دەوڵەتی تورک جێبەجێکردنی 'مافی هیوای' بۆ رێبەر ئۆجالان رەتکردەوە

دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەبارەی گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان 'پلانی چالاکی' پێشکەشی کۆمیتەی وەزیرانی کۆنسەی ئەوروپا کرد و جارێکی دیکە جێبەجێکردنی 'مافی هیوای' رەت کردەوە.

پارێزەرانی نوسینگەی یاسایی سەدە و کۆمەڵەی یاساناسان بۆ ئازادی، وەقفی لێکۆلینەوەی کۆمەڵایەتی و یاسایی، کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ و وەقفی مافەکانی مرۆڤی تورکیا، لەبارەی 'سزای زیندانی هەتاهەتایی قورس' لەسەر عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و چەند زیندانیەکی دیکە بەناوی حەیاتی کایتان، ئەمین گوربان و جوان بۆڵتان، لە چەند کاتی جیاوازدا سەردانی کۆمیتەی وەزیرانی کۆنسەی ئەوروپا کرد. پارێزەرانی عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و یاسایی لە سەردانەکەدا ئاماژەیان بە بریاری پێشێلکردنی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا لەبارەی سزای زیندانی هەتاهەتایی قورس کرد و داوایان کرد بە زوترین کات بکرێتە رۆژەڤ و قسەی لەسەر بکرێت.

لەسەر ئەم بابەتە، کۆمیتەی وەزیرانی کۆنسەی ئەوروپا کاتی بۆ تورکیا دیاری کردبوو کە تاوەکو کۆتایی مانگی ئەیلولی ٢٠٢٢ لەبارەی 'سزای زیندانی هەتاهەتایی قورس' زانیاری بدات و هەنگاوی بنێت. تورکیا لە ١٤ی تشرینی یەکەمدا بۆ چاودێریکردنی 'مافی هیوا' پلانێکی چالاکی نوێی پێشکەش کرد.

لە پلانی چالاکیەکەدا باسی بریاری پێشێلکردنی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا لەبارەی سزای هەتاهەتایی قورس کرابوو. تورکیا لە پلانی چالاکیەکەدا بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە بەپێی یاسا بۆ ئازادکردنی کەفالەت هەندێک میکانیزم هەن بەڵام هەندێک 'تاوانی تایبەت' هەن کە ئەم یاسایە نایگرێتەوە. بەم شێوەیە جارێکی دیکە دوبارەی کردەوە کە ئەوانەی 'تاوان'یان ئەنجامداوە لە مافی 'هیوا' بێبەش دەبن.

لە پلانی چالاکیەکەدا بۆ 'سزای زیندانی هەتاهەتایی قورس' باسی هیچ یاسایەک بۆ راستکردنەوە نەکراوە و باسی ئەوەکرا کە بەرپرسان، لەبارەی مەرجی ئەو کەسەی سەردان دەکات بەم شێوەیە بیر دەکەنەوە کە پیویستی بە رێوشوێنی تایبەتی زیاتی نییە کە کۆمیتەی وەزیران لە لێکۆلینەوەی پێشوودا پێشنیازیان بۆ کردبوو."

ف.ق