شەهیدانی سەرهەڵدانی ١٢ ی ئادار لە قامیشلۆ یادکرانەوە

لە قامیشلۆ مەراسیمێکی یادکردنەوە بۆ شەهیدانی سەرهەڵدانی ١٢ ی ئادار بەڕێوەچوو، لە یادەکەدا پەیامدرا "بەرخۆدان بەرامبەر گۆشەگیری و قڕکردن و داگیرکاری بۆ پاراستنی شۆڕشی گەلان بەردەوام دەکەین".

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی کانتۆنی جەزیرە مەراسیمی یادکردنەوەی شەهیدانی سەرهەڵدانی ١٢ ی ئاداری ٢٠٠٤ لە ٢٠ هەمین ساڵیادیدا بەڕێوەچوو. مەراسیمەکە بە درووشمی "لە ٢٠ هەمین ساڵیادی سەرهەڵدانی قامیشلۆ، هەموو پیلانگێڕییەکان بە یەکێتی و خوشک و برایەتی گەلان لەناودەبەین" لە یاریگای شەهیدانی ١٢ ی ئاداری شاری قامیشلۆ بەڕێوەچوو. هەزاران دانیشتووی کانتۆنەکە و نوێنەرانی دامەزراوە و بزووتنەوە و پارت و پیاوماقوڵان و ڕێکخراوەکانی کانتۆنەکە بەشداربوون.

هاوسەرۆکی مەجلیسی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی کانتۆنی جەزیرە، تەڵعەت یونس سڵاوی لە هۆشیاری گەل کرد بەرامبەر هەوڵەکانی فیتنە و ئاژاوەکان و بەڵێنی دا بۆ بەرزکردنەوەی تێکۆشان لەپێناو سوریایەکی هەمەڕەنگ و دیموکراتیک و لامەرکەزی.

لە بنەماڵەی شەهیدانی کانتۆنەکە، محەمەد جەمیل ڕایگەیاند سەرهەڵدانی ١٢ ی ئادار میراتی تێکۆشانی گەل و تەڤگەری ئازادی گەلی کوردە، بەرهەمەکەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک بوو کە هەموو پێکهاتەکان دەگرێتەخۆ و گوتی: "بەرامبەر سیاسەتەکانی دژی ئیرادەی گەلی هەرێمەکە دەوەستینەوە".

ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار، ڕەمزیە محەمەد ڕایگەیاند یەکگرتوویی کورد و عەرەب و سریان مسۆگەری سەرکەوتنە و گوتی: "بەرخۆدان بەرامبەر گۆشەگیری و قڕکردن و داگیرکاری بۆ پاراستنی شۆڕشی گەلان بەردەوام دەکەین".

پاشان مناڵێک بە ناوی محەمەد بەتال هەڵبەستێکی لەسەر یەکێتی بە زمانی کوردی خوێندەوە.

هەروەها مەجلیسی وەرزشی کانتۆنەکە ٨ یاریزانی پێشووی تیمی جیهادی خەڵات کرد، هەروەها باوکی شەهید حیسام کەنجۆ، عەبدوڵا کەنجۆی خەڵات کرد.

لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، یارییەکی تۆپی پێ لەنێوان تیمی کانتۆنی جەزیرە (بە جلوبەرگی تیمی جیهاد) و تیمی کانتۆنی دەیرەزۆر ئەنجامدرا.