بە دیمەن

بە چاوی دڵ سەیری هونەر دەکەن

وڵات و خەلیل دوو برای نابینان، لە ساڵی ٢٠١٧ەوە بەشداری چالاکییە کەلتووری و هونەرییەکان دەکەن. ئەم برایانە بە گۆرانییەکانیان حەسرەتی خۆیان و هیوای گەڕانەوەیان بۆ عەفرین دەردەبڕن.

حەسرەتی گەڕانەوە بۆ عەفرین

وڵات محەمەد خولۆ (٣٤ ساڵ) و خەلیل محەمەد خولۆ (٤٠ ساڵ) دوو بران کە بە نابینا لەدایک بوون، لە ساڵی ٢٠١٧ەوە بەشدارن لە تەڤگەری هونەر و کولتووری دیموکراتیکی میزۆپۆتامیا (تەڤ-چاند).

ئەم دوو برایە خەڵکی گوندی کەفەر سەفرەی جندرێسی کانتۆنی عەفرین لە تەمەنی دەستپێکی گەنجیەوە ئاشنا دەبن بە دەنگی هونەرمەندانی کورد و حەزیان لە مۆسیقا بووە. پاش داگیرکردنی عەفرین کلیپەکانی "داگیرکەر"، "تۆ لە دڵم نزیکتری" و "ئاخ ئەی گوندەکەم"یان بڵاوکرانەوە، هەروەها کلیپەکانیان بۆ گۆرانی "هاوارەکانی برا" ئامادەکاریی بۆ دەکرێت بڵاو ببێتەوە.

کاریگەری هونەرمەندان بابی سەڵاح و جەمیل هۆرۆ

وڵات سەرەتا ڕوونیکردەوە کە چۆن حەزیان لە مۆسیقا بووە و دەڵێت: "بەو پێیەی نەماندەتوانی بیبینین، دەنگەکان بەردەوام سەرنجمانی ڕادەکێشا. ئێمە نەماندەتوانی ببینین، بەڵام دەمانتوانی ببیستین. کاتێک دایکم سەرقاڵی ئیش و کار دەبوو، مۆسیقای بۆ هەڵدەکردین. دەتوانم بڵێم ئێمە لەگەڵ گۆرانیدا گەورە بووین. دایکم کاسێتەکانی بابی سەڵاح و جەمیل هۆرۆی زیاتر بۆ هەڵدەکردین. لە ڕاستیدا ئێمە بە دەنگی بابی سەڵاح و جەمیل هۆرۆ گەورە بووین. لەو کاتەدا تەمەنم نزیکەی ١٠ ساڵ بوو. خەلیلی براشم تەمەنی ١٦ ساڵ بوو.

ولات، دەرچووی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی شاری حەڵەبە، هەروەها خەلیلی برا گەورەکەی هان داوە بۆ ئەوەی دەست بە هونەر بکات. ولات لە بواری مۆسیقادا پەروەردەی بینیوە بۆ ئەوەی بتوانێت دەنگی خۆی بە شێوەیەکی دروست و کارا بەکاربهێنێت و لە ساڵی ٢٠١٧ لەگەڵ خەلیل بەشداری تەڤگەری کەلتوور و هونەری دیمۆکراتیکی میزۆپۆتامیا کردووە.

وڵات لە میانەی قسەکانیدا دەڵێت، کوێربوونمان هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ژیانمان نییە. چاوی ​​دڵمان و هەستەکانمان بەسە بۆ ئەوەی بەردەوام بین لە ژیان. هەرچەندە ناتوانین ببینین، بەڵام دەتوانین بە هەستەکانمانەوە نزیک بینەوە و دەربڕیان بکەین. ئێمە ڕووناکی نابینین، لە تاریکیدا دەژین، بەڵام دەتوانین بەرهەم بخوڵقێنین. ئێمە ناتوانین ببینین بەڵام یارمەتیدەری هونەرین. هیچ شتێک لە خزمەتکردنی گەلەکەمان شکۆمەندانەتر و دڵخۆشتر نییە. بەشداریکردنمان لە چالاکییە کولتووری و هونەرییەکان بۆ ئێمە بەسە. ئێمە لە هاودەنگی لەگەڵ کۆمەڵگادا یارمەتیدەری یەکترین."

داگیرکاری ژیانی ئەوانی سەخت کردووە

ئەگەرچی دوای داگیرکردنی عەفرین بۆ برایانی وڵات و خەلیل زەحمەت بوو بێنە شەهبا، بەڵام بە دامەزرانی سیستەم لە شەهبا درێژەیان بە ژیانی هونەری خۆیان دا. وڵات دەڵێت لە خاکی خۆماندا ژیانێکی خۆشمان بەسەر دەبرد. ئێمە لەگەڵ عەفرین ڕاهاتبووین، ئاسان نەبوو ئەو خاکەی لێی گەورە بووین بەجێبهێڵین. هاتووچۆمان ئاسانتر بوو. بۆ نابیناکان قورسترە ئەو شوێنانە بەجێبهێڵن کە تێدا ڕاهاتوون. ئێمە بەردەوام بە حەسرەتی عەفرینەوە دەژین، دەزانین ڕۆژێک دێت دەگەڕێینەوە بۆ عەفرین و بەم هیوایە دەژین. وەک چۆن مرۆڤ ناتوانێت بەبێ نان و ئاو بژی، ناتوانێ دوور لە خاکەکەشی بژی. 'عەشقمان بۆ خاکەکەمان بووە بە هیوا و هەناسەی ژیانمان.'

حەزیان لە گۆرانی وتنە

خەلیل و وڵات دەڵێن، ئێمەش وەک هەر عەفرینییەک چاوەڕێی گەڕانەوە بۆ خاکی خۆمان دەکەین. گرنگ نییە چی ڕوودەدات، ڕۆژێک دێت بە هەڵمژینی هەوای عەفرین درێژە بە ژیانمان دەدەین."