ڕەمزی کارتاڵ: مامەڵەی تورکیا بەرامبەر ڕۆژئاوا سەنگی مەحەکە

ڕەمزی کارتاڵ، هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەل روو لە دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە ڕایگەیاند: "هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا دەبێتە هۆی ئەوەی پڕۆسەکە لە تورکیا بێ کاریگەر بێت، مامەڵەی تورکیا بەرامبەر ڕۆژئاوا سەنگی مەحەکە."

ڕەمزی کارتاڵ، هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەل ڕایگەیاند "ساڵی ٢٠٢٥ بە پێشهاتە مێژووییەکانیەوە، دەتوانێت پێشهاتی گرنگ بۆ کورد بخوڵقێنێت"، داوای لە هەموو لایەک کرد کە پەرە بە تێکۆشانیان بدەن.

ڕەمزی کارتاڵ بە ئاماژەدان بەوەی کە هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا دەبێتە هۆی ئەوەی پرۆسەکە بێ کاریگەر بکات کە بە دەستپێشخەری ڕێبەر ئاپۆ لە تورکیا دەستی پێکردووە و وتی: "چۆنیەتی مامەڵەکردن لە گەڵ ڕۆژئاوا بۆ حکومەتی تورکیا وەک تاقیکردنەوە و سەنگی مەحەکە. تورکیا ئەگەر لە ناوخۆدا پرسی کورد چارەسەر بکات و لەگەڵ کورد لە سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئاشتیدا بێت، بە دڵنیاییەوە گەشە دەکات. بە ئاشتی کورد-تورک، شارستانیەتێکی ئاشتیخواز و دیموکراتیک دێتە ئاراوە و ئەمەش بە چارەسەرکردنی پرسی کورد بەدی دێت و پێشکەوتنی گەورە لە پەیوەندیی نیشتمانی و نێونەتەوەیی بەدوای خۆیدا دێنێت."

هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەل بەمشێوەیە وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی دایەوە.

کۆبوونەوەی شاندی دەم پارتی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ و ئەو کۆبوونەوانەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان ئەنجامیان داوە و ئەو پەیامانەی راگەیەندراون چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

هەبوونی ڕێبەر ئاپۆ لە ناوەندی ئەم پرۆسەیەدا لە ڕووی جددییەتی پرۆسەکەوە پێگەیەکی چارەنووسسازی دەبێت. هەرچەندە چارەسەری پرسی کورد لە لایەن حکوومەتی ئاکەپە – مەهەپە باسی لەسەر ناکرێت، بەڵام وردە وردە لە لایەن زۆربەی لایەنەکانەوە باسی لێدەکرێت. باس لە ڕەوتێکی نوێ دەکرێت و هەبوونی ڕێبەر ئاپۆ لە ناوەندی ئەم پرۆسەیەدا پێگەیەکی گرنگ و چارەنووسساز دەبێت. لەم ڕووەوە زۆر گرنگە لایەنە سیاسییەکان بە تایبەتی سەرۆکی پەرلەمان و لایەنە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆنەکان لە چوارچێوەی پەیامەکانی ڕێبە ئاپۆ و هەروەها بەشداریی ئەو لایەنانە لە پرۆسەکە و قبوڵکردنی بەرپرسیارێتی لە چوارچێوەی ڕۆانگەکانی ڕێبەر ئاپۆدا ئاگادار بکرێنەوە.

گەلی کورد و دۆستانی بە گومان و پارێزەوە سەیری پرۆسەکە دەکەن و کێشەکە بێمتمانەییە، ئێوە ئەم دۆخە چۆن دەبینن؟

لێرەدا پرسێکی زۆر بنەڕەتی هەیە؛ لە سەرچاوەی پرسی کورددا نکۆڵیکردن لە بوونی گەلی کورد و سەپاندنی سیاسەتی وێرانکاری بەرامبەر بە داواکارییە یاساییەکانی گەلی کورد هەیە. بێمتمانەیی گەلی کورد لە سیاسەتەکانی حکومەت سەرچاوە دەگرێت. لەم ڕووەوە بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی رووداوەکانی ڕابردوو، پێویستە ڕای گشتی دڵنیا بکرێتەوە. پێویستە هەموو بیروڕای گشتی تورکیا و بەتایبەت گەلی کورد و بێگومان کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دڵنیا بکرێنەوە. پێویستە ڕێباز و لێداوانی دڵنیاکەر نیشان بدرێت. بەتایبەت دەبێت لێدوانی چارەسەر و کاریگەر لە پێشکەوتنی پرۆسەکەدا بدرێت.

مەبەستت لە ڕێبازێکی دڵنیاکەرەوە چییە، پێویستە چ هەنگاوێک لەو بارەیەوە بنرێت؟

بێگومان ڕۆڵی سەرۆکی پارتێک کە نوێنەرایەتی سیستەمی سیاسی تاک حزبی حکومەت دەکات، لە پڕۆسەکەدا گرنگ و مانادارە. بەڵام تا ئێستا هەڵوێستی ئەردۆغان لەسەر ئەم پرسە ڕوون نەبووەتەوە. لە پرۆسەکەدا لێدوانی ڕوون و یەکلاکەرەوە و کاریگەر و بەرپرسیارانە نەدراوە. لە پەیامەکەدا بە ڕێبەر ئاپۆ دەڵێن: "ڕێکخستن هەڵبوەشێنێتەوە، مافی هیوای پێببەخشێت و با بێت لە پەرلەمان قسە بکات." ئەم ڕێبازە زۆر هەڵوێستێکی دوور لە جدییەتە و دوورە لە واقیع و قورسایی پرسی کوردە. پرسی کورد پرسی ئازادی گەلی کوردە؛ پرسی ماف، یاسا و دادپەروەرییە. چارەسەری ئەم کێشەیە، مسۆگەرکردنی ماف و داخوازی یاسایی گەلی کوردە لە چوارچێوەی دەستووردا. ڕێباز و ڕوانگەی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی پرسەکە یارمەتیدەر دەبێت.

بەتایبەت ڕاگەیاندنەکانی نزیک لە حکومەت بەردەوام لێدوانی نەرێنی بەرامبەر بەر پرۆسەکە دەدەن. لەسەر ئەم دۆخە وتەی ئێوە چییە؟

بە تایبەتی لێدوانی ڕاگەیاندن و میدیاکانی سەر بەلایەنی دەسەڵاتدار زۆر نەرێنییە. لێدوانێکیان هەیە کە گومان دەکرێت پرۆسەکە تووشی کێشە بکەن. لێدوانی سووکایەتیکردن، هێرشبەرانە و بە تیرۆریست نیشاندان بەکاردەهێنرێت. ئەم دۆخە پەیوەندی بە نزیکبوونەوەی حکومەتی ئاکەپەوە هەیە. هۆکاری لێدوانی میدیاکانیان پەیوەندی بە ڕێبازی لایەنی دەسەڵاتەوە هەیە. ئەم هەڵوێستە دڵنیایی لێناکەوێتەوە و هەڵوێستێکی نەرێنیە بەرامبەر بە پرۆسەکە. ئەگەر تۆن و شێوازێک بەبنەما بگرێت کە هەم دڵنیاکەرەوە بێت و هەم گونجاو بێت بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد، پرۆسەکە دەتوانێت زۆر کاریگەرتر بڕواتە پێشەوە. چارەسەرکردنی ئەم پرسە، لە دۆخێکدا کە جەنگی جیهانی سێیەم لە پەرەسەندندایە، دەتوانێت پێشکەوتنی گەورە بۆ گەلانی تورکیا و داهاتوویان بهێنێتە ئاراوە. چارەسەرکردنی ئەم ڕوانگەیە و متمانەدان و ئومێد بە ڕای گشتی تورکیا لەسەر ئەو بنەمایە زۆر کاریگەر دەبێت لە پێشکەوتنی پرۆسەکەدا.

لە بارودۆخی ئێستادا دۆخێکی دیاریکراو ڕوون نەبووەتەو، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پەیامانەی کە دراون، ئەو هەنگاوەی دەسەڵات بیگرێتەبەر چییە؟

پێش هەموو شتێک چۆنیەتی مامەڵەکردنی لە گەڵ ڕێبەر ئاپۆ پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە جددیەتی چارەسەری پرسی کوردەوە هەیە. لە لایەک کە گۆشەگیری لە ئیمرالی بەردەوامە، دیدارەکانی ڕێبەر ئاپۆ لەگەڵ گەل، ڕای گشتی و بزووتنەوە بۆ پەرەپێدانی کاریگەرانەی پرۆسەکە سنووردار دەکرێن و ڕێگەی پێنادرێت وەکوو خۆی ڕەوڵ بگێڕێت، ئەمە جێگای تێڕامانە. بۆیە دەبێت دەستبەجێ گۆشەگیری هەڵبگیرێت و مەرجی کۆبوونەوەکان فەراهم بکرێت. ئەمە زۆر گرنگە. لەم پرۆسەیەدا فاکتەری یەکلاکەرەوە سەرۆککۆمار ئەردۆغانە. لەبەر ئەوەی لە پرۆسەی یاسایی و دەستووردا پێگەیەکی یەکلاکەرەوەی هەیە.

لەسەر ئاستی پەرلەمان، پەرەپێدانی کاریگەرانەی کارەکان لە چوارچێوەی یاسایی و دەستووری، دامەزراندنی کۆمیسیۆنێک بۆ ئەو مەبەستە، و ئامادەکردنی نەخشەڕێگایەک، ڕێبازێکە کە بەشداریی زۆربەی لایەنەکان لە پرۆسەکەدا مسۆگەر دەکات. تا پرۆسەکە بەشداریکردنی زیاتر گەشە بکات، متمانەی زیاتر دروست دەکات. بەشداریی کەسانی ئەکادیمی، ڕۆشنبیر و ڕاگەیاندنەکان لەم پرۆسەیەدا زۆر هیوابەخش دەبێت. پرسی کورد تەنیا پرسی کورد نییە، بەڵکوو پرسی تورکیایە. ئەمە پرسێکە کە دەست وپێی تورکیای گرتووە. سیاسەتەکانی نکۆڵیکردن و لەناوبردنی گەلی کورد هەم زیانی بە گەلی کورد و هەم گەلی تورکیا گەیاندووە.

پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ ئەوەی ڕوانگەیەکی ئەرێنی بۆ پرۆسەکە نیشان بدەن، دەتوانن چی بکەن؟

ئاماژەمان بەوەکرد کە پێویستە ڕۆشنبیران و کۆمەڵگەی مەدەنی بەشداری پرۆسەکە بن، بەڵام هەنگاوی یەکەم لە پەرلەمانەوە دەست پێدەکات. پێویستە لایەنە سیاسییەکان ئەو پرسە بخەنە ڕۆژەڤی پەرلەمانەوە، هەروەها کاری پێویست لەسەر پرۆسەی یاسایی و دەستوور دەست پێ بکەن. لە پڕۆسەی پێشوودا لە پەرلەمان هەنگاو نرا، بەڵام گەشەی نەکرد. لەو ماوەیەدا ئەو شاندانەی سەردانی ئیمرالیان دەکرد ڕووبەڕووی دادگا بوونەوە. بۆ ئەوەی ڕووداوە هاوشێوەکان دووبارە نەبنەوە و متمانە بخوڵقێندرێت، هەنگاوی یەکەم پێویستە لە پەرلەمانەوە بنرێت و لایەنە سیاسییەکان تێدا ڕۆڵیان هەبێت. لەو بارەوە لەلایەن ڕێبەر ئاپۆەو پەیام هەیە. بانگەوازی لە پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن و هەموو لایەنەکان دەکەم: چارەسەرکردنی پرسی کورد بە واتای دەستپێکردنی پڕۆژەی دیموکراتیک کردنی تورکیایە.

واتە چارەسەرکردنی پرسی کورد بە واتای کردنەوەی ڕێگا بۆ داخوازییەکانی یەکسانی، ئازادی و دیموکراسییە بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای تورکیا کە لە پرسەکانی ماف، دادپەروەری، دیموکراسی و یەکسانی ڕووبەڕووی بەربەست بوونەتەوە. بەم پێیە "تورکیای دیموکراتیک چۆنە؟" چ جۆرە دەستورێکە؟ چ جۆرە یەکسانییەکە؟ چ جۆرە تێگەیشتنێک لە ماف و دادپەروەرییە؟ لەسەر چ جۆرە تێگەیشتنێکی کۆمەڵایەتی دیموکراتیک دادەمەزرێت؟ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە جەنگی جیهانی سێیەم لە ئارادایە، پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکی ڕێبەر ئاپۆ چۆن وەڵامی ئەو کێشانە دەداتەوە کە لەسەر بنەمای یەک ئایین و یەک نەتەوە سەریان هەڵداوە؟" بۆیە پێویستە ئەوان پێشەنگ بن لە چارەسەرکردنی پرسی کورد و دەست پێبکەن.

نوێ دەکرێتەوە...