بەگوێرەی ماڵپەری رەستاك، دوێنێ هێزە ئەمنیەكان و هێزە ئیستخباراتیەكان هێرشیان كردە سەر گوندی رووشن ئابادی هەرێمی كورین لەشاری زاهدان و دوو برای گەنجیان دەستگیر كرد.
دوو مێرمنداڵە گەنجەكە ناویان"ئاسف شەبەخش"ی ١٧ ساڵان و "قاسم شەبەخش"ی ١٨ ساڵانە. تا ئێستا هیچ شتێك لەسەر تاوانەكەیان و چارەنووسیان بڵاو نەكراوەتەوە.
ئەم سەرچاوەیە لەهەواڵێكی تریاندا رایانگەیاندوە؛ دوابەدوای گوللەبارانكردنی راستەوخۆی هێزە ئەمنیەكانی ئێران لەدوو هاوڵاتی بەلووچ لەگوندی"دە رەشید"ی سەر بەشاری زابۆل، كەسێك كۆژراوە و یەكی تریش بریندار بووە.
ناسنامەی كۆژراوە"میلاد سارانی"یە و ئەوەی برینداریش باوكی كۆژراوەكەیە بەناوی"عەبدلرەئووف سارانی" كە گوللە بەرقاچی كەوتووە.
بەگوێرەی زانیاریەكان؛ ئاماژە بەوە دەكەن هێزە ئەمنیەكان لەكاتێكدا ئەو باوك و كوڕەیان گوللەباران كردوە كە باوكەكە سەرقاڵی كردنەوەی دەرگای ماڵەكەیان بووە و تا ئێستاكەش هۆكاری گوللەبارانكردنی باوك و كوڕەكەش دیار نییە.
ف.ق