دەم پارتی: گەل ڕێگە بە قەیوم و داخستنی پارتەکە نادات

وتەبێژی مەجلیسی ژنانی دەم پارتی خالیدە تورکئۆغلو ڕایگەیاند گەل ڕێگە بە قەیوم و داخستنی پارتەکە نادات و گوتی: "ئێمە لە هەموو جێگەیەک پارادایمی ئازادیخوازی ژن کە بەڕێز ئۆجالان ئەندازیارێتی، دەخەینە بواری جێبەجێکردنەوە".

مەجلیسی ژنانی دەم پارتی

هاوسەرۆکانی ژنی شارەکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بۆ نرخاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و هێڵی تێکۆشانی سیاسی ئایندە، لە ناوەندی گشتی پارتەکە کۆبوونەوە.

وتەبێژی مەجلیسی ژنانی دەم پارتی خالیدە تورکئۆغلو ڕایگەیاند دەسەڵات ساڵانێکە هەوڵی ڕەشکردنی سیستەمی هاوسەرۆکایەتی دەدات، بەڵام ژنان لەم هەڵبژاردنەدا وەڵامی گونجاویان دایەوە، سیستەمی هاوسەرۆکایەتیان سەرخست و سیاسەتی ساختەکاری و نادادی و قەیوم مایەپووچ بوو.

خالیدە جەختی کردەوە، دەسەڵات ئەم سەرکەوتنەی پێ هەرس نەکرا، ئۆپەراسیۆنی دژی ژنان زیادکردووە، کوشتن و توندوتیژی دژی ژنان و دەربازبوونی تاوانباران لە سزا تەشەنەی کردووە. گوتی: "دەم پارتی، پارتی ژنان و گەنجان و کرێکاران و زەحمەتکێشان و هەژارانە، ئەوانەی بە هەڕەشەی داخستنی پارت و دانانی قەیوم، شارەوانییەکانمان دەکەنە ئامانج، پێویستە باش بزانن ژن و گەلان ڕێگە بەم کارە نادەن".

خالیدە تیشکی خستەسەر ئەشکەنجەدانی ئەو زیندانیانەی دژی گۆشەگیری ئیمراڵی مانیان لە خواردن گرتووە، گوتی: "دیسانەوە هۆشداری دەدەینە وەزارەتی داد، دەڵێین، هەڵوێست دژی گۆشەگیری تاوان نییە، بەڵکو درێژەدان بە سیستەمی گۆشەگیری تاوانە، پێویستە سزای سەر زیندانیان کۆتایی بێت".

خالیدە تورکئۆغلو تیشکی خستەسەر هێرشەکان بۆ سەر چاپەمەنی ئازاد و دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەوانانی کورد گوتی: "هێرشی سەر خەباتکارانی چاپەمەنی بە توندی شەرمەزار دەکەین".

خالیدە جەختی کردەوە پێویستە ژنان دژی سیاسەتی گۆشەگیری و شەڕ تێبکۆشن، گوتی: "پێویستە پارادایمی بەڕێز ئۆجالان لە هەموو جێگەیەک بڵاوبکرێتەوە و پیادە بکرێت. ئەم تێکۆشانە، تێکۆشانی نان و ئازادی و یەکسانی و ژیانی شکۆدارە. تێکۆشانی دادپەروەرییە"؛ هەروەها ڕایگەیاند گۆشەگیری بناغەی هەموو قەیرانەکانی وڵاتە، پێداگری لەسەر گۆشەگیری و توندوتیژی، واتای تەشەنەکردنی هەژاری و برسێتییە.

لەکۆتاییدا جەختی کردەوە، هێڵی تێکۆشانی ژنان، هێڵی سێیەمە دژی سیاسەتی حیساب بۆ نەکردن و جیاکاریی پیاوسالاری، واتای بونیادنانی ژیانێکە دوور لە توندوتیژی و ڕەنجخۆری.