دەم پارتی لە بێرەجوک محەمەد بەگیتی شەرمەزار کرد

لە کۆبوونەوەی مەجلیسی شارەوانی بێرەجوک، محەمەد بەگیت کە ماوەیەکی کەم پاش هەڵبژاردن دەستی لە دەم پارتی کێشایەوە، لەلایەن ئەندامانی مەجلیسەوە شەرمەزارکرا.

محەمەد بەگیت لە هەڵبژاردنەکانی ئیدارەی هەرێمی ٣١ ی ئادار لە ناوچەی بێرەجوکی ڕحا وەک کاندیدی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) هەڵبژێردرا. بەڵام لە ٢٩ ی نیسان دەستی لەکار کێشایەوە. ناڕەزایەتییەکان دژی بەگیت بەردەوامن. لە یەکەم کۆبوونەوەی مەجلیسی شارەوانیدا ١٥ ئەندامی مەجلیسەکە محەمەد بەگیتیان شەرمەزار کرد و لافیتەی "دەست لەکار بکێشەوە"یان بەرزکردەوە، پاش شەرمەزارکردنەکە، ئەندامانی مەجلیس هۆڵەکەیان جێهێشت.

باس لەوە دەکرێت بەگیت سوکایەتی و هەڕەشەی بەرامبەر ئەندامانی مەجلیس بەکارهێناوە. پاش چالاکی شەرمەزارکردنەکە، ئەندامانی مەجلیسەکە ڕاگەیاندراوێکیان خوێندەوە، هاوسەرۆکی شارەوانی بێرەجوک، بێریڤان ماناس ئیلکایا ڕایگەیاند درێژە بە ناڕەزایەتی دیموکراتیکی خۆیان دەدەن. ماناس گوتی: "ئێمە کەوتووینەتە نێو قۆناغێکی خیانەتکارییەوە، تا کۆتایی درێژە بە تێکۆشان دەدەین. محەمەد بەگیت بە بانگەشەی نەخۆشانە پارتەکەمان ڕەش دەکات و ڕەنجی هەڤاڵانمان و ئیرادەی گەلەکەمان ڕەچاو ناکات، کەوتۆتە نێو بازرگانییەکی قێزەونەوە؛ ئەم کارەی محەمەد بەگیت شەرمەزار دەکەین و داوا دەکەین دەست لە کار بکێشێتەوە. مێژوو و گەلەکەمان ئەم خیانەتە لەبیر ناکەن".

ماناس ڕایگەیاند هەموو ڕۆژێک بە چالاکی و خۆپیشاندانی جیاواز ناڕەزایەتی دەردەبڕن.