بەپێی ڕاگەیەندراوی غوڵام حوسێن موحسنیی ئەژەیی سەرۆکی دەزگای دادوەری لە تاران، ئەو خۆپیشاندەرانەی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراون لە دادگای "تایبەت" دا دادگایی دەکرێن.
سەرۆکی دەزگای داد ڕاشیگەیاند، سکاڵا لە دژی هەموو ئەو کەسانە تۆمار دەکرێت، کە بە ئاشکرا پشتگیرییان لە "ڕاپەڕینەکان" کردووە.
ڕاگەیاندنەکانی سەر بە دەزگا ئەمنییەکانی رژێمی ئێرانیش بڵاویانکردووەتەوە، دەبێت وەک دەستدرێژیکاران و تاوانباران مامەڵە لەگەڵ ناڕەزاییەکان و خۆپیشاندەران بکرێت.
حکومەت و دەسەڵاتی دادوەریی رژێمی ئێران خۆپیشاندەران بەو "سەربازانە" پێناسە دەکەن، کە لە دەرەوە بە پارە بە کرێگیراون.
بەڕای چاودێران، ئەگەری ئەوە هەیە چالاکوانان بەساڵان سزای زیندانییان بەسەردا بسەپێنرێت.
دەوترێت دادگا تایبەتەکانیش لەسەر بنەمای دادگای شۆڕشن، کە گوایە ئەو دادگایە سزای ئەو کەسانە دەدات، کە لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی کاریان کردووە و ئەو دادگایە بەوە ناسراوە، کە سزای قورس بەسەر هاووڵاتیاندا دەسەپێنێت.
بە وتەی دەزگای دادوەری ئەگەر کەسایەتییە ناسراوە ئێرانییەکانیش بە ئاشکرا پشتگیرییان لە چالاکوانە ناڕازییەکان و خۆپیشاندانەکان کردبێت، سکاڵاش لە دژی ئەوان تۆمار دەکرێت.
ئەوە لە کاتێکدایە، لەم ڕۆژانەی دواییدا کەسە ناسراوەکانی بواری سینەما و وەرزش لە ئێران پشتگیرییان لە چالاکوانان کرد و ڕەخنەیان لە دەوڵەتی ئێران گرت.
تا ئێستا نازانرێت چەند ژن و پیاو لە خۆپیشاندانەکانی سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دا دەستگیرکراون. تا ئێستا تەنها دەستگیرکردنی زیاتر لە هەزار کەس لە باکوری ئێران پشتڕاستکراوەتەوە. چاودێران نیگەرانن لەوەی، کە هەزاران کەس لە سەرتاسەری ئێران دا دەستگیرکرابن.
ژ.ت