وتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) ئایشەگوڵ دۆغان لە ناوەندی گشتی پارتەکەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕێکخست.
ئایشەگوڵ دۆغان لە کۆنگرەکەدا 'بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک'ـی ٢٧ی شوباتی ڕێبەر ئاپۆ و بڕیارەکانی پەکەکەی پەیوەست بە بانگەوازییەکەوە هەڵسەنگاند و گوتی: "ئەو دۆخەی لە ئێستادا پێیدا تێپەڕدەبین، پەیوەست بە لایەن و ڕەهەندەکانی پرۆسەکەوە نیشاندەری ئەوەیە لەسەر ڕێچکەی خۆی بەڕێوەدەچێت. دۆخی بنبەست یان قەیراناوی نییە."
'کلیلی چارەسەری دیموکراتیزەکردنە'
ئایشەگوڵ دۆغان باسی لەوەشکرد یەکێک لەو بابەتانەی زۆر نیگەرانیان دەکات بابەتی زیاتربوونی شەڕ و ناکۆکییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوینە کە ڕێبەر ئاپۆیش لە هەڵسەنگاندنەکانییدا ئاماژەی پێکردووە. دۆغان ئاماژەی بەوەدا پرسی کورد و ئازادی گەلی کورد لە تورکیا و ناچەکەدا دابڕاو نییە لە شەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئەمەی گوت: "پێویستە بە زووی گۆرەپان و ڕەهەندەکانی سیاسەتی دیموکراتیکی بەهێزبکرێت، پەرە بە پێشکەوتنە دیموکراتیکییەکان بدرێت. جارێکی دیکە دووبارەی دەکەینەوە کلیلی چارەسەری و کۆتایهێنان بە شەڕ دیموکراسی و دانوستانە."
ئایشەگوڵ دۆغان لە قسەکانییدا جەختی لەوەکردەوە پێویستە و کاتی ئەوەیە هەنگاو بۆ پێکێهێنانی کۆمیسیۆن بنرێت و ئاشکرای کرد پێویستە نوعمان کورتولموشی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دەستپێشخەری بکات بۆ ئەم کارە و هەموو لایەنەکان کۆبکاتەوە.
'پێشکەوتنی پرۆسەکە پێویستی بە پراکتیکی نوێ هەیە'
ئایشەگوڵ دۆغان لە دریژەدا ئەمەی گوت: "بەڵی پێویستمان بە لێدوانی ئەرێنی هەیە، بەڵام گوفتار هەموو شتێک نییە و پێکهێنانی کۆمیسیۆن پێویستی بە کردارە. بۆیە کۆمەڵگە پێویستی لەپاڵ لێداوانی ئەرێنییدا پێویستی بە پراکتیکی نوێ هەیە و بەم شێوەیە پرۆسەکە پێشدەکەون."