دەقی راگەیاندراوی كۆمسێۆنی باشوری كۆنگرەی كۆمەڵگەی دیموكراتی كورد لە ئەوروپا بە بۆنەى ساڵیادی شەهید بوونی سەردەشت عوسمان:
"یادی شەهید بوونی زەردەشت عوسمان بەرز و بەڕیز ڕادەگرین
زەردەشت عوسمان ئەو گەنجەی کە هیچ تاوانێكی نەبوو جگە لەوەی دەیویست بەشێوەیەکی ئازادانە لەگەڵ گەلەکەی ژیان بەردەوام بكات، ئەو گەنجێك بوو باش دەسەڵاتی ستەمكاری هەولێر و بنەماڵەی بارزانی ناسی بوو، هەربۆیە بوێرانە و ئازایانە بە بەڕویاندا وەستایەوە، سەرئەنجام لە سەر دەربڕینی بیر و بۆچوون و ڕای ئازاد، زەردەشت بە بەرچاوی خەڵكەوە بە ڕۆژی ڕووناك ڕفێنرا و دواتر بەشێوەیەکی نامرۆڤانە تیرۆر كرا، تەرمەکەی لە نزیک شاری موسڵ فڕێدرا.
ئەم تاوانە بەئاشکراو بەڕوونی لە ئەستۆی دەسەڵاتی هەولێر و بەتایبەت هەموو دەستەکان بۆ مەسرور بارزانی درێژ دەکرێت، سەرکوت و تیرۆر و تۆقاندن لەژێر دەسەڵاتی سەرانی بنەماڵەی بارزانی مێژوویەكی درێژی هەیە، ئەم مێژووە نە بەزەردەشت عوسمان دەستیپێکرد و نەبە تیرۆری ئەویش کۆتایی پێهاتووە.
لەئێستاشدا سەدان چالاکوانی سیاسی و مەدەنی لە زیندانەکانی هەولێر و بادینان زیندانین و لە بارودۆخێکی یەکجار سەخت و دژواردا ڕۆژگار بەسەردەبەن، بەدەیان دەستبەسەر و زیندانی بێ تاوانی کوردانی باکور و شۆڕشگێرەکانی لەسەر داوا و داخوازی دەوڵەتی تورک و میت زیندانی کراون.
لەچەند ڕۆژی ڕابردووش هێزە ئەمنیەکانی شاری هەولێر بە فەرمانی سەرۆکی حکومەت، هێرشی توندیان کردە سەر خۆپیشاندەرانی شاری هەولێر کە دژی داگیرکاری دەوڵەتی تورک و هاوکاری و خیانەتی سەرانی پارتی و بەتایبەت مەسرور بارزانی ئەنجام درابوو.
ئێمە وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی زەردەشت عوسمان، لەهەمان کاتدا بە دەنگی زولال هاوار دەكەین و دەڵێن (کات کاتی شکاندنی بێدەنگییە)، كاتی هاتنە مەیدانی ئازادیخوازان و گەلی ستەملێكراوی كوردە، کە ئیتر سنورێک بۆ دەسەڵاتی سەرکوت و ئیرهابی بنەماڵەی بارزانی دابنێن.
ئێمە وەک کۆمسیونەکانی باشوری کوردستانی (کەجەدەکە_ئەوروپا)، بانگەوازی لە گەلی کورد لە ناوەوە و دەرەوەی ووڵات دەكەین بە ڕۆحی پیرۆزی ئازادی و نەترسی زەردەشت عوسمان بێنە دەنگ لەدژی دەسەڵاتی پارتی و بنەماڵەی بارزانی، لەهەر ووڵات و شار و شوئنێك كە کوردی ئازادیخواز هەیە بە بەرفراوانی بەشداری بكەن لە یادی تیرۆری زەردەشت عوسماندا و بێ دەنگی بشكێنن لە بەرامبەر بنەماڵەی بارزانی."
ژ.ت