تەڤگەری گەنجانی شۆڕشگێڕ و یەکێتی ژنانی گەنج دەربارەی هێرشی چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ڕاگەیاندراویان دا. تەڤگەری گەنجان بانگەوازیان لە گەنجان کرد سەفەربەر بن.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە دەکەن شەڕی جیهانیی سێیەم بە شێوازی قڕکردن لە ڕۆژهەڵاتی ناوین تا دێت فراوان دەبێت و شەڕەکان لە جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوین دەقەومێن، کاریگەری لە تەواوی سوریا دەکات، ئەمەش مایەی ئاڵۆزی و مەترسییە بۆ گەلانی هەرێمەکە، دەڵێن: "لەبەرامبەر ئەم شەڕەدا، تاکە چارەسەر پشت بەستنە بە هێزە جەوهەرییەکانی خۆمان. وەک دەزانرێت چەتەکان لە ٢٧ ی تشرینی دووەم بە پشتگیری دەوڵەتی داگیرکەر و فاشیست دەستیان بە هێرش کرد. بۆیە وەک گەنجان و ژنان پێویستە بۆ هەموو شەڕ و پێکدادانێک ئامادە بین و بتوانین دژی ئەم شەڕانە پێشەنگایەتی بەرخۆدان بکەین".
بە ڕۆحی شەهید ئاسیا و ڕۆژگەر بەرخۆدان دەکەین
هەروەها جەخت دەکەنەوە بۆ پاراستنی گەل و خاکەکەیان ئامادەن و دەڵێت: "لەسەر بناغەی ئەو ئایدۆلۆژیا و باوەڕ و هێزەی لە ڕێبەر ئاپۆ وەرمان گرتووە و بەو ڕۆحە فیداییەی لە شەهید ئاسیا و شەهید ڕۆژگەر وەرمان گرتووە، دژی ئەم هێرشە قێزەونانە بەرخۆدان دەکەین و تێدەکۆشین. لەسەر ئام بناغەیە بانگەواز لە هەموو گەنجان دەکەین، سەفەربەربن و بەشداری ڕیزەکانی هێزەکانی خۆپاراستن بکەن".
سەفەربەر بن و شۆڕشی گەل سەربخەن
ئاماژە بەوە دەکەن پێویستە گەنجانی تەواوی گەل و پێکهاتەکانی هەرێمەکە پشتگیری هێزەکانی خۆپاراستن لە بەرەکانی شەڕ بکەن و وڵاتەکەیان بپارێزن، دەڵێت: "پێویستە هەموو گەنجێکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، وەک شەڕڤانێکی ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ ببینێت و بەرپرسیار بێت؛ چونکە خۆپاراستن ئەرکێکی هەرە سرووشتییە. پێشتر بە پێشەنگایەتی گەنجان و ژنان شۆڕشی ڕۆژئاوامان بەدەستهێنا. بە دینامیزمی گەنجان و فیکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ، چەتەکانی داعش شکێنران و هێرشەکانی داگیرکاری دەوڵەتی داگیرکەری تورک تێکشکان. ئێستە کاتی زیندووکردنەوەی ڕۆحی شۆڕشە. لەم قۆناغە مێژووییەدا، بە ڕۆحی ١٩ ی تەمموز خۆمان سەفەربەر دەکەین و شۆڕشی گەلان سەردەخەین.
لەسەر ئەم بناغەیە بانگەواز لە تەواوی ژنانی گەنجان و گەنجانی ئاپۆیی دەکەین:
وەرن کۆتایی بەم شەڕە قێزەونەی ڕۆژهەڵاتی ناوین و هەموو جۆرە پلانە قێزەونەکان بهێنین.
وەرن ژیانێکی ئازاد و یەکسان و شکۆدار بۆ هەموو گەلانی بندەست بڕەخسێنین.
وەرن بەشداری جەنگی ئازادی بکەین و شەڕ بکەین، خاک و وڵاتەکەمان بپارێزین!".