سزای بەندکردن لە ماڵەوە بەسەر ئۆزلەم گورسەس سەپێنرا

ڕۆژنامەنووس ئۆزلەم گورسەس کە بەهۆی بڵاوکردنەوەی گرتەڤیدیۆیەک لە یوتیوب دەستبەسەرکرا، بڕیاری بەندکردن لە ماڵەوەی بەسەردا سەپێنرا.

ڕۆژنامەنووس ئۆزلەم گورسەس کە لە چوارچێوەی لێپرسینەوەی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی کۆماری ئیستەنبوڵ دەستبەسەرکرابوو، بڕیاری بەندکردن لە ماڵەوەی بەسەردا سەپێنرا.

ڕۆژنامەنووس ئۆزلەم گورسەس لەبەر وتەکانی لە کەناڵی یوتوبەکەی بە ناوی (TV OZ) کە گوتبووی " وەک دەبینن، پێکهاتەی داعش، واتە پێکهاتەی سوپای تورکیا_سوپای نەتەوەیی سوریا، دەسکەوتی بچوکی بەدەستهێناوە لە ناوچە کوردییەکان"، لە ئەنقەرە دەستبەسەرکرا. ئۆزلەم هێنرایە ئیستەنبوڵ و پاش ئیفادە وەرگرتن لێی لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس، ڕەوانەی دادگای چاگلایانی ئیستەنبوڵ کرا. دادگا بڕیاری بەندکردن لە ماڵەوەی بەسەر ئۆزلەم گورسەس سەپاند.