کەجەدەکە_ئە: وەرن لە کۆڵن بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ مێژوو بنووسینەوە

کەجەدەکە_ئە بە ڕاگەیاندراوێک بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ، بانگەوازی لە گەلی کورد کرد، بە ڕۆحی سەفەربەری بڕژێنە کۆڵن.

بانگەواز بۆ ڕێپێوانی کۆڵن

کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کوردستانیان لە ئەوروپا (کەجەدەکە_ئە) ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "گۆشەگیرییەکی توند کە لە جیهاندا وێنەی نییە، لەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەسەپێنرێت. ئیتر ئەم گۆشەگیرییە نامرۆڤانەیە قبووڵ ناکەین کە ئامانجەکەی دابڕینی پەیوەندی نێوان ڕێبەر ئاپۆ و گەلی کوردە. گۆشەگیری ئیمراڵی هێرشێکی دژی ژیانی ئازادی گەلان".

کەجەدەکە_ئە لە ڕاگەیاندراوەکەیدا دەڵێت: "سیستەمی ئیمراڵی سیستەمی ئەشکەنجەیە و دەبێت بگۆڕێت. کۆنسەی ئەوروپا و سی پی تی سەرەڕای بڕیارەکانیان، بە ئەرکی خۆیان ڕاناپەڕن و بێدەنگن، ئەمە دووبارە هەبوونی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی پیشان دەداتەوە. ڕێبەر ئاپۆ نەک بۆ کورد، بۆ گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و گەلانی بندەست هیوایەکی مەزنە. ڕێبەر ئاپۆ، ئیدی ڕێبەرێکی نێونەتەوەییە.

ڕێبەر ئاپۆ پێشەنگی ئاشتی و ئازادی ژنان و پێکەوەژیانی ئازاد و یەکسانی گەلانە.

سبەی سەدان هەزاران کەس بە هۆشیاری و بەرپرسیارێتییەوە ڕوودەکەنە کۆڵن. ئیرادە و هەڵوێستی بەهێز نیشان دەدەن. ڕێپێوانی سەد هەزار کەسی ڕێگە بۆ پرۆسەی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دەکاتەوە.

لەم ڕووەوە، دەبێت هەموو گەلەکەمان لە ئەوروپا، ژنان و بەتەمەنەکان و مناڵەکان و پیشەوەران و خوێندکاران و کرێکاران و دۆستەکانمان و هەمووان لە گەلانی دی، ڕووبکەنە کۆڵن و بۆ ئاشتی و ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دەنگ هەڵبڕن. ئێمە وەک کەجەدەکە_ئە بانگەواز لە هەمووان دەکەین، بە ڕۆحی سەفەربەری بەشداری ڕێپێوانەکەی کۆڵن بکەن".