کۆنگرەی دەنگە ناڕازییەکان: هاوڕێیانمان لە بادینان و هەولێر ئازاد بکەن

کۆنگرەی دەنگە ناڕازییەکان سەبارەت دەستگیرکراوانی بادینان و هەولێر داخوازینامەیەکی ئاڕاستەی چەندین لایەنی ئێراقی و جیهانی کردوە و داواکارە بۆ ئازادکردنیان فشار بخەنە سەر پەدەکە.

کۆنگرەی دەنگە ناڕازییەکان کە لە ژمارەیەک کەسایەتی باشوری کوردستان لەناوەوەی دەرەوی وڵات لەخۆ دەگرێت، سەبارەت دەستگیرکراوانی بادینان و هەولێر و گوشارەکان و سیاسەتی سەرکوتکەرانەی پەدەکە لەو دوو هەرێمە داخوازینامەیەکی ئاڕاستەی چەندین لایەنی ئێراقی و جیهانی کردوە.
لە داخوازییەکەدا کە کۆپییەکی بۆ ئاژانسەکەمان فوڕات نیوز نێردراوە، داواکارە بۆ ئازادکردنیان فشار بخرێتە سەر پەدەکە.

دەقی داخوازینامەکە:
 

بەڕێزان ...
- سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق 
- دادگای فیدراڵی عێراقی
- وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا
- وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا
- سەرۆکایەتی نەتەوە یەکگرتوەکان
- بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا 
- رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی جیهان 
- نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە عێراق 
- سەرجەم باڵیۆزخانەی وڵاتان، لە بەغداد 
- سەرجەم کونسوڵخانەی وڵاتان، لە هەولێر 
  چەندین مانگە دەسەڵاتە خۆسەپێن و تاوانکارەکەی هەرێم، زیاتر لە ٧٥ مامۆستا و چالاکوانی بادینان و هەولێری ڕفاندوەو لە زیندانەکان بەندیکردون و مەترسی گەورە لەسەر ژیانی لانی کەم ٢٦ کەسییان دروستبوە. دەسەڵات دەیەوێت بە کۆمەڵێک تۆمەتی ناڕاست و هەڵبەستراو کەیسەکانییان بگۆڕێ، تاوەکو بە یاسای کۆنی سزادانی عێراقی و یاسای ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆر دادگاییان بکات، لە دۆخێکی وادا سزاکانییان دەگاتە ٥ تا ٢٠ ساڵ زیندانی. ئەوەش لەکاتێکدایە، کە ئەو دەستگیرکراوانە ژمارەیەک هاوڵاتی و چالاکوانی مەدەنین و داوای موچە و دادپەروەریی و چاکسازی دەکەن و هیچ کاریکی نایاساییان ئەنجام نەداوە.
ئێوە دەزانن حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە نزیکەی 500 هەزار بەرمیل نەوت و بڕێکی زۆر گازی سروشتی دەفرۆشێت، هەروەها داهاتی شەش دەروازەی نێودەوڵەتی و داهاتی ناوخۆ و چەندینجار ٣٢٠ ملیار دینار لە عێراق و هاوکاری هاوپەیمانان وەرگیراوە، بەڵام بە دوو مانگ جارێک بە لێبڕینی ٢١%وە موچە دابەشدەکات و زۆرینەی داهاتی هەرێم بۆ بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان و کۆمپانیا حیزبی و کەسییەکانییان دەڕوات.
لەبەرامبەردا هەر کەسێک خۆپیشاندان بکات، یان بە نیازی خۆپیشاندان بێت، لە لایەن هێزە ئەمنی و چەکدارە حیزبییەکانەوە بە دڕندانەترین شێوە لەسنوری دەسەڵاتدارێتی پارتی دیموکراتی کوردستان (هەولێر و دهۆک) ڕوبەڕوی لێدان و گرتن دەبێتەوە، بە هەمان شێوە لە سنوری دەسەڵاتدارێتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا (سلێمانی و هەڵەبجە)، لە چەند مانگی رابردودا ٧ خۆپیشاندەریان شەهیدکرد.
مەخابن لەبەرامبەر ئەم هەموو تاوانانەی دەسەڵاتدارانی هەرێمدا لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵوێستێکی پێداگرانە نییە و تا ئەم ساتەش نەتانتوانیوە سنورێک بۆ پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ لەم هەرێمەدا دابنێن. سەرانی هەرێمیش ئەم بێ دەنگییەیان قۆستوەتەوە بۆ بەرژەوەندی دەسەڵاتی رەهای خۆیان و واهەست ئەکەن لەسەرووی یاساو لێپرسینەوەوەن. 
لە تازەترین نامەشدا کە لە ٢٩ی ١ی ٢٠٢١ کەسوکاری زیندانییەکان ئاڕاستەی خەڵکی کوردستان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤییان کردوە، بە ڕاشکاوی مەترسی خۆیان لەوە دەخەنە ڕوو کە ئەم دەسەڵاتدارانە، لە رێگەی دادگا بە حیزبیکراوەکانەوە باوک و کوڕو براکانییان بە تۆمەتی ناڕاستی قورس، ڕوبەڕوی حوکمدان بکرێنەوە.  
لەم سۆنگەیەوە، داواکارین بەپەلە لێکۆڵینەوە لەژیانی رفێندراو و دەستگیرکراوەکانی ناو زیندانەکانی هەردو حیزبی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان دەستپێبکەن و فشاریش بکەن بۆ ئازادکردنیان و لە بەرامبەردا بەرپرسانی هەرێم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ڕوبەڕوی دادگا بکەنەوە، بۆ ئەمە چاوەڕێی هەوڵ و هیمەتتانین. 
    
     پەیامێکی تریشمان بۆ دامەزراوە فیدراڵیەکانی عێراق و رەوەندی کوردی و خەڵکی کوردستانە:
سەرەتا داوا لە نوێنەرانی کوردو کوتلەکانی تری ناو ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەکەین کار بکەن بۆ دروستکردنی دادگایەکی تایبەت، بۆ ئەوەی لەوێوە فەرمانی دەستگیرکردن و داگاییکردن بۆ ئەو بەرپرسانەی هەرێم و شارەکانی دیکەی عێراقیش دەربکرێت، کە بە ئارەزوی خۆیان خۆپیشاندەران و رۆژنامەنوسان و چالاکوانان و هاوڵاتییان ڕوبەڕوی گرتن و لێدان و پاکتاوی جەستەیی دەکەنەوە.
هاوکات داوا لە ڕەوەندی کوردی ئەکەین، لە سەرجەم وڵاتان، دژی دەسەڵاتدارە خۆسەپێن و تاوانکارەکانی هەرێم بڕۆنە بەردەم نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتوەکان و لە دادگاکانیش سکاڵا لەسەر ئەو بەرپرسانەی هەرێم تۆماربکەن، کە تۆمەتبارن بە دەستگیرکردن و شەهیدکردنی هاوڵاتییان. 
لەم ڕوەوە دەتوانن کاری گەوەرەو کاریگەر بکەن و بەرپرسیارێتی نیشتیمانی و نەتەوەیی و مرۆیی ئێوەیە، دونیای دەرەوە لە ترسناکی ئەم دەسەڵاتەی هەرێم ئاگادار بکەنەوە.
دوا پەیاممان بۆ هانیشتیمانیانی کوردستانە، بەڕێزان، ئەم دەسەڵاتە بێ دەربەستە مەترسیدارەی هەرێم سودیان لە بێدەنگی ئێوە وەرگرتوە، با خۆمان بخەینە شوێنی منداڵ و خێزان و کەسوکاری زیندانییانی بادینان و هەولێر، با خۆمان بخەینە شوێنی کەسوکاری شەهیدەکان، ئایا چ ئازارو چ هەست و چ ژینێکمان دەبێ؟ ئایا تاکەی ئێمە لە ئاست ستەمی ئەم دەسەڵاتەدا نەبینە هاوئازارو هاوخەم و هاوخەباتی یەکتر؟ تا کەی سەرکزی و بێ دەنگی هەڵبژێرین؟  دڵنیابن بە بەردەوامبونی ئەم دۆخە، ئایندەیەکی مەترسیدار چاوەڕێی هەموومان دەکات.

هـ.هـ