کەژەکە: کاتی ئەوەیە تێکۆشانی کوردستانی ئازاد و ڕێبەرێتی ئازاد بگەیەنین بە سەرکەوتن

کۆردیناسیۆنی کەژەکە بۆ ئەو چالاکییە مێژووییەی لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ ئەنجام دەدرێت، پەیامی نارد و دەڵێت: "کاتی ئەوەیە تێکۆشانی ناکۆتای گەلەکەمان و شەهیدانمان بۆ کوردستانی ئازاد و ڕێبەرێتی ئازاد بگەیەنین بە سەرکەوتن".

پەیامی کەژەکە

لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا چالاکییەکی مەزن ئەنجامدرا، کۆردیناسیۆنی کەژەکە پەیامێکی نووسراوی بۆ چالاکییە مێژووییەکە نارد.

پەیامی کەژەکە وەهایە:

"گەلی وڵاتپارێزمان؛ بە هەستی شۆڕشگێڕییەوە و لەدڵەوە سڵاوتان لێ دەکەین. بەڵێن دەدەین تێکۆشانی ئازادی بە سەرکەوتن تاجدار بکەین. دیسانەوە دەمانەوێت پێتان بڵێین، سەربەرز و سەرفرازین کە ڕۆڵەی ئەم گەلەین. ڕۆڵەی ئەم گەلەین کە سەر بۆ ستەم نەوی ناکات، شەڕ دەکات و جوان دەبێت، پێداگری لەسەر ئازادی دەکات.

گەلی هێژامان، پلانی چۆکدادان لە سەدەی ٢١ بۆ شکاندنی تێکۆشانی ئازادی گەلەکەمان و تەواوکردنی قڕکردنی کورد داڕێژرا. ئەم پلانە سەرەتا لە ئیمراڵی جێبەجێکرا. سیستەمی قڕکردنی ئیمراڵی وەک سیستەمی قڕکردنی گەلی کورد بە پێداگرییەوە بەڕێوەدەبرێت. چونکە ڕێبەرێتی نوێنەرایەتی دامەزراوەیەکی ئایدۆلۆژی و سیاسی و پاشەڕۆژ و هەبوونی گەلی کورد دەکات. دەوڵەتی تورکیش بۆ ئەوەی گەلی کورد بە سیاسەتی نکۆڵی_پاکتاو و پەراوێزخستن قڕبکات، سەرەتا هێرشی کردە سەر ڕێبەرێتی ئەم گەلە. لە مێژووشدا هەر وای کردووە، ڕێبەر و پێشەنگانی گەلیان تەسفیە کردووە.

ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئەوەی گەلی کورد لەم چارەنووسە ڕزگار بکات، بە بنیاتنانی دامەزراوەی ڕێبەرێتی ئازاد ویستی گەلی کورد لە قڕکردن ڕزگار بکات، بۆ ئەمەش بەرخۆدانێکی بێ وێنەی پێشخست.

ڕێبەر ئاپۆ بەم بەرخۆدانە شکستی بەو هێزە پیلانگێڕانە هێنا کە بڕیاری تەسفیەکردنی تەڤگەرەکەمان و گەلەکەمانیان دا، بە پارادایمی نەتەوەیەکی دیموکراتیک و کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک گەلی کوردی کردە هێزێکی ستراتیژی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا. پێویستە زۆر باش تێبگەین کە ڕێبەر ئاپۆ چۆن دژی سیستەمی قڕکردنی ئیمراڵی بەرخۆدانی کرد و ئەو گەلەی لە چنگی قڕکردندا بوون کردە هێزێکی لەشکست نەهاتوو. بەهۆی ئەم بەرخۆدانەی ڕێبەر ئاپۆ، ڕژێمی فاشیستی دەوڵەتی تورک لە ماوەی ٨ ساڵی ڕابردوودا بەردەوام بووە لە سەپاندنی گۆشەگیریی توند بەسەر ڕێبەرێتیمان. دەوڵەتی تورک دەیەوێت گەلەکەمان بێ ڕێبەر بهێڵێت و بە بێ ستاتۆیی گەلەکەمان بەردەوامی پێ بدات. لێرەوە جارێکی تر ڕایدەگەیەنین، وەک ژن و گەل نزیکین لەو ڕۆژەی کە سیستەمی قڕکردنی ئیمراڵی دەشکێنین. دیسانەوە ڕایدەگەیەنین، لە کەسێتی ڕێبەر ئاپۆدا، ئەم جارە ڕێبەرێتی گەلی کورد ئەنجام دیاری دەکات و سەردەکەوێت.

گەلی هێژامان؛ لەسایەی بەشداربوونتان لە هەڵمەتی "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، ستاتۆ بۆ کوردستان" لەسایەی تێکۆشانتان و لەسایەی بەرخۆدانی قارەمانانەی گەریلا، دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامدرا و زانیاریمان دەربارەی تەندرووستی ڕێبەر ئاپۆ وەرگرت. وەک تەڤگەری ئازادیی ژن و گەل سڵاوی ڕێبەر ئاپۆمان پێگەیشت. دووپاتی دەکەینەوە، بەشێوەیەکی سەرکەوتوو وەڵامی ئەم سڵاوە دەدەینەوە و ئەم سڵاوە دەکەینە پاساوی دیدار لەگەڵ رێبەری ئازاد.

سڵاوی ڕێبەریتی بانگەشەی سەرکەوتنی تێکۆشانی ئازادیی ژنان بەهێزتر دەکات، بێگومان سڵاوی ڕێبەرێتی مۆراڵ و ئیرادەی تێکۆشانی زیاتر کردووە. بەڵام بیرمان نەچێت، ڕێبەر ئاپۆ گوتی: "گۆشەگیری بەردەوامە"، پێویستە بزانین کە گۆشەگیری بە دیداری بنەماڵە کۆتایی نەهاتووە و سیستەمی قڕکردن بەردەوامە. ڕژێمی فاشیستی تورک، بۆ ئەوەی تێکۆشان دژی گۆشەگیری سست بکات و بەئاسانی هۆکاری نوێ بۆ هێرشی قڕكردن بدۆزێتەوە، شەڕی تایبەت دەکات. لە پرۆسەی سەرلەنوێ دیزاینکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوین، ڕێگریکردن لە پێکهاتنی ستاتۆی گەلی کورد، سیاسەتی سەرەکی دەوڵەتی تورکە لەم قۆناغەدا. کاتێک دەوڵەتی تورک زانی بە سەرباز ناتوانێت ئەم سیاسەتە بە ئەنجام بگەیەنێت، پەنای بردە بەر شەڕی تایبەت. ئامانجی دەوڵەت ئەوەیە، گەلی کورد لەگەڵ گەلانی هەرێمەکە بکەوێتە ناکۆکییەوە و شەڕ بکات و ببێتە لایەنێکی شەڕ. بە گوتنی وەک پرۆسەی چارەسەریش تێکۆشان سست بکات و گەل لە تێکۆشان دووربخاتەوە. بێجگە لە فێڵێکی قێزەونی نوێ، نەشتەرگەری لەبیربردنەوە و مێشک شۆردنەوە، هیچ پێشکەوتنێک لەئارا نییە. چارەسەرێک لە ئارا نییە، ئەوەی دەیانەوێت چەمکی ڕادەستکردنە. لە ڕێگەی دەستبەسەراگرتنی شارەوانییەکانەوە نیشانیاندا کە ئیرادەی گەل قبووڵ ناکەن و درێژە بە سیاسەتی قڕکردن دەدەن.

سەرەڕای پشتگیری نێونەتەوەیی و هەرێمی، سەرەڕای تەکنەلۆژیاکەیان کە شانازی پێ دەکەن، سەرەڕای چەکی کیمیایی و هەموو جۆرە هێرشێکی قڕکردن، لە بەرامبەر تێکۆشانی تەڤگەری ئازادیی کوردستان بێچارە ماونەتەوە. تەنانەت لە خاڵی شکان و دۆڕاندان. وا دیارە تێدەگەن کە شکست دەهێنن، بۆیە ڕوو لە فێڵ و تەڵەکە دەکەن.

تاکە ڕێگەی لەناوبردنی ڕادەستبوون، شکاندنی گۆشەگیری ئیمراڵی و بەدیهێنانی هەلومەرجی خەباتی ئازادی ڕێبەرێطییە. بێجگە لەمە پرۆسەی چارەسەر و تێکۆشان نابێت. تاکە موخاتەبی چارەسەر لەسەر ناوی کورد، ڕێبەر ئاپۆیە. بەرخۆدانی گەلەکەمان و هەڵمەتی ئازادی، موخاتەبی دەستنیشان کرد. ئازادی گەلی کورد بە مەزنکردنی تێکۆشان و بەرزکردنەوەی بەرخۆدان دێتەدی. ئێوە هاوڕێی ڕێبەر ئاپۆن، ئەو لەگەڵ ئێوە هەنگاوی نا و لەگەڵ ئێوە دەستی بە ژیانێکی نوێ کرد. ئەمە واتای بەدەستهێنانی ئیرادەی پۆڵایینە، واتای هۆشیاری حەقیقەت و بەدەستهێنانی ئازادییە. باوەڕمان وایە بە ئیرادەتان و بە ڕاستی ئازادی خۆتان تێکۆشان دژی گۆشەگیری و چەمکی تەسفیە بە سەرکەوتویی بەڕێوەدەبەن.

وەک تەڤگەری ئازادیی ژنانی کوردستان (کەژەکە) دووپاتی دەکەینەوە بێجگە لە مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەرمان هیچ بڕیار و نزیکایەتی و هەڵوێستێک قبووڵ ناکەین.

ئێمە دەڵێین کاتی هاتووە ئەم ڕێپێوانی ئازادییە بە شکاندنی گۆشەگیری ئیمراڵی و دیداری ڕێبەرێتی ئازاد تاجدار بکەین.

کاتی هاتووە ئەم ڕێپێوانە بە بەدیهێنانی حەسرەتی هەزاران ساڵەی گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵات و باشوور بگەیەنینە ئامانج.

کاتی ئەوەیە تێکۆشانی ناکۆتای گەلەکەمان و شەهیدانمان بۆ کوردستانی ئازاد و ڕێبەرێتی ئازاد بگەیەنین بە سەرکەوتن.

بۆیە مێژوو لە هەمووکات زیاتر ، تێکۆشان و خەبات و ڕێکخستن و چالاکی و پێشەنگی لە ئێمە دەخوازێت. بە خۆشەویستی و دڵسۆزییەوە لە کانگای دڵەوە سڵاوتان لێ دەکەین، باوەڕمان وایە ئەو بەهای هەبوون و تێکۆشانەی تا ئێستە بە فیداکارییەکی مەزنەوە بەڕێوەتان بردووە، فراوانتری دەکەن.

بژی ڕێبەر ئاپۆ

بژی تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد

ژن ژیان ئازادی

شەهید نامرن".