شێخ مورشید خەزنەوی، زانا و مامۆستایی ئایینی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ نوێمیدیا٢٤ (Numedya24) قسەیکرد و ئاماژەی بەوەدا ناسنامەی ئاینی و نەتەوەییش لە پێناو دادپەروەری و ئازادییدا لەسەر ڕێگەی تێکۆشانە.
خەزنەوی گوتی: "دەبێت ئایین نەبێتە ئامرازێک بۆ سەرکووتکردن و نادادی بەدەستی ڕژێمەکانەوە، من ئاین بۆ بەرژەوەندی سیاسی بەکارناهێنم، بە پێچەوانەوە باوەڕیەکەم واملێدەکات پشتیوانی ستەم لێکراوەکان بکەم لە دژی ستەمکاران بوەستمەوە."
شێخ مورشید خەزنەوی کە لەسەر ڕێچکەی باوکێتی، لە دژی ئەو ڕژێمانە دەوستێتەوە کە ئایین وەک ئامڕاز بەکاردێنن بۆ سەرکووتکردن و ئاماژەی بەودا: "تێکۆشان بۆ پاراستنی مافەکانی گەلی کورد کە ئێستا دەستیان بەسەردا گیراوە، ئەرکێکی باوەڕی و ئایینیە."
ئەو زانا ئایینیە پشتگیری مۆدیلی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوای کوردستانی کرد و گوتی: "مۆدیلی ڕۆژئاوای کوردستان لەسەر بنەمای پاراستنی ژنان، فرەڕەنگی و ئازادی دامەزراوە، تەنها درووشمێک نیە، بەڵکو لە مەیدان خۆی سەلەماندووە. هاوکات وتیشی: "ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ بەهێزکردنی ژنان لەناو سیاسەت و کۆمەڵگەدا، هاوکات مۆدێلێکە کە ڕێز لە هەموو ئاین و باوەڕیەکان دەگرێت و خۆی لەسەر ئازادی و یەکسانی بوونیات دەنێت. ئەوانە تەنها درووشم نین بەڵکو بەرجەستە کراون.
خەزنەویی لە درێژەدا ئەمەی گوت: "ماف وەک دیارییەک پێشکەش ناکرێت، یان وەک خێرێک نیە بدرێت بەو کەسانەی کە ڕوحی خۆیان لەسەری داناوە. بە پێچەوانەوە بە فشار وەردەگیرێت! ئەو رۆڵەی ئێمە پێی هەڵدەستین دەبێت بەم شێوەیە بێت: بۆ بە دەستهێنانی مافەکانی خۆمان دەبێت یەکێتیی خۆمان دروست بکەین. هەموو ئەو ئاستەنگانەی لە ژێر ناوی ئایین و سیاسەت ڕووبەڕوومان دەبێتەوە دەبێت تێیپەرێنین و بۆ هەموو جیهانی بسەلمێنین گەلەکەمان تێک ناشکێت."
خەزنەوی تیشكی خستە سەر ناسنامەی گەلی کورد، پێی وایە ناسنامەی گەلی کورد پرسی هەبوونە و بەم شێوەیە درێژەی بە نرخاندنەکانیدا: "بەهێزترین ڕاستی ئەوەیە؛ ناسنامەی من کوردییە بەڵام نەتەوەپەرستی نیە بەڵکو پرسێکی بوونیادییە، بابەتی دادپەوەریە و تێکۆشانە لەبەرامبەر هەموو ئەو رژێمانەی کە بە سەدان ساڵە گەلەکەمان دەچەوسێننەوە."
'بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ ئاڵۆزییەکانی کەمکردووەتەوە'
شێخ مورشید خەزنەوی سەرنجی خستە سەر بانگەوازی ئاشتیی ڕێبەر ئاپۆ و وتی: "لەگەڵ بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی، شەڕ لە ناوچەکە کەمبووەتەوە، هەربۆیە بە دڵنیاییەوە دەبێت یەکێتیی گەلی کورد بونیات بنرێت."
لە کۆتایی قسەکانیدا تیشکی خستەسەر ئەوەی کە خۆی وەک کەسایەتییەک چی لە دەست بێت دەیکات بۆ گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کورستان و وتی: "زانابوونی من لە بواری ئاین بە واتای ئەوە نایەت کە خۆم لە پرس و کێشەکانی کۆمەڵگا دوور بخەمەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە زانابوون واتا بەرپرسیارییەتی لە تێکۆشان بۆ دادپەروەریی راستی ژیان."