لە ئێران سزای لەسێدارەدان بەسەر ١٠ کەسدا سەپێنرا

ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند ئێران سزای لەسێدارەدانی سەپاندووە بەسەر ١٠ بەشداربووی شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی".

ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (AMNESTY) بە ڕاگەیاندراوێک دووپاتی کردەوە، ئێران بەشێوەیەکی نادادپەروەرانەی سزای لەسێدارەدانی سەپاندووە بەسەر ١٠ هاوڵاتیدا بە ناوەکانی فازڵ بەهرامیان، مەنووچێهر مێهماننەواز، مێهران بەهرامیان، میلاد ئارموون، عەلی ڕەزا کەفایی، ئەمیرمحەممەد خۆش ئێقباڵ، نەوید نەجاڕان، حوسێن نعمەتی، عەلی ڕەزا بەرمەرزپوورناک و مێهران عەبدوڵڵازادە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا دووپاتکراوەتەوە هەر ١٠ کەسەکە بەشداربوون لە شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" و بە تۆمەتی جۆراوجۆری وەک "کوشتنی بە ئەنقەست" دادگایی کراون، هەندێکیان بۆ دانپیانانی زۆرەملێ، ئەشکەنجەدراون.