هاوپەیمانی ئازادی ئەوروپا: پێویستە کۆتایی بە گۆشەگیری بهێنرێت و زیندانیە سیاسیەکان ئازاد بکرێن

هاوپەیمانی ئازادی ئەوروپا رایگەیاند، ئەوان بانگەوازی کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد و ئازادکردنی زیندانیە سیاسیەکان لە تورکیا دەکەن.

هاوپەیمانیەکە کە لە ٤٧ پارتی جیاخواز و ئۆتۆنۆمیخوازی یەکێتی ئەوروپا پێک دێت و وەک رێکخستنێکی چەتری گەلانی بێ دەوڵەت، دەوڵەتە نوێکان، هەرێم و کەمینەکان لە ئەوروپا دەناسرێت، لەبارەی گۆشەگیری ئیمڕالی، بەرخۆدانی زیندانەکان و لەیلا گیوڤەن کە دەستگیرکراوە، راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیەنراوەکەدا باسی ئەوەکرا، دوو ساڵە لەسەر یەکەمین راگەیەنراویان تێدەپەڕێت کە داوای کۆتاییهێنانیان بە گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و ئازادکردنی زیندانیە سیاسیەکان لە تورکیا کردبوو. هەروەها ئاماژەی بە لەیلا گیوڤەن پەرلەمانتاری کورد کردبوو کە دوای ٨٠ رۆژ لە چالاکی مانگرتن لە خواردن، لە زیندان ئازادکرا، بەڵام لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠دا جارێکیتر دەستگیرکرا و بە بیانوی بانگەشە بۆ (تیرۆر) ٢٢ ساڵ سزای زیندانی بەسەردا سەپێنراوە.

لە هەمان بەشی راگەیەنراوەکەدا، باسی بێتاوانی لەیلا گیوڤەن کراوە و دەگوترێت، "زیندانیکردنی لەیلا گیوڤەن و سزادانی نیشانەی مێژووی ئەو فشارەیە کە لەسەر خەڵکی کورد لە تورکیا هەیە."

هاوپەیمانی ئازادی ئەوروپا ئەوەی خستەڕوو کە زیندانیە سیاسیەکان بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، ٦٠ رۆژە دەستیان بە چالاکی مانگرتن لەخواردن کردووە. هەروەها بانگەوازێکی ئاڕاستەی تورکیا کرد کە پیویستە حکومەتی تورک کۆتایی بە بەکارهێنانی توندوتیژی، گرتن و گۆشەگیری سەر زیندانیان بهێنێت.

لە کۆتایی راگیەەنراوەکەدا هاوپەیمانیەکە بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد و ئازادکردنی زیندانیە سیاسیەکان لە تورکیا بانگەوازێکی بڵاوکردەوە و وتی، "بۆ رەخساندنی چارەسەریەکی سیاسی کە هەموو کۆمەڵگا و گەل بە شێوەیەکی راستەقینە لە تورکیایەکی دیموکراتیکدا پێکەوە بژین، پێویستە دەست بە دانوستانەکانی نێوان حکومەتی ئەردۆغان و بەرپرسە کوردەکان بکرێت.

ف.ق