ڕۆژنامەنووسان خاوەندارێتیان لە هەڤاڵەکانیان کرد: بێدەنگ نابین

ڕۆژنامەنووسان بۆ شەرمەزارکردنی زیندانیکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی بەهۆی ئەنجامدانی چالاکی دژی شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسان نازم داشتان و جیهان بیلگین زیندانی کراون، لەبەردەم دادگای ئیستەنبوڵ کۆبوونەوە و پەیامیاندا "ڕۆژنامەنووسان هەردەم ڕاستی دەپارێزن".

لە ئیستەنبوڵ ٧ ڕۆژنامەنووس بە پاساوی بەشداربوون لە ڕاگەیاندراوێک لە گۆڕەپانی شیشخانەی بیۆغلو بۆ ڕۆژنامەنووسان جیهان بیلگین و نازم داشتان کە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا شەهیدکران، زیندانی کران. ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس بۆ شەرمەزارکردنی زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسەکان لەبەردەم دادگای چاگلایان کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیان بەست.

یەک لە ڕۆژنامەنووسە ئازادکراوەکان، زەینەب کورای ڕایگەیاند ڕۆژنامەنووسەکان بەشێوەیەکی نایاسایی دەستبەسەرکراون، گوتی: "هێرشیان کردە سەرمان و دەستیان کەلەپچە کردین. چەند کاتژمێر لەنێو ئۆتۆمبیل ماینەوە. لە بنکەی پۆلیس سوکایەتییان پێ کردین. یاسای دوژمنیان بەرامبەر ئێمە بەکارهێنا".

خەباتکاری ڕۆژنامەی یەنی یاشام، مەحسون ساگلام بە گوتنی "گرنگ یادکردنەوەی جیهان و نازم بوو" دەستی بە قسەکانی کرد و گوتی: "ڕاستی دەپارێزین و بەردەوام دەبین".

چالاکییەکە بە درووشمی "نازم و جیهان نامرن" و "ڕاگەیاندنی ئازاد بێدەنگ ناکرێت" و "بێدەنگ مەبن، نۆرەی ئێوەش دێت" کۆتایی هات.