شەوی ڕابردوو لە پەراوێزی خولی ٥١ـی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی دەرەوەی ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی لە ئەستەنبوڵ، ئەنجومەنی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی بە ئامادەبوونی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبوونەوەی نائاسایی خۆی ئەنجامدا، لە کۆبوونەوەکەدا هێرشی وڵاتی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ئیدانە كرا.
لەسەر داواکاری فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق درەنگانی شەوی ڕابردوو، ئەنجومەنی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی، بە مەبەستی ئیدانەكردنی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، کۆبوونەوەی نائاسایی خۆی ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوەکەدا بە ڕاگەیەندراوێك، كە لە ١١ خاڵ پێكهاتبوو بڵاوكرایەوە، كە گرنگترینیان ئەمانەن:
یەكەم- ئەنجومەنی کۆمکاری عەرەبی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران سەرکۆنە دەکات، کە بەپێی ڕێکكەوتنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان خاوەنی سەروەرییە، چونكە ئەو هەنگاوە ئاسایش و سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخاتە مەترسیەوە.
دووەم- داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی وڵاتانی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکەین، کە بە ڕۆڵی خۆیان هەستن و وڵاتی ئیسرائیل ڕابگرن لە دەستدرێژی بۆسەر وڵاتێکی خاوەن سەروەری.
سێیەم- داوای پاراستنی ئاسایشی دەریاوانی، سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خاڵیکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چەکی ئەتۆمی دەكەین.
هاوكات، ڕۆژی ١٣ـی ئەم مانگە ئیسرائیل لە ڕێگەی دەیان مووشەک و فڕۆکەی جەنگییەوە هێرشی كردە سەر ئێران، پێگە سەربازی و ئەتۆمییەکانی لە سەرتاسەری ئێران کردە ئامانج و لە ئەنجامدا زیاد لە ١٠ بەرپرسی باڵای ئەمنی و سەربازیی و زانای ئەتۆمی ئەو وڵاتە كوژران.
جێگای ئاماژەیە، لە وەڵامی هێرشەكانی ئیسرائیل سوپای پاسداران ئۆپەراسیۆنی “بەڵێنی ڕاستی٣”ـیان ڕاگەیاند و لە ڕێگەی زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی دەیان شوێنیان لە ئیسرائیل کردە ئامانج.