شەڕی ئیسرائیل-ئێران: زیاتر لە ٦٠ فڕۆکە هێرشیان کردە سەر تاران، ئامانجەکە فۆردۆیە

هێرشەکانی ئێران و ئیسرائیل بۆ سەر یەکتر بەردەوامە. زیاتر لە ٦٠ فڕۆکەی ئیسرائیلی هێرشیان کردە سەر ئامانجە سەربازییەکانیان لە تاران. لە ئیسرائیلیش شاری بەئرشەبع بەئامانج گیرا و حەوت کەس برینداربوون.

شەڕی ئیسرائیل-ئێران

بەگوێرەی میدیای ئیسرائیل، زیاتر لە ٦٠ فڕۆکەی ئیسرائیلی بە شەو پێگە سەربازییەکانی ئێرانیان لە تاران بەئامانج گرتووە.

'ناوەندی توێژینەوەی ئەتۆمی بۆمبباران کرا'

یەکێک لە ناوەندەکان ناوەندی گشتی سپێند بوو کە ناوەندی لێکۆڵینەوەی چەکی ئەتۆمییە و لەلایەن موحسین فەریزادەوە دامەزراوە، موحسین فەریزادە لە ساڵی ٢٠٢٠ کوژرا.

بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، کاری ئەو ناوەندە توێژینەوەیە بەرهەمهێنانی چەک و تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی سەربازیی دەوڵەتی ئێرانە.

سێ ئامێری موشەکی بەئامانج گیران

سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، سێ ئامێری موشەکیی ئێرانیان بە ئامانج گرتووە کە بۆ هاویشتنی موشەک بەرەو ئیسرائیل ئامادە کرابوون. هەروەها ڕایگەیاند، بەشێوەیەکی هەستیار فەرماندەیەکی سەربازیی ئێرانیان بەئامانج گرتووە کە لە بەکارهێنانی ئەو ئامێرە موشەکییانەدا بەشداربووبوو.

ئەو ناوچەیەی کە حەشارگەی ژێرزەمینیی خامنەیی لێیە

دوای هێرشەکانی دوێنێی ئیسرائیل بۆ سەر گەڕەکی لاڤیزانی تاران. بەگوێرەی ئێران-ئینتەرناشناڵ، لەو ناوچەیە حەشارگەی ژێرزەمینیی عەلی خامنەیی، ڕابەری ئایینی ئێران و بنەماڵەکەی لێیە.

حەوت بریندار لەو شارەی ئیسرائیل کە بەئامانج گیرا

بەگوێرەی I24News، مووشەکێک کە بەرەبەیانی هەینی لەلایەن ئێرانەوە هاوێژرا، لە شاری بەعر شەبا کەوتە خوارەوە، لە ئەنجامدا چەند ئۆتۆمبێلێک گڕیان گرت و بارەگایەک زیانی بەرکەوت. نەخۆشخانەی سۆرۆکا ئاشکرای کرد کە حەوت کەس بەسووکی بریندار بوون و ڕایگەیاند، زۆربەی ئەو کەسانە لەو کاتەدا کە بەرەو حەشارگەکان دەچوون یاخوود بەهۆی فشاری تەقینەوەکەوە برینداربوون. خزمەتگوزاری فریاکەوتنی خێرای ماگۆن دەیڤد ئادۆمیش ڕایگەیاند کە ٣٠ کەس تووشی ترس و دڵەڕاوکێ بوون.

سوپای پاسداران: پارکی سیبەرمان کردە ئامانج

سوپای پاسداران بەرپرسیارییەتیی ئەو هێرشەی لە ئەستۆ گرت و ڕایگەیاند، لە بەعر شەبا ئەوان پارکی سیبەریان کردووەتە ئامانج و ئەم پاڕکە پەیوەندی بە سوپای ئیسرائیلەوە هەیە. بە گوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، سوپای پاسداران بەتایبەتی ناوەندەکانی ناوەندی مایکرۆسۆفتیان کردووەتە ئامانج و ئەو ناوەندەیان وەک ناوەندی پاڵپشتیی سەربازیی لە زەمینەکانی زیرەکی دەستکرد و هەواڵگریدا پێناسەکردووە.

نەتانیاهۆ: زیاتر لە نیوەی ئامێرە مووشەکهاوێژەکان تێکشکێنراون

بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، 'زیاتر لە نیوە'ی ئامێرە مووشەکهاوێژەکانی ئێران تێکشکێنراون.

ئامادەکارییەکانی هێرش بۆ سەر ناوەندی ژێرزەمینیی فۆردۆ

بەگوێرەی هەواڵێکی ئێران-ئینتەرناشناڵ لە زمانی دوو بەرپرسی باڵای ئیسرائیلەوە، ئیسرائیل ئامادەکاریی دەکات بۆئەوەی لە ڕۆژانی داهاتوودا بە هاوکاری ئەمریکا بێت یانیش بێ بەشداریی ئەمریکا، هێرش دەکاتە سەر وێستگەی ئەتۆمیی ژێرزەمینیی فۆردۆ.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە داوە، لە ٤٨ بۆ ٧٢ کاتژمێری داهاتوودا وا بەباش دەزانن لەگەڵ واشنتۆن چالاکیی هاوبەش ئەنجام بدەن، بەڵام بۆ پاراستنی توانای سەربازیی ئەم هەفتەیە دەتوانن بەتەنیا شەڕەکە بەڕێوەبەرن.

ترەمپ لە هەموو لایەکەوە دەتوانێت هێرش بکات

بەگوێرەی میدیاکانی ئیسرائیل، سەرچاوەیەکی تری سەربازیی ئاشکرای کردووە کە لەوانەیە ترەمپ لەماوەی دوو بۆ سێ رۆژی داهاتوودا بریاری هاتنەناوەوە بۆ ناو شەڕەکە بدات.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش ڕایگەیاند کە ئەو لەماوەی دوو هەفتەدا بڕیار دەدات کە ئەمریکا بەشداریی لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا دەکات بۆ سەر ئێران یان نا.