لە بازل بۆ شەهیدانی پاریس چالاکی ئەنجامدرا: پێویستە فەرەنسا دەستی لەم پیسییە پاک بکاتەوە

ئەندامی تەژەکە_ئە سۆزدار سیدار ڕایگەیاند هێرشەکەی دژی ساکینە جانسز هێرشێکی سیاسی بوو، گوتی: "دەڵێن ئەو کەسەی ئەڤینی شەهیدکرد دژی پەنابەرەکان بوو. فەرەنسا ناتوانێت بەم شێوەیە دەستی پیسی خۆی پاک بکاتەوە".

بۆ ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە ئەڤین گۆیی (ئەمینە کارا)، عەبدولڕەحمان کزل و هونەرمەند میر پەروەر (محەمەد شیرین ئایدن) کە لە ٢٣ی کانونی یەکەمدا لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا شەهیدکران، لە شاری بازلی سویسرا لە ناوەندی کۆمەڵگەی دیموکراتی کورد ( دەم-کورد) مەراسیمێکی یادکردنەوە بەڕێوەچوو.

مەراسیمەکە بە پێشەنگایەتی کۆمەڵەی بنەماڵەی شەهیدان (کۆماو) و یەکێتی ژنانی کوردی سویسرا (یەژەکە_سە) ئەنجامدرا، بنەماڵە ئەڤین گۆیی و هاوسەرۆکانی کۆنسەی کوردانی دیموکراتیکی سویسرا و زۆر کەس بەشداربوون.

پاش خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدان، لەسەر ناوی کۆماو موستەفا کاراهان قسەی کرد، شەهیدکردنی نازم داشتان و جیهان بیلگینی بیرهێنایەوە و ڕایگەیاند دەوڵەتی تورک نایەوێت ڕاستییەکان دەربکەون بۆیە شەڕڤانانی ئازادی شەهید دەکەن، گوتی: " سەرەتا سارا و ڕۆژبین و ڕۆناهییان کردە ئامانج. دوای دە ساڵ جارێکی تر ئەڤین و میر پەروەر و عەبدولڕەحمانیان لە پاریس شەهید کرد. ناتوانن بە کۆمەڵکوژی هێرش وا بکەن کورد سەر نەوی بکات. خاوەندارێتی لە شەهیدانمان ئەرکی هەموومانە. ئاڵای تێکۆشانیان هەڵدەگرین و بەرزتری دەکەینەوە".

خوارزای ئەڤین گۆیی سونا کارا، ڕایگەیاند شەهید ئەڤین ٦٠ هەمین شەهیدی بنەماڵەکەیان، تیشکی خستەسەر تێکۆشانی شەهید ئەڤین گوتی: "بکوژانی ئەوان هێشتا دادگایی نەکراون، درێژە بە تێکۆشانی شەهیدانمان دەدەین".

ئەندامی تەڤگەری ژنانی کوردی ئەوروپا (تەژەکە_ئە) سۆزدار سیدار تیشکی خستەسەر ڕۆڵ و تێکۆشان و کەسێتی شەهید سارا و شەهید ڕۆژبین و شەهید ڕوناهی و شەهید میر پەروەر و شەهید عەبدولڕەحمان، گوتی: "هێرشکردنە سەر ئەم هەڤاڵانە هێرشێک بوو بۆ سەر پارادایمی ئازادی ژنان. دەڵێن ئەو کەسەی ئەڤینی شەهیدکرد دژی پەنابەرەکان بووە. با باوەڕ بەم درۆیە ناکەین. فەرەنسا ناتوانێت بەم شێوەیە دەستی لەم پیسییە بشوات. هەڤاڵەکانمان بە ئەنقەست کرانە ئامانج و شەهیدکران. سارا و ئەڤین بە هەمان شێوە کرانە ئامانج. وڵاتانی ئەوروپا تەنانەت مافی مانەوەیان بە ئەڤین نەدا. یەکەمجار نەبوو کە ئەڤین پەنابەر بێت. لە ساڵانی نەوەدەکانەوە چەندین جار وەک پەنابەر ژیاوە. هەڤاڵ ئەڤین خوێندکاری سارایە. لە کوردستان شوێنێک نەماوە نەچووبێت. ژیانی هەموو شەهیدەکانمان پڕە لە وانە. زۆر شتیان لێ فێر دەبین. شەهیدان بە ژیانی خۆیان ڕێنیشاندەرمانن".

سۆزدار سیدار تیشکی خستەسەر شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسان نازم داشتان و جیهان بیلگین لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە، ڕایگەیاند دەوڵەتی تورک بە ئەنقەست ڕۆژنامەنووسان دەکاتە ئامانج، هێرشەکەی شەرمەزار کرد و گوتی: "ناتوانن بەم هێرشانە بگەنە ئامانجەکانتان. ئەم تەڤگەرە ٥٠ ساڵە کۆتایی نەهاتووە، بەم چەتانە کۆتایی نایەت".

پاشان ئەندامانی تەڤ_چاند هونەری خۆیان پێشکەش کرد، هونەرمەند کاوە ئورمیە، تیشکی خستەسەر ڕۆڵ و تێکۆشانی هونەرمەند میر پەروەر و ڕایگەیاند ئەو هونەرمەندی گەلەکەی بوو، گوتی: "شەهیدانمان بە ژیانی خۆیان بوونە نموونەی ئێمە، بژی شەهیدانی گەلەکەمان".

دواتر گوێ لە پەیامی خوشکی ئەڤین گۆیی گیرا و سیڤزیۆنێک دەربارەی شەهیدانی پاریس نیشاندرا.

چالاکوانانی یەژەکە_سە تابلۆیەکیان بە ناونیشانی "دادپەروەری" پێشکەش کرد.

یادەکە بە درووشمی "شەهید نامرن" و "ژن ژیان ئازادی" و "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا" کۆتایی هات.