بە دیمەن

سیامەند موعینی: لەم پرۆسە مێژوییەدا پێویستە هەموو هێزە کوردییەکان پێکەوە بجوڵینەوە

ئەندامی مەجلیسی بەڕێوەبەری پەژاک سیامەند موعینی ئاماژەی بەوەدا شەڕی ئیسرائیل-ئێران دەرنجامی هەرێمی لەگەڵ خۆییدا دێنێت و گوتی، پێویستە هەموو هێزە کوردییەکان لە ئێران لەم پرۆسە مێژووییەدا یەکگرتووبن و بەپێی بەرژەوەندییەکانی گەل بجوڵێنەوە.

سیامەند موعینی

ئەندامی مەجلیسی بەڕێوەبەری پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) سیامەند موعینی لە ڕێگەی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ەوە هەڵسەنگاندی بۆ کاریگەری و دەرنجامەکانی شەڕی ئیسرائیل-ئێران کرد لەسەر هەرێمەکە. هەروەها پەیوەست بە کاریگەر و دەرنجامەکانی شەڕەکەوە بانگەوازی بۆ یەکگرتوویی هەموو هێزە کوردییان کرد  و جەختی لەوەکردەوە وەک پەژاک لە هەموو ڕوویەکەوە ئامادەن بۆ پاراستنی گەل.

موعینی دەستنیشانیکرد لەگەڵ جەنگی ئیسرائیل-ئێراندا قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوی پەڕیوەتەوە بۆ قۆناغێکی دیکە و گوتی، ئەم شەڕە لەسەر بنەمای بەرژوەندییەکانی سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەیە، کە بە هەموو شێوەیەک نکۆڵی لە گەلان و فرەڕەنگییەکان دەکەن و هەوڵی لەناوبردنی دەدەن.

موعینی ئاماژەی بەوەدا شەڕی ئیسرائیل-ئێران شەڕ و ناکۆکییەکانی هەرێمەکە قورستر و ئاڵۆزتر دەکات و ڕایگەیاند ئەم شەڕە خزمەت بە ئازادی گەلان ناکات، ئەوەی هەیە دەرنجامی حیساباتەکانی هەژموونی هەرێمی هەردوو دەوڵەتەکەیە.

موعینی ڕایگەیاند وەک پەژاک هەوڵدەدەن گەلی کورد لە دەرنجامە ڕوخێنەرەکانی جەنگ بپارێزن و دەستنیشانیکرد پەیوەست بە شەڕ و دەرنجامەکانییەوە هەموو کاتێک بە هەموو شێوەیەکەوە ئامادەن.

موعینی ئەوەیشی بیرهێنایەوە گەلی ئێران ساڵانێکە لەژێر فشاری دەوڵەتی ئێراندایە و توشی قەیرانێکی ئابووری سەختی کردوون و گوتی: "پێویستە گەلانی ئێران و بەتایبەت گەلی کورد خۆیان بۆ ئەم پرۆسەیە ئامادەکەن و پێویستە گەلی کورد لە یەکێتی و ڕێکخستنییدابن و پێکەوە هەنگاوبنێن. گەر لە هەموو ڕوویەکەوە ئامادەنەبین، ڕەنگە ڕژێمی ئێران بە ستەمی فاشیستیانەی خۆییەوە هێرشی سەر گەلەکەمان بکات. بۆیە ئەرکی بنەڕەتییمان پاراستنی گەلەکەمانە."

موعینی جەختی لەوەکردەوە لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە لە دژی هەرجۆرە دەستوەردانێک لە دژی گەل ئامادەن و گوتی: "گەر هەر جۆرە هێرشێک بکرێتەسەر گەلەکەمان ئەوا ئێمە لە هەموو ڕوویەکەوە ئامادەی وەڵامدانەوەی هێرشەکانین."

ئەندامی مەجلیسی بەڕێوەبەری پەژاک سیامەند موعینی داوای لە هەموو هێز و پارتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد جیاوازییە سیاسی و ئایدۆلۆژییەکانیان بخەنەلاوە و پێکەوە لەم پرۆسەیەدا بجوڵێنەوە و گوتی: "پێویستە هەموو هێزە کوردییەکان لەم پرۆسەیەدا جیاوازییە سیاسی و ئایدۆلۆژییەکانیان بخنەلاوە و پێکەوە لەیەک بەرەدا بن. ئامانجی ئەم بەرەیەش پێویستە پاراستنی گەلەکەمان بێت لە بەرانبەر هێرشەکانی ڕژێم."