رێکخستنەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)-ئەوروپا رایگەیاند، لە ئێستادا و لە پێواژۆی شەڕی جیهانی سێهەم کە لە رۆژهەڵاتی ناوین لە ئارادایە، پێویستە گەلە خۆباوەڕ و تێکۆشەرەکەمان مەودای خەباتەکەی هەمەلایەنانەتر و چڕوپڕ بکاتەوە و لەو دەرفەتە کە بە ئیرادەی کەموێنەی خۆی خۆلقاندوویەتی، سوود وەربگرێت.
رێکخستنەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)-ئەوروپا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، لە رۆژانی یەک هەتا پازدەی شوبات لە ئەوروپا چالاکی بۆ ئازادی عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد بەڕێوە دەبەن.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، "داوا لە گەلە مەزنەکەمان بەگشتی و گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات بە تایبەت، هاوکات لە هەموو ژنان، پیاوان و گەنجانی دێمۆکرات و ئاشتیخواز، لایەنگرانی مافی مرۆڤ و هەموو ئەوانەی کە داکۆکیکاری ئازادی، دادپەروەری و کەرامتی ئینسانن، دەکەین کە بەشداری چالاکییەکانی دەرەوەی وڵات بۆ ئازادی سەرۆک ئاپۆ بکەن و هەروەها لە هەڵمەتی واژۆ کۆکردنەوە بۆ ئەو مەبەستە، رۆڵی چالاکانە بگێڕن.
دەقی ڕاگەیەنراوی رێکخستنەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)-ئەوروپا بەم شێوەیەیە:
"دوای رووخانی یەکێتی سوڤیەت و کۆتایی شەڕی سارد لە دەستپێکی دەیەی ٩٠ی سەدەی رابردوودا، هاوکێشە سیاسی، ئابووری و سەربازی و ...ەتد، لە نێوان بلۆکی سۆڤیەت و رۆژئاوادا تێکچوو. هەر بەوجۆرە کە چاوەڕوان دەکرا، هاوشێوەی قوناخەکانی رابردوو، زلهێزە دەسەڵاتخوازەکان، دابەشکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی لایەنی بەرامبەر کە دۆڕاو بوو، دەستپێکرد. دیزاینی سەرلەنوێی بەرژەوەندییەكان و هەرێمەکانی ژێر کاریگەری ئەوان خرایە پلانەوە.
سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە، کە لە سەدەی رابردوودا بەرژەوەندییەکانی زلهێزەکانی دنیای لەم دەڤەرە بە باشی دەستەبەر کردبوو، پێویست بوو بە پێی بارودۆخ و هاوکێشەی سەردەمی ئیستا، نوێ بکرێتەوە. دابەشکردن و دیزاینی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببووە پێویستییەکی سەردەم و هەنووکەیی.
بەڵام کۆسپی سەرەکی سەررێی ئەم پلانە لە هەرێمەکەدا، تەڤگەری ئاپۆیی و سەرۆک ئاپۆ بوو، کە بە هەڵسەنگاندنێکی بناغەیی و بابەتیانەی دۆخی ڕابردوو و سەردەم و بە داڕشتن و فۆرموولە کردنی ژێرخانی ئایدیۆلۆژی و فەلسەفی پێویست، کەسایەتی داگیرکراو و ڕووخاوی کوردی سەرلەنوێ ئامادە و بە پێی پێداویستییەکانی سەردەم و بۆ ئەرکی مەزنی دیمۆکراسی و ئازادی نیشتمان ئامادە و بە ڕێکخستن کردبوو.
هەربۆیەش لە پێواژۆیەکی دوور و درێژ و بە کۆمپلۆیێکی بەرفراوان و هەمەلایەنانە و ناجوامێرانەدا، بە بەدیلگرتنی سەرۆک و بەند کردنی لە دورگەی ئیمڕالی، بە خەیاڵی خۆیان گەلی کوردیان بێ هیوا و ئیرادەیان تێکشکاندووە و لاوازیان کردووە، بەڵام وەک دیتمان ئیمڕالی بوو بە کانگای بەرخۆدان و گەلەكەمان یەكگرتووتر و ئامادەتر لە هەموو کاتێک دیکە، پلان و پیلانەکانی دوژمنان و نەیارانیان یەک لە دوای یەک مایەپووچ و بێکارگەر کرد. دوای پیلانی ڕەشی پازدەی شۆباتی ١٩٩٩ی زایینی، گەلە هوشیار و زیندوە کەمان ڕۆژانە و بێوچان، چالاکی لە بەردەم داموودەزگا نێونەتەوییەکانیان، شەقام و گۆڕەپانی شارەکانی دنیایان کردۆتە ئامانجی خەباتی ماندوویی نەناسانە و سرنجی دونیای ئازادیخواز، لایەنگرانی ئاشتی، مافی مرۆڤ و دێمۆکراسیان لە چوارگۆشەی دنیا بۆ ئامانجە پیرۆزەکەیان ڕاکێشاوە و دۆژمنان و نەیارانیان تووشی سەسوڕمان کردووە و هاوکێشەکانیان بە قازانجی دۆزی رەوای گەلی کورد گۆڕیوە.
لە ئێستادا و لە پێواژۆی شەڕی جیهانی سێهەم کە لە رۆژهەڵاتی ناوین لە ئارادایە، پێویستە گەلە خۆباوەڕ و تێکۆشەرەکەمان مەودای خەباتەکەی هەمەلایەنانەتر و چڕوپڕ بکاتەوە و لەو دەرفەتە کە بە ئیرادەی کەموێنەی خۆی خۆلقاندوویەتی، سوود وەربگرێت و هەموو هێز و توانای خۆی بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئامانجە پیرۆزەکان و هەروەها بۆ ئازادی سەرۆک، زۆرتر لە هەمووکات وەگەڕ بخات و پەرەی پێبدات.
لەو پێناوەدا لە رۆژانی یەک هەتا پازدەی شوبات لە دەرەوەی وڵات چالاکی جۆراجۆر بەڕێوە دەچێت. لێرەوە داوا لە گەلە مەزنەکەمان بەگشتی و گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات بە تایبەت، هاوکات لە هەموو ژنان، پیاوان و گەنجانی دێمۆکرات و ئاشتیخواز، لایەنگرانی مافی مرۆڤ و هەموو ئەوانەی کە داکۆکیکاری ئازادی، دادپەروەری و کەرامتی ئینسانن، دەکەین کە بەشداری چالاکییەکانی دەرەوەی وڵات بۆ ئازادی سەرۆک ئاپۆ بکەن و هەروەها لە هەڵمەتی واژۆ کۆکردنەوە بۆ ئەو مەبەستە، رۆڵی چالاکانە بگێڕن."
ف.ق