'دەبینە شوێنکەوتووی نازم و جیهان'

ناوەندی راگەیاندنی فیدراسیۆنی کەمئەندامانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا سەبارەت بە شەهید کردنی ڕۆژنامەنووسان جیهان بیلگین و نازم داشتان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند؛ "پێنووس و کامێرای شەهیدان نازم و جیهان لەسەر زەوی بەجێ ناهێڵین."

ناوەندی فیدراسیۆنی کەمئەندامانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا سەبارەت بە شەهید کردنی ڕۆژنامەنووسان جیهان بیلگین و نازم داشتان کە لە هێرشێکی ئاسمانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیادا شەهید بوون، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.

لەبەیاننامەکەدا هاتووە؛ "لە ١٩ی کانونی یەکەمدا هەواڵی شەهیدبوونی دوو هەڤاڵی بەنرخمان بیست بەو هەواڵە زۆر خەمگین بووین ئەوان ڕۆژنامەوان بوون و کاری خۆیان ئەنجام دەدا. بەداخەوە هەردوو هەڤاڵی ڕۆژنامەنووسمان لە هێرشێکی دڕندانەی دەوڵەتی فاشیستی داگیرکەری تورکدا شەهید بوون.

هەڤاڵان نازم داشتان و جیهان بیلگین بوێرانە و فیداییانە چووبوونە بەرەکانی شەڕ و دڕندەیی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لەسەر خاکی ڕۆژئاوا و سوریایان دەخستە بەر چاوی ڕای گشتی و جیهان. ئەوان هەوڵیان دەدا ڕاستییەکان ئاشکرا بکەن، قارەمانێتی فەرماندە و شەڕڤانانی یەپەژە و قەسەدە لە دژی هێرشی دڕندەکان بۆ ڕای گشتی بگوازنەوە.

بەڵام دەوڵەتی داگیرکەر و فاشیستی تورک کە لە ئاشکرا کردنی هەواڵ و زانیارییە ڕاستەکان دەترسێت، نازم و جیهانی کردە ئامانج و تیرۆریانی کرد.

دەوڵەتی فاشیست و داگیرکەری تورک بە درێژایی مێژووی ڕۆژنامەنووس و نووسەرانی ناڕازی و کورد دەکوژێت. هەرچەندە کوشتنی ڕۆژنامەنووسان لە یاساکانی شەڕ و نێونەتەوەییدا تاوانێکی گەورەیە، بەڵام دەوڵەتی داگیرکەر و بەڕبەڕی تورک هیچ سنوورێک ناناسێت، کاتێک باس لە کورد و کوردستان و یەکڕیزی گەلان دەکرێت دەوڵەتی تورک هێرشەکانی چڕ دەکاتەوە. چونکوو دەوڵەتی تورک بوونی کورد و کوردستان و پێکەوە ژیانی گەلان بە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر خۆی دەزانێت.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بە دڵنیاییەوە قەد بەو ئەنجامە ناگەن کە خەونی پێیەوە دەبینن. حەقیقەت قەد لە تاریکیدا نامێنێتەوە. گەلی کورد، ڕاگەیاندنی ئازاد، شوێنکەوتوانی ئاپێ مووسا، نازم و جیهانەکان هەرچییەک بێت لایەنی ڕاستی هەڵدەبژێرن.

وەک ڕۆژنامەنووسانی فیدراسیۆنی کەمئەندامانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەڵێن بە نازم داشتان و جیهان بیلگین دەدەین کە پێنووس و کامێراکانیان لەسەر زەوی بەجێ ناهێڵین. هەروەها لە سەر هێڵی شەهیدان گوربەتەلەیان، دەنیزان، نازم و جیهانان و دەیان هەڤاڵی ڕۆژنامەنووسمان کە لە ڕێگای حەقیقەتدا ژیانیان بەخشی، بە بەردەوام کردنی ڕێبازیان یادیان بەرز ڕادەگرین.

بەو بۆنەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی هەڤاڵانمان نازم داشتان و جیهان بیلگین و گەلەکەمان و ڕاگەیاندکارانی ئازاد و هەموو ئازادیخوازان دەکەین."