچێتی چەک و مادە هۆشبەرەکان مەترسی ئەمنی بۆ وڵاتە دەخوڵقێنێت، بۆیە سەرۆکی وڵاتەکە بڕیاریداوە سێ ملیار دۆلار بۆ فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکان تەرخان بکرێت لەپێناو تەلبەندکردن و دیوارکردنی سنوورەکان لەماوەی پێنج ساڵدا.

هەروەها ڕایگەیاند سەرپەرشتیکردنی ئەم کارە سپێردراوە بە سەرۆکی گشتی هێزە چەکدارەکان محەمەد باقری، ئامانج لە بڕیارەکەش کەمکردنەوەی زیانە ئابوورییەکان و مەترسییە ئەمنییەکانە.