لە زیندانی ئێوینی تاران دەنگی چەک دێت

لە زیندانی ئێوین لە شاری تارانی پایتەختی ئێران دەنگی چەک دێت.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەى لە سەر ئینتەرنێت بڵاو کراونەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەنگی تەقە لە زیندانی ئێوینەوە بیستراوە و دوکەڵ ئاسمانی زیندانەکەى داپۆشیوە.

لەزیندانەکەدا دەنگی تەقە و دوکەڵ و ئاگر بەرزدەبوویەوە، بەڵام هێشتا میدیا ڕەسمییەکان و دەسەڵاتدارانی رژێمی ئێران هیچ لێدوانێکیان نەداوە.

بەپێی ماڵپەری چالاکوانان بە ناوی "١٥٠٠تەسویر" هێزە تایبەتەکانی پۆلیس بە ماتۆڕسکیلێک ڕەوانەی زیندان کراون.

سەرچاوەیەک بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی وتوە، خێزانی بەندکراوەکان رۆیشتوون بۆ زیندان. هەر ئەو سەرچاوەیە وتیشی: "زیندانەکە ئاگری تێبەربووە و دوکەڵ سەر زیندانەکەى داپۆشیوە. ژمارەیەکی زۆر هێزی تایبەت ڕۆیشتوون بۆ زیندانەکە. هاوکات ئامبولانسیش براوە بۆ زیندانەکە".

ئەم زیندانە لەمێژە بەهۆی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤەوە لە ڕۆژەڤ و بەرنامەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤدایە. بەهۆی "پێشێلکاریی قورسی مافەکانی مرۆڤ" ساڵی ٢٠١٨ زیندانەکە خرایە لیستی ڕەشی ئەمریکاوە.

ڕێکخراوی هیومان رایتس وۆچ (HRW)، بەرپرسانی زیندانەکەى بە ئەشکەنجەدانی زیندانیان، دەستبەسەرکردن بۆ کاتی نادیار،  لێپرسینەوەی درێژخایەن و رێگریکردن لە چارەسەری تەندروستیی نەخۆشەکان تۆمەتبارکردووە.

ژ.ت