بە دیمەن

کەنەکە: ناسنامەی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان کوردستانییە

شاندێکی کەنەکە سەردانی کەسایەتییەکانی کەرکوکی کرد و جەختیان لە کوردستانی بوونی شارەکە کردەوە، هەروەها مەترسییەکانی پرۆسەی سەرژمێرییان تاوتوێ کرد.

ئەمڕۆ شەممە، لە سەنتەری رۆشنبیری کەرکوک، شاندێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان "کەنەکە" و ژمارەیەک لە کەسایەتی سیاسی شاری سلێمانی سەرادنی شاری کەرکوکیان کرد و لەگەڵ ژمارەیەک گروپ و رێکخراو و کەسایەتی سیاسی، رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی کەرکوک، بە مەبەستی راوێژکردن و گفتوگۆ دەربارەی دۆخی ئیستای ناوچە دابڕێندراوەکان (ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان) و بەتایبەتی پرۆسەی سەرژمێری کۆبوونەوە، هەروەها داوایان لە کوردانی ناوچە دابڕێندراوەکان کرد، بۆ کەمکردنەوەی مەترسی سەر کوردستانی بوونی کەرکوک و ناوچەکانی دیکە، بۆ ئەنجامدانی سەرژمێریی بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان ناوی خۆیان تۆمار بکەن.

لەگەڵ کەنەکە پرسی سەرژمێریمان تاوتوێ کرد

سەبارەت بە سەردانەکەی کەنەکە بۆلای لایەن و کەسایەتییەکانی کەرکوک، مەلا فەرمان محەمەد سیاسەتمەدار و کەسایەتی دیاری شاری کەرکوک بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن دوا و گوتی: "ئەمڕۆ لەسەر پێشنیاری کۆنگرەی نەتەوەی کورد "کەنەکە" لەگەڵ کۆمەڵێک کەسایەتی سیاسی شاری سلێمانی سەردانی کەرکوکمان کرد و لەگەڵ کەسایەتییە سیاسییەکانی شاری کەرکوک، ڕێکخراوی کەرکوک بۆ هەمووان و ئەنجومەنی کوردی کەرکوک کۆبووینەوە بۆ تاوتوێ کردنی پرسێکی زۆر گرنگ و هەستیار کە پرسی سەرژمێرییە لە شاری کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەریمی کوردستان".

"لە پرسە نەتەوەییەکان کەنەکە هەمیشە خەمخۆری کەرکوک بووە"

هەروەها مەلا فەرمان ووتیشی: "ئێمەش لێرەوە وەکو نوێنەری خەڵکی کەرکوک سوپاسی هەڵوێستی (کەنەکە) دەکەین کە هاوخەممانن لە پرسە نەتەوەییەکانی ئەم شارەو لە هەموو کاتەکاندا بەدەنگی خەڵکی ئەم شارەوە هاتوون. لیرەوە پەیامێکی هەموو هاووڵاتییەکی کوردی کەرکوک دەکەین کە پێویستە هەموومان لەم پرۆسەی سەرژمێرییە تاوەکو مافی کورد نەفەوتێت، ئامادەبوون لە پرۆسەی سەرژمێری کارێکی حیزبی نییە کە دەنگ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان یان ئەنجومەن بێت بەڵکو ئەمە دەنگدانە بۆ گەڕانەوەی مافە بۆ کوردانی ئەم شارە".

"ناسنامەی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان کوردستانییە"

لەلای خۆیەوە، شێرکۆ حەمەئەمین ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) ، لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا سەبارەت بە سەردانەکەیان بۆ شاری کەرکوک و تاوتوێ کردنی پرسێکی چارەنووسسازی وەکو سەرژمێری کەرکوک، بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکاریمان کرد دەربارەی پرسێکی گرنگ کە ئەویش پرسی کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانە، ئەم ناوچانەش ناوچەی کوردستانن، سەڕەڕای ئەوەی کە سەرجەم رژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق هەوڵی گۆڕێنی دیموگرافیای ئەم ناوچەیەیان داوە، هەرچەندە پێکهاتەو و نەتەوە و ئاینی جیاواز لەم ناوچەیە بوونی هەیە بەڵام بێ گومان وەکو ناسنامە کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکانی کوردستانین".

"ترسێک هەیە کە سەرژمێری بکرێتە جێگرەوەی مادەی ١٤٠ی دەستور"

ئەو ئەندامەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ووتیشی: "ناوچە دابڕێندراوەکان "ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەریمی کوردستان" تەنها کێشەی سەرژمێری نیە بەڵکو چەندین کێشەی هەیە لەنێوانیاندا مەترسی سەر خوێندنی کوردی، بەحکومی نەبوونی متمانە ئەزانین کە هەموو سەرژمێرییەک ڕەهەندێکی سیاسی تێدایە، بەتایبەتی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان کە خراونەتە چوارچێوەی مادەی ١٤٠ جل کە هیچ لە قۆناغەکانی جێبەجێ نەکراوە، بۆیە ترسێک هەیە کە سەرژمێری بکرێتە جێگرەوەی مادەی ١٤٠ ی دەستوور. 

پێویستە دەسەڵاتی کوردی لەوە زیاتر کەمتەرخەمی نەکات بەرامبەر کەرکوک

لە کۆتایی قسەکانیدا شێرکۆ حەمە ئەمین ڕایگەیاند: "پێویستە دەسەڵاتی کوردی لە باشور زیاتر کار بۆ ئەوە بکەن کە ئەم سەرژمێرییە بۆ ڕەهەندی سیاسی بەکارنەیات، نەبێتە هۆکاری یەکلایی کردنەوەی پرسی داگیرکرکردنی زەوی کوردان لەلایەن عەرەبی هاوردەوە، بۆیە گرنگە کە دەسەڵاتی کوردی لەوە زیاتر کەمتەرخەمی بەرامبەر ئەم ناوچانە نەنوێت و بتوانین قازانجی خەڵکی ڕەسەنی شاری کەرکوک و ناوچەدابڕێندراوەکان بابەتەکە یەکلایی بکەینەوە".

"تاوەکو ناسنامەی کوردستان بوونی کەرکوک لەدەست نەدەین"

هەروەها هیوا حەسەن چالاکوان و کەسایەتی دیاری شاری کەرکوک، سەبارەت بە سەردانەکەی کەنەکە و تاوتوێ کردنی دۆخی کەرکوک، بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) ووتی: "ئەمڕۆ بەسەرپەرشتی کەنەکە بەئامادەبوونی دەستەبژێرێک لە کەسایەتی سیاسەتمەدار،رۆشنبیر، چالاکوان و کەسایەتی کۆمەڵایەتی شاری کەرکوک کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا، لە کۆنوونەوەکەدا باس لە مەترسییەکانی سەرژمێری کرا، تاوتوێی هەموو مەترسییەکانمان کرد و پەیاممان ئاڕاستەی ئەو خەڵکەی کەرکوک کرد کە لە دەرەوەی کەرکوک نیشتەجێن بگەڕینەوە و ناوی خۆیان تۆمار بکەن، ئەم سەرژمێرییە دەستێکی سیاسی هەرێمی لەپشتەوەیە بۆیە گرنگە کوردانی کەرکوک بگەڕینەوە شارەکە تاوەکو ناسنامەی کوردستانیبوونی کەرکوک لەدەست نەدەین". 

"عەرەبێکی زۆری هاوردە هێنراوە بۆ کەرکوک"

لە کۆتایی قسەکانیدا هیوا حەسەن باسی لە مەترسیی پرۆسەی بەعەرەب کردنی شاری کەرکوک و ئاشکرای کرد: "گەورەتری مەترسی لەم سەرژمێرییە ئەوەیە کە عەرەبێکی هاوردەی زۆر لە خوارووی عێراقەوە هێنراوەتە کەرکوک بۆ ئەوەی لەسەر کەرکوک هەژماربکرێن نابێت ئێمەی کەرکوکی ڕێگە بدەین کە عەرەبێکی خەڵکی بەسرا و ناوچەکانی دیکەی خوارووی عێراق ناوی خۆی لەسەر کەرکوک تۆماربکات لەکاتێکدا کوردێکی کەرکوک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بێت و نەیاتەوە شارەکەی خۆی ناوی تۆماربکات، بۆیە پەیامێکی کوردانە و کەرکوکیانە ئاڕاستەی ئەو هاووڵاتییە کەرکوکیانەی دەرەوەی کەرکوک دەکەین کە بگەڕێنەوە".