لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بەبۆنەی ساڵیادی کۆمەڵکوژی ٢٤ی کانونی یەکەمی مەرەش، کۆمەڵکوژی ٢٨ی کانونی یەکەمی رۆبۆسکی، کۆمەڵکوژی ١٩ی کانونی یەکەمی زیندانەکان، لە ناوەندی کۆمەڵەی دیموکراتیکی کورد یادکردنەوە و پانێلێک سازکرا.
لە یادەکەدا کە ژمارەیەکی زۆر تیایدا بەشداربوون، بەڵگەفیلمێک لەسەر کۆمەڵکوژییەکان لە کوردستان نمایش کرا و دواتر دەست بە پانێلەکە کرا.
سەرۆکی دامەزرێنەری فیدراسیۆنی عەلەویەکانی بەریتانیا ئیسرافیل ئەربیل، نوێنەری فیدراسیۆنی کۆمەڵەکانی مەرەش لە ئەوروپا سەلمان ئۆکمەن و لە رێگەی سکایپیشەوە وتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوە پەیەدە ساڵح موسلیم بەشداری پانێلەکە بوون.
لە پانێلەکەدا سەلمان ئۆکمەن داوای کرد کە پێویستە کۆمەڵکوژی مەرەش لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی بە فەرمی بناسرێت و بۆ بەرەنگاربوونوەی کۆمەڵکوژییەکان لە کوردستان باسی لە گرنگی یەکڕیزی و بەرخودان کرد.
لای خۆیەوە ساڵح موسلیم هێرشە قڕکارییەکانی سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریای هەڵسەنگاند و ئاماژەی بە بەردەوامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک کرد و ئەوەی خستەڕوو کە دۆخی کۆبانێ هەستیارە و وتی، "کۆبانێ هێمایەکی نێونەتەوەییە، بۆ پاراستنی مەدەنییەکان لە هەرێمەکە دەبێت پشتیوانی نێونەتەوەیی زیاتر بکرێت." ساڵح موسلیم ئەوەشی خستەڕوو کە لە ٢٠١٨دا زیاتر لە ١٢٠ هەزار کەس ناچاربوون لە عەفرین کۆچبەر بن و رایگەیاند، کە هەڕەشە لەسەر کوردانی عەلەوی هەیە.
موسلیم باسی لەوەشکرد کە ئەو گروپانەی ناوی سوپای نەتەوەیی سوریایان لە خۆیان ناوە پاشماوەی داعشن و بە تاڵان و کۆمەڵکوژی بەناوبانگن. ساڵح موسلیم ئەوەشی خستەڕوو، کە "گەلی کۆبانێ ئامادەیە خۆی بپارێزێت" و داوای زیاتر کردنی پشتیوانییەکانی کرد.
هەر لە پانێلەکەدا ئیسرافیل ئەربیل باسی لەوەکرد کە کۆمەڵکوژیەکانی مەرەش و رۆبۆسکی درێژکراوەی سیستمی دڕندانەی قۆناغێکی مێژوون و وتی، "بۆ ئەوەی جارێکی دیکە کۆمەڵکوژییەکانی وەک مەرەش و رۆبۆسکی روونەدەن، زیاتر لە هەموو کات پێویستیمان بە یەکڕیزیی و تێکۆشانە".
لە پانێلەکەدا ئاماژە بەوەشدرا کە کە ئیسلامی سیاسی بۆ رەوایەتیدان بە کۆمەڵکوژییەکان وەک ئامرازێک بەکاردەهێندرێت.
چالاکییەکان بە پەیام لەسەر یەکێتی و پشتیوانی کۆتایی هات.